نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەدوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای رۆسنەفت و چەند پرسێکی دیکە، روونکردنەوەی دا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێککەوتن لەگەڵ رۆسنەفت لە سێ بواردا کراوە، پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و ژێرخانی ئابووریی و وزە، هەروەها رۆسنەفت نەوتی کوردستان دەکڕێت و دەیگوازێتەوە بۆ پاڵاوگەکانی ئەڵمانیا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، قەبارەی وەبەرهێنانی رۆسنەفت لە هەرێمی کوردستان سێ ملیار دۆلار دەبێت. گوتیشی “گرێبەستمان لەگەڵ رۆسنەفت کارێکی زۆر گەورەیە و وەبەرهێنانێکی گرنگە، گەڕانەوەی متمانەیە بۆ بازاڕەکانی کوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا یەکەمجارە نەوت دەفرۆشینە حکومەتێک”.
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند “بەپێی یاسای پەرلەمان هیچ کێشەیەکی یاساییمان لە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ رۆسنەفت نییە”.
سەبارەت بە رەخنەی هەندێک لایەن لە رێککەوتنەکە، نێچیرڤان بارزانی رەخنەی لەو لایەنانە گرت و گوتی “هەڵمەتێکی بێبنەمان کرایە سەر و هیچ مەجالێکیان نەداین تاوەکو بگەڕێینەوە روونکردنەوە بدەین”. دەشڵێت لە هەرێمی کوردستان هەوڵی سەرلێشێواندنی خەڵک دەدرێت، بەڵام ناتوانن فێڵ لە خەڵک بکەن و میللەت هۆشیارە.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە هەڵوێستی فراکسیۆنی یەکێتی کرد و بە هەنگاوێکی دروست ناوی بردم کە رایگەیاندوو چاوەڕێی روونکردنەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران دەکەن لەبارەی رێککەوتنەکە و دواتر هەڵوێستی خۆیان دەردەبڕن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەخنەی لە هەندێک لایەنیش گرت کە لەنێو حکومەتن بەڵام وەک ئۆپۆزیسۆن مامەڵە دەکەن و گوتی “دەبێ هەندێ حیزب خۆیان یەکلایی بکەنەوە و واز لە دووڕویی بێنن. ناکرێ پێیەکیان ئۆپۆزیسیۆن بن و پێیەکیشیان لەناو حکومەت بێ”.
لەبارەی گۆڕانکاری لە پاشەکەوتی موچە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی “لە قەیران دەرچین، گۆڕانکاری بەسەر مووچەدا دێت”. لەبارەی کەیسی داناگاز گوتی “دەزانین بابەتی داناگاز بەفیتی کێ کراوە و چۆن کراوە، هێشتا کەیسەکە یەکلانەبووەتەوە و بە ئەنجامەکەی گەشبینن”.
لەبارەی سەردانی بەغدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، هێشتا وادەیەک دیارینەکراوە بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکەن، بەڵام ئامادەن بچنە بەغدا و ئەولەویەت بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەیە لەگەڵ حکومەتی عێراق رێکبکەوێ، بەڵام بێمتمانەییەکی زۆر هەیە.