نوچەنێت-رووداو
بە سەرپەرشتی رایان كرۆكەر، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە عێراق، تیمی راسپێردراوی لێكۆڵینەوە لە داهاتووی عێراق، راپۆرتێكیان لەسەر داهاتووی عێراق و ئاسۆی پەیوەندییەكانی بەغدا و هەولێر و فراوانخوازی ئێران لە عێراق ئامادەكردووە. ئامانجی سەرەكی راپۆرتەكە سیاسەت، بەرژەوەندییەكان و ئەولەوییەتەكانی ئەمریكایە لە عێراق.
تیمی راسپێردراوی لێكۆڵینەوە لە داهاتووی عێراق (Task Force on the Future of Iraq) پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، بەشێكی راپۆرتەكەی بۆ تەرخانكراوە. لەم بەشەدا هاتووە “حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕوای وایە لەلایەن بەغداوە كراوە بە قوربانی و بەغداش پێیوایە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنێ”. تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە پێیانوایە بەردەوامبوونی ئەو پەیوەندییە ئاڵۆزە “نە لە بەرژەوەندی بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستان و نە لە بەرژەوەندی ئەمریكاشە”.
چاوەڕێ دەكرێ، لە پاییزی ئەمساڵدا گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت. سەبارەت بەم پرسە راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە “هیچ گومانی تێدا نییە زۆرینەی كوردی عێراق داوای (دامەزراندنی) دەوڵەتێكی سەربەخۆ دەكەن، بەڵام ناكۆكیی بەرچاو سەبارەت بە كات و چۆنێتی گەیشتن بە دەوڵەت لەنێوان كوردەكاندا هەیە”.
تیمە راسپێردراوەكە سەردانی هەولێر، سلێمانی و بەغدایان كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا كۆبوونەتەوە، ئەوان دەڵێن “هاوڕایی هەیە لەسەر ئەوەی پرۆسەكە دەبێ بە شێوازێك بێت، كوردستانی سەربەخۆ پەیوەندییەكی نزیكی لەگەڵ بەغدا هەبێ، بە تایبەتیش لە بواری ئابووری و ئەمنی”.
لەو سۆنگەیەشەوە، تیمەكە پێیوایە دەبێ دوو پڕۆسەی هاوكات هەبن، كە پرۆسەیەكی درێژخایەنە “بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی پەیوەندییان بە دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆوە هەیە، لەوانەش كێشەی سنوور، نەوت، چارەنووسی كەركوك و ناوچە كێشەلەسەرەكانی دیكە”. لە پاڵ ئەم پرۆسەیەدا پرۆسەیەكی كورتخایەنیش هەبێ، كە “فۆكەس دەخاتە سەر بەڕێوەبردنی كێشە هەنووكەییەكان، وەكوو دابەشكردنی داهاتی نەوت، هاوكاری ئەمنی لە دوای داعش، راگرتنی ئارامی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان”.
بەپێی راپۆرتەكە، لە چەند ساڵی رابردوودا بەغدا و هەولێر ژمارەیەك كۆمیتەی هاوبەشیان پێكهێناوە، كە هەندێكیان باشتر لەوانیتر كارەكانیان راپەڕاندووە، بەڵام هەردوو لایەن رایانگەیاندووە، كە ئامادەن “كۆمیتەی دانوستاندن لەبارەی جیابوونەوە دابمەزرێنن”. تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە پێیانوایە “پرسی دابەشكردنی داهات و ناوچە كێشەلەسەرەكان” دوو پرسن، كە دەبێ لە چوارچێوەی دانوستاندن و چارەسەری درێژخایەندا بیریان لێبكرێتەوە، بەڵام لەپاڵ ئەوانەدا دەبێ كۆمەڵێك هەنگاوی كورتخایەنیش بهاوێژرێ، بۆ ئەوەی رێ لە دەستپێكردنەوەی شەڕێكی دیكەی نێوخۆیی لە عێراق بگیرێ.
بەپێی راپۆرتەكە، هەوڵە كورتخایەنەكان دەبێ لەسەر ئەو ئامانجانە چڕبكرێنەوە، كە دەستدەكەون و رۆڵیان لە دروستكردنی متمانە لە نێوان بەغدا و هەولێردا هەیە، لەوانەش “رێككەوتنی ئەمنی هاوبەش لە نێوان هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، بۆ ئەوەی ناكۆكییە لۆكاڵییەكان قووڵ نەبنەوە”. راپۆرتەكە پێشنیازی ئەوەش دەكات، كە “بەغدا پشكێكی زیاتر لە چاودێریی دۆخی ئاوارەكان لە ئەستۆ بگرێ، كە زۆربەیان لە ناوچە كوردییەكانن”. جیا لەمەش “بەغدا و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانن لەسەر كشانەوەی هێزەكانیان لە ناوچەكانی كەمینەكان رێكبكەون”. واتە ئەو ناوچانەی دەیانەوێ ئۆتۆنۆمییەكی زیاتریان هەبێ و خۆیان ئاسایشی ناوچەكانیان بپارێزن.
هەنگاوێكی كورتخایەنی دیكەش ئەوەیە “بەغدا و حكومەتی هەرێم لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا هەماهەنگییان زیاتر بێ بۆ ئەوەی دەستكەوتی باشتریان هەبێ”.
تیمی راسپێردراو، لە درێژەی راپۆرتەكەیاندا، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە، كە ئایا ئەمریكا بۆ چارەسەری كێشە درێژخایەن و كورتخایەنەكان چی پێدەكرێ. بە بۆچوونی تیمەكە ئیدارەی ئەمریكی دەتوانێ ئەو هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژێ:
یەكەم: دەتوانێ بەهۆی هاوكارییەكانییەوە بەغدا و هەولێر بۆ هاوكاریكردنی یەكدی هانبدات، بۆ نموونە وەكوو پشتگیریكردنی پڕۆژە ژێرخانییە هاوبەشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ناوچە كێشەلەسەرەكان.
دووەم: دەتوانێ هانی هەردوولا بدات هەنگاوەكانیان لە ئیدارەكردنی قەیرانەوە بەرەو هەنگاوی بەرهەمدار بگۆڕن.
سێیەم: ئەمریكا و هاوپەیمانەكان، دەبێ هەوڵی زیندووكردنەوەی رێككەوتنی دابەشكردنی داهات لە نێوان بەغدا و هەولێر بدەن. ئەمریكا دەتوانێ هانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدات، بەهای هەناردە سەربەخۆكانی خۆی هەژمار بكات و لەگەڵ بەهای هەناردەكانی حكومەتی ناوەندی بەراوردیان بكات، بۆ ئەوەی بزانرێ حكومەتی هەرێم ئامادەیە هەتا چ ئاستێك سازش بكات.
راپۆرتەكە جەخت لەوەش دەكاتەوە كە “پارتە سیاسییە كوردییەكان دەبێ یەك لیستی داخوازی بۆ بەغدا دابڕێژن”.
راپۆرتەكە ئەوە دەخاتەڕوو، كە هەوڵە نێوبژیوانییەكانی ئەمریكا لە ئابی ساڵی رابردوو “ئاكامی بچووك، بەڵام بەرچاوی هەبوو، كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان و بەغدا لەسەر ئەوە رێككەوتن، كە بەرهەمهێنان لە سێ كێڵگەی كەركوك دەستپێبكەنەوە، داهاتەكەشی دابەش بكەن”.
تیمەكەی ئەنجومەنی ئەتڵانتیك پێیانوایە، عەبدولجەبار لعێبی، وەزیری نەوتی عێراق، بە حوكمی ئەوەی تێكنۆكراتە، دەتوانێ دەرفەتێك بێ بۆ ئەوەی دانوستاندنەكانی نێوان بەغدا و هەولێر بەرەو پێشتر بچێت. بە گوێرەی راپۆرتەكە “رەنگە چارەسەری كێشەكان وەها بخوازێ، دان بەو واقیعەدا بنێ، كە كوردستان بەردەوام دەبێ لە هەناردەكردنی سەربەخۆی نەوت، ئەمە لە رووی سیمبولیكەوە بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی كورد بۆ بەدەسهێنانی مافی بڕیاردانی چارەنووس گرنگە”.
لە كۆتایی ئەو بەشەی راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە، كە “ئیدارەكردنی كێشە كورت مەوداكان كاریگەری لەسەر چۆنێتی كۆتاییهاتنی پرۆسە درێژمەوداكان دەبێ”. راپۆرتەكە جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە، كە “بەشداری بەردەوامی ئەمریكا خاڵێكی جەوهەرییە، بەڵام لە كەیسی دابەشبوونی عێراقدا، پێویست ناكات ئەمریكا نە لە بەرژەوەندی و نە لەدژی سەربەخۆیی كوردستان هەڵوێستی هەبێ، بەڵكو ئەركی ئەمریكا ئەوەیە، لەو ئامانجانەی دوو لایەنەكە دایانناوە، لە هەر شوێنێك دەستەبەربوونی ئامانجەكە مومكین بوو، ئەمریكا یارمەتییان بدات”.
ئەولەویەتی سیاسەتی ئێستای ئیدارەی ئەمریكا لە عێراق، بریتییە لە تێكشاندنی داعش، لەبەر ئەوەی ئەو گروپە هەڕەشەی ئەمنی راستەوخۆی لەسەر ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی هەیە.
بەرپرسێكی باڵای حكومەتی عێراق بە تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكەی راگەیاندووە، كە ئەوەی ئەوان لە پەیامی ئیدارەی ئەمریكایان وەرگرتووە، ئەوەیە، كە “چاكسازی لەبیر بكەن و فۆكەس بخەنە سەر داعش”. بە گوێرەی راپۆرتەكە ئەم پەیامە ئاكامی پێچەوانەی بۆ تێكشاندنی داعش دەبێ.
بەبۆچوونی ئامادەكارانی راپۆرتەكە “چاكسازیی حوكمڕانی رۆڵێكی سەرەكی دەبێ لە تێكشاندنی داعش و ئەو گروپانەی دەكرێ دوای داعش دەربكەون”. لەبەرئەوەی گروپە توندئاژۆكان لەو جۆرە كۆمەڵگایانەدا سەرهەڵدەدەن، كە تێیاندا دامەزراوەكانی دەوڵەت وەكو سەركوتكەر، گەندەڵ، ناكارامە و نامەشروع دەبینرێن. بۆیەش راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە هەر چەشنە شكستێكی درێژخایەنی توندوتیژی لە عێراق دەبێ هاوشان بێ لەگەڵ چارەسەركردنی فەشەلی دەوڵەتی عێراق، لە بەدەستهێنانی متمانە و پشتگیریی دانیشتووانی عێراق”.
تیمە راسپێردراوەكەی ئەنجومەنی ئەتڵانتیك جەخت لەوەش دەكەنەوە، كە “عێراق بووە بە هۆكاری ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاڵوگۆڕەكانی ئەو وڵاتە كاریگەرییەكی بەرچاوی لەسەر وڵاتانی دەورووبەری عێراقیش هەیە”.
بەگوێرەی راپۆرتەكە، بوونی ئەو ناوچانەی، كە حكومەتیان لێ نییە، هەم قووڵاییەكی ستراتیژی بە گروپە چەكدارە توندئاژۆكان داوە و هەمیش عێراقی كردووە بە رێگەیەك بۆ ئەوەی داعش كەلوپەل و چەكداری پێدا بگوازێتەوە. چوونی میلیشیا شیعەكانی عێراق بۆ سوریاش (كە لەژێر چاودێریی ئێران بەڕێوەدەچێت) هێندەی دیكە قەیرانی سوریای قووڵتر كردووەتەوە. هەروەها ناسەقامگیری ئەمنی لە عێراق، رێگەی لە چالاكییە بازرگانییەكانی سەر سنوور و پێشەچوونی پڕۆژەكانی پەرەپێدان گرتووە.
فراوانخوازیی ئێرانە لە عێراق، یەكێك لەو خاڵانەی، كە ئامادەكارانی راپۆرتەكە بە نیگەرانییەوە باسی دەكەن. بەگوێرەی راپۆرتەكە، بەو حوكمەی عێراق دەكەوێتە نێوان سعودیە و ئێران، گۆڕانكارییەكانی عێراق، دەكرێ ئەگەری پێكدادانی نێوان ریاز و تاران زیاتر بكات.
راپۆرتەكە ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە فراوانبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران وای كردووە، باڵانسی دەسەڵات بەلای ئێراندا بشكێتەوە و ئێران بە گوڕوتینێكی زیاترەوە پشتگیری لە گروپە چەكدارە توندوتیژەكانی سەر بە خۆی لە ناوچەكەدا بكات.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی ئەتڵانتیك “ئێران وەكوو هێڵی یەكەمی بەرگریكردن لە خۆی سەیری عێراق دەكات، بۆیە سەرمایەیەكی زۆری خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی گەرەنتی پاراستنی دەسەڵاتی خۆی لەو وڵاتە بكات”.
راپۆرتەكە جەخت لەوە دەكاتەوە، كە ئامانجی ئێران لاوازكردنی سوپای عێراق، دەستخستنی قازانج لە ئابووریی عێراق و دروستكردنی كاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراقە. بە پێی راپۆرتەكەش “ئێران لە دەستەبەركردنی هەموو ئەو ئامانجانەدا سەركەوتوو بووە، بەهێزبوونی پێگەی ئێران لە عێراقیش وای كردووە، ئێران دەسەڵاتی خۆی بە شێوازێكی بەهێزتر لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بڵاوبكاتەوە”. بەپێی راپۆرتەكە “چالاكییەكانی ئێران، كە تێكدەری سەقامگیریی ناوچەكەن، زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگەیەنن”.
راپۆرتەكە پێشنیاز دەكات، ئیدارەی ئەمریكا پیشانی عێراقی بدات، كە ئەوان دەتوانن بە بەراورد لەگەڵ ئێران هاوپەیمانێكی باشتر بن بۆ عێراق، بۆ ئەوەش ئەمریكا دەتوانێ یارمەتی عێراق بدات “دەستی بە دارایی و پارەی جیهان رابگات، لە بواری ئابووریدا هاوكاریی تەكنیكی پێشكەش بكات، تەكنۆلۆژیا و لۆجیستیكی سەربازی و ئەمنیی عێراق پێشبخات”.
تیمەكەی ئەنجومەنی ئەتڵانتیك، رێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی 2008 لە نێوان ئەمریكا و عێراق بە ئامرازێكی باش دەزانێ، بۆ ئەوەی هاوكارییەكان لە هەموو بوارەكاندا بەرەو پێش ببردرێت.
زۆرینەی ئەو بەرپرسە عێراقییانەی تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە لەگەڵیان دانیشتوون، باسی ئەوەیان كردووە، كە بە چاوی خۆیان بینیویانە دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە 2011 چی بەسەر عێراق هاتووە، بۆیە بەرپرسانی عێراقی بە شیعە، سوننە، كورد و كەمینەكانی دیكەوە هیوایان خواستووە “ئەمریكا درێژە بە وجودی سەربازی و دیپلۆماتیكی خۆی لە عێراق بدات”.
راپۆرتەكە دەڵێت، بۆ تێكشكاندنی گروپە توندئاژۆكان پێویستە پشتگیری لە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی كارا، بەرپرسیار و مەشروع لە عێراق بكرێت. بۆ ئەوەش، راپۆرتەكە هەنگاوی كورتمەودا و درێژمەودا دیاری دەكات.
هەنگاوە كورتمەوداكان بریتین لە هاوكاریكردنی عێراق، بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان (كە بڕیارە لە ئەیلوولی 2017 بەڕێوەبچێت) و هەڵبژاردنی پەرلەمانی، كە چاوەڕێ دەكرێ لە نیسانی 2018 بكرێ. ئەو دوو هەڵبژاردنە یەكەم هەڵبژاردنەكانی عێراقی پاش داعش دەبن، بۆیە ئامادەكارانی راپۆرتەكە پێیانوایە، پێویستە هەڵبژاردنەكان بەجۆرێك بەڕێوەبچن كە “هەموو عێراقییەكان بە مەشروعی بزانن، بەڵكو ئەمە دەرفەتێك بێ، بۆ چارەسەركردنی ئەو ناكۆكیانەی لە نێوان جڤاكە جیاوازەكانی عێراقدا هەیە”.
راپۆرتەكە باسی سێ هۆكار دەكات، كە دەكرێ كێشەی گەورە بۆ مەشروعیەتی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دروستبكەن:
یەكەم: سەربەخۆیی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان
دووەم: لەوانەیە هێزەكانی حەشدی شەعبی رێگری لەوە بكەن خەڵك ئازادانە دەنگ بدەن.
سێیەم: دوور نییە ئاوارەكان نەتوانن لە هەڵبژاردنەكاندا بەشداری بكەن.
هەنگاوە درێژخایەنەكان، بەهێزكردنەوەی پەیوەندیی نێوان خەڵك و دەوڵەت، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، پەرەپێدانی شەفافییەت لە گرێبەستەكان، دانانی چاودێری لەسەر دارایی بەرپرسانی عێراقی، پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە پارێزگاكان لە رووی خۆبەڕێوەبەری و دابینكردنی ئاسایشی ناوچەكان لەخۆدەگرێت.
تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە جەخت لەوە دەكەنەوە، كە پێویستە ئەمریكا هانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدات، چاكسازی بكەن، لەبەرئەوەی “حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەدەست بەشێكی زۆر لەو كەموكوڕییە ئیدارییانەوە دەناڵێنێ، كە لە بەغدا دەبینرێ”.
راپۆرتەكە نایشارێتەوە، كە هەرێمی كوردستان بەهۆی ئاسایشەكەیەوە ژینگەیەكی لەبارترە بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەكان، بەڵام “رێنماییە ئیدارییەكان و گەندەڵی، كێشە بۆ وەبەرهێنانی بیانی و كارسازە نێوخۆییەكان دروستدەكەن”.
راپۆرتەكە ئاماژە بۆ قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستان، دواكەوتنی موچە و سیاسەتی دەست پێوەگرتنی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكات. لەو رووەوە دەڵێت، 1.8 ملیۆن ئاوارە گوشاریان لەسەر خزمەتگوزارییەكان لە هەرێمی كوردستان دروستكردووە، قەیرانی دارایی و هەوڵەكان بۆ كەمكردنەوەی خەرجییەكانی كەرتی گشتی 4000 پرۆژەی ژێرخانیی وەستاندووە.
سەبارەت بە سیاسەتی دەست پێوەگرتن و كەمكردنەوەی موچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە پێیانوایە، ئەو سیاسەتە زیانی بە گەشەی ئابووریی كوردستان و متمانەی جەماوەر بە حكومەت گەیاندووە. راپۆرتەكە ئەوەش دەخاتەڕوو، كە پێویستە كۆمەڵێك چاكسازیی دیكە لە هەیکەلی ئیداری و ئابووری هەرێمی كوردستاندا بكرێ، بۆ ئەوەی هەم متمانەی جەماوەر بە حكومەت بگەڕێتەوە و هەمیش گەشەی ئابووریی كوردستان بەرەو پێش بچێت.
تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە دەڵێن، چاكسازی لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك پێشكەوتنیشی بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەتیش بەهۆی هەڵگرتنی پشتیوانی دارایی، شەفافتركردنی كەرتی نەوت و كەرتی دارایی.
راپۆرتەكەی ئەنجومەنی ئەتڵانتیك، باس لە راپۆرت و نەخشەڕێگای بانكی جیهانی بۆ كوردستانیش دەكات. راپۆرتەكەی بانكی جیهانی، لە ژێر ناونیشانی (كوردستان 2020: روئیایەك بۆ داهاتوو) پێشنیاز دەكات، ئابوورییەكی فرەجۆر دامەزرێنێ، رێگرەكانی بەردەم پەرەپێدانی كەرتی تایبەت لابدات، پەرە بە بەرهەمهێنانی نێوخۆیی بدات، هێندە پشت بە هاوردەكردن نەبەستێت، پشتیوانی دارایی سەر كاڵا و خزمەتگوزارییەكان كەم بكاتەوە، بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و دامەزراندنی فەرمانبەران لە كەرتی گشتی كەم بكاتەوە (كە راپۆرتەكە وەكوو ئامرازی بەردەستی لایەنە سیاسییەكان بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی جەماوەر وەسفی دەكات).
تیمی ئامادەكاری راپۆرتەكە پێشنیاز دەكەن، ئەمریكا و هاوپەیمان لە پەیامەكانیاندا پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ راپۆرتەكەی بانكی جیهانی دەرببڕن، هاوكارییەكانیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانیش ببەستنەوە بە ئاستی جێبەجێكردنی ئەو چاكسازییانەی لە راپۆرتەكەی بانكی جیهانیدا نەخشەی بۆ دانراوە. بەم شێوازەش كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەلی ئەوەی لەبەردەست دەبێ، كە بەشێوەیەكی درێژخایەن یارمەتی سەقامگیركردنی ئابووری كوردستان و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەت و كۆمەڵگای كوردستان بدات”.