نوچەنێت
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئوسامە نوجەیفی جێگری سەرۆككۆماری عێراق کۆبووەوە و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگی، پەیوەندی و راوێژی بەردەوام.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە 5ـ 6ـ2017، لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی باڵای حزبی (للعراق متحدون) كرد، كە پێكهاتبوو لە ئوسامە نوجەیفی، ئەمینداری حزب و جێگری سەرۆككۆماری عێراق و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی حزبی (للعراق متحدون).
بەگوێرەی هەواڵەکە، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی، ئەمنیی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستان لە موسڵ و قۆناغی دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا. هەر وەها رۆشناییش خرایە سەر ئاییندەی سیاسیی عێراق، هەڵبژاردنەكان، مەترسیی نەمانی تەوافوق و شەراكەت. هەروەها ئەو تەحەدیاتەی، كە لە قۆناغی داهاتوودا رووبەڕووی عێراق و ناوچەكە دەبنەوە.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگی، پەیوەندی و راوێژی بەردەوام لەبارەی پێشهاتە سیاسییەكان.