نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی لیژنەی چاکسازی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، کارەکانمان قۆناغێکی باشی بڕیوە و بەرەو پێشچونی باش هەیە لەسەر ئاستی گشت سێکتەرەکان و دەڵێت “هەنگاوەکان دڵخۆشکەرن”.
لیژنەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە پێکهێندرابوو بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە کەم و کورتی و گەندەڵییەکان و چۆنییەتی ئەنجامدانی چاکسازی لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، دوای ساڵێک لە کار کردن، رۆژی سێشەممە 14-02-2017 راپۆرتی یەکەمی خۆی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرزکردەوە، دواتر بۆ رای گشتی بڵاوکرایەوە، لەئێستاسدا لیژنەکە بەردەوامە لەکارەکانی بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی نوێ.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د.فرسەت سۆفی، ئهندام پەرلەمانی کوردستان له فراكسیۆنی پارتی، کە هاوکات ئەندامی لیژنەی چاکسازی حکومەته لەبارەی کاری پڕۆژە چاکسازییەکەیان، رایگەیاند: وێڕای بوونی بەربەست، لیژنەکان لە کارکردن بەردەوامن و کارەکانیشمان قۆناغێکی باشی بڕیوە، بەرەوپێشچوونی باش هەیە لەسەر ئاستی گشت سێکتەرەکان، هەروەها گۆڕانکاری و رێوشوێن گیراوەتەوبەر و ئەنجامیشی هەبووە.
فرسەت سۆفی لەبارەی کاتی راگەیاندنی راپۆرتی نوێی لیژنەکەیان گوتی “تائێستا کاتێکی دیاریکراومان دیاری نەکردووە بۆ بڵاوکردنەوەی راپۆرتی نوێ، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا خەڵکی کوردستان لە وەردەکارییەکان ئاگادار دەکەینەوە”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی چاکسازی حکومەت باسی لەوەشکرد، کە پڕۆسەیەکی وەها گەورە بەربەستی زۆری لەبەردەم دەبێت و دەشڵێت “هەموو شتێك وەکوو ئەوە ناڕوات، کە ئێمە دەیخوازین، بەتایبەتی لە بارودۆخێکی وەکو ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان، لەرووی سیاسی و ئابوورییەوە، کە دوخێکی نالەبار درووستبووە، ئەمەش لەخزمەتی باش بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەدا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوەکان دڵخۆشکەرن”.