بارزانی: قابیلی قبوڵ نییە هێزێك سنوری كوردستان ببەزێنێت

0

نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حەشدی شەعبی بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هیچ لایەك جموجۆڵی لە باشوری شنگال دەستپێكرد و لە ئەنجامدا دۆخێكی ئاڵۆز خوڵقێندراوە و گوتی “بە هیچ شێوەیەك قابلی قبوڵ نییە هێزێك سنووری كوردستان ببەزێنێ و بیەوێت ئیرادەی خۆی فەرز بكات”.

کۆبوونەوەکە لەگەڵ شاندێکی سەربازی ئەمریکادا لە پیرمام بەڕێوەچوو، محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری پارتی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی و سیاسیی هەرێمی كوردستان ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.

ئەو گوتانەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی سەربازی ئەمریکادا کرد، کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 5-6-2017، لەگەڵ شاندەکە کۆبووەوە. شاندەکە لە جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێڵ، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا و جەنەڕاڵ تاونسێند، فەرماندەی گشتی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و سوریا و ژمارەیەك بەرپرس و راوێژكاری سوپا و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا پێکهاتبوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەكەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا ناوەڕۆكی نامەی وەزیری بەرگریی ئەمریكای بۆ بارزانی خستەڕوو كە تێیدا پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریكا دووپات كراوەتەوە و هەروەها وەزیری بەرگریی سوپاسی خۆی ئاراستەی بارزانی و هێزی پێشمەرگە كردووە بۆ سەركەوتنەكان لەدژی داعش و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق. 

بە پێی راگەیەندراوەکە “فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا، كە بەبێ پێشمەرگە و رۆڵی سەرۆك بارزانی و قوربانیدانی پێشمەرگە مەحاڵ بوو، كە لەدژی تیرۆریستانی داعش سەركەوتن بەدەست بهێنرێت. ئەوەیشی خستەڕوو، كە هێشتا ئاستەنگی زۆر لەبەردەم ئێمەیە و شەڕی تیرۆر ماوە، بۆیە پێویستیمان بە هەماهەنگی و هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە”.

لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جگە لە سوپاسکردنی ئەمریكا بۆ پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە، باسی لەوە کردووە، کە “بەر لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ، هەرێمی كوردستان داوایكرد پلانی سەربازیی و پلانی سیاسی و ئیداری بە یەكەوە هەبێ، چونكە پێشبینیی سەرهەڵدانی كێشەی تازە دەكرا، بەڵام جێگەی داخە، كە كار بۆ پلانی سیاسی و ئیداری قۆناغی دوای داعش نەكراوە”.

لەبارەی بارودۆخی رۆژئاوای موسڵ و باشوری شنگال، کە ئەم ماوەیە حەشدی شەعبی هێرشی بۆ سەر داعش ئەنجامدا و چەند شوێنێکی کۆنترۆڵکردەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا “ئەگەر ئامانجی جموجۆڵەكان شەڕی تیرۆریستانی داعش بێت كێشە نییە، بەڵام ئەگەر هەوڵ هەبێت بۆ پیادەكردنی ئەجێندای دیکە جگە لە شەڕی تیرۆر، ئەوە گرفتی گەورەتر سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی لەدەستچوونی دەستكەوت و سەركەوتنەكانی دژی تیرۆر”. 

بارزانی ئەوەیشی بە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە راگەیاند “بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە هێزێك سنوری كوردستان ببەزێنێ و بیەوێت ئیرادەی خۆی فەرز بكات”. جەختی لەوە كردەوە، كە خەریكە ئەو هۆكارانەی، كە بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش دووبارە دروست ببنەوە.

لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكان، بارزانی وێڕای نیشاندانی رەزامەندیی خۆی لە هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق، ئاماژەی بەوەدا، كە بەپێی رێككەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریكا و حكومەتی عێراق، بڕیار بوو، كە هەموو لایەك پابەندی ئەو خاڵانە بن، كە بۆیان دیاریكراوە، كە رێككەوتنیش لەسەر ئەوە كرابوو، كە پێشمەرگە و سوپا، هێزێكی هاوبەش پێكبهێنن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی باشوری شنگال و رۆژئاوای تەلەعفەر لە داعش، سوپای عێراق سەرقاڵی شەڕی موسڵ بوو و پێشمەرگەیش پابەندی رێككەوتنەكە بوو و بەهۆی رێككەوتنەكە جووڵەی نەكرد، لەم نێوەدا حەشد بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هیچ لایەك، جموجۆڵی لەو ناوچانە دەستپێكرد و لە ئەنجامدا دۆخێكی ئاڵۆز خوڵقێندراوە.

بارزانی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی “ئەم دۆخەیش سەلمێنەری ئەوەیە، كە نیگەرانییەكانمان لە نەبوونی رێككەوتنی سیاسی و ئیداری لەشوێن خۆی بووە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com