نوچەنێت- کەیهانی لەندەن
رۆژانە هەواڵی ئازادکردنەوەی بەشێک لە شاری موسل بڵاو دەبێتەوە، شارێک، کە ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش، وەک پایتختی حکومەتە ئیسلامیەکەی دەستنیشانی کردبوو.
کاتێک، کە هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە لایەک و سوپای عێراق و میلیشیا شیعەکانی بەستراوە بە کۆماری ئیسلامی لە لایەکی دیکەوە، گەمارۆی شارەکەیان دابوو، خەڵکی شایی و خۆشییان دەگێڕا، بەڵام تەمەنی ئەم شاییە زۆر درێژ نەبوو.
لە ئێستادا، کە داعش تەنها کۆنتڕۆڵی چەند گەڕەکێکی شاری موسڵی بە دەستەوەیە و بە پێێ سەرچاوە جیاوازەکان، بەغدادی تەنها کەمتر لە 10% شارەکەی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە، نیگەرانییەک باڵی بە سەر شارەکەدا کێشاوە. چوونی و پای عێراق، بە تایبەت میلیشیاکانی حەشدی شەبی بۆ هەندێک لە گەڕەک و ناوچەکانی موسل، ترس و دڵەڕاوکێی خستۆتە ناو دڵی خەڵکەکەیەوە.
داعشی سوننە، حەشدی شیعە
رۆژانە سەدان کەس لە دانیشتوانی موسل، پاشەکشەی چەکدارانی داعش دەقۆزنەوە و شارەکە بە جێ دهێڵن. بۆ خەڵکی سوننەی شارەکە، مانەوە لە موسڵی ئازادکراو بە رادەی ژێر دەستەییان لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی داعش مەترسیدارە. ئەو راپۆرت و بەسەرهاتانەی، کە لە توندوتیژی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەگیڕنەوە، هێزێک، کە لە لایەن سوپای قودس و قاسم سولەیمانییەوە پێکهاتووە و فەرماندەیی دەکرێ، جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەل ئەو رووداو و بەسەرهاتانە، کە لە لایەن داعشەوە بە سەر خەڵکەدا هاتووە، نییە.
ئەگەر بە گەیشتنی چەکدارانی داعش بۆ ناو موسل، کەسانی دەربازبوو باسیان لە ئەشکەنجە و ئازارەکانی داعش دەکرد، ئێستاش ئەو سوننەیانەی، کە دەربازبوونە، چیرۆک و بەسەرهاتی هاوشێوە دەگێڕنەوە، بەم جیاوازیە ئەم جارە ئەشکەنجەگەرەکان، شیعەن و دوازدە ئیمامی. رەفتار و هەڵسوکەوتی رزگاریدەرەکان لە گەڵ داگیرکاران هیچ جیاوازییەکی نییە.
ئەم دواییانە وێنەگرێکی عێراقی بە ناوی عەلی ئەردەکانی، کە وێڕای سەربازانی شیعە چوبووە ناوشاری موسڵەوە، بە گەنجینەیەک لە وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی هەڵاتووە و لە دەرەوە گیرساوەتەوە. لەم وێنە و فیلمانەدا، کە لە لایەن زۆریەک لە میدیا نێودەوڵەتییەکانەوە بڵاو بووەوە، دەبیندرێ، کە میلیشیا شیعەکان و سەربازان، کە خۆیان بە پاڵەوان و رزگارکەری شارەکە دەناسێنن، چۆناوچۆن دانیشتوانی سوننە دەدەنە بەر ئەشکەنجە و لە پێش چاوی کامێراش هیچ باکێکیان نییە.
وێنە سامناکەکان
ئارکادیلە گفتوگۆ لە گەڵ کریستیەن ئامانپور، لە کەناڵی سی.ئێن.ئێن دەڵێت: هیچ کام لەم وێنە و فیلمانەی بە نهێنی هەڵنەگرتووە، بەڵکوو تەنانەت بۆ تۆمارکردنی چرکەساتەکانی ئەشکەنجەدانی لاوانی سوننە لە لایەن ئەشکەنجەگەرانەوە هاندراوە. میلیشیا شیعەکان لە هەر دەرفەتێک بۆ پێکهێنانی ترس و دڵەڕاوکێ کەڵک وەردەگرن. ئەگەر وێنەگرێکی پڕۆفیشناڵ لە بەردەست نەبێت، بە مۆبایلە هۆشمەندەکانی خۆیان وێنە و فیلمی تاوانەکانی خۆیان هەڵدەگرنەوە و لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی دەکەنەوە.
داستانی ئاگرتێبەردانی گەنجێکی سوننە لە لایەن ئەبو ئیزرائیلەوە، یەکێک لە ترسناکترین تاوانبارانی ئەندام لە حەشدی شەعبی، کە بە دڕندەیی بەناوبانگە، لە لایەن خودی ئەندامەکانی ئەم گروپەوە لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە. کاتێک، کە داعش لە سوریا فڕۆکەوانێکی ئۆردۆنی لە قەفەس ئاگر تێبەردا، وێنەکانی جیهانی هەژاند. ئەبو ئیزرائیل، تا ئیستا دەیان کەسی بە تۆمەتی پاڵپشتیکردنی داعش، ئاگرتێبەرداوە.
بەڵام ئەبو ئیزرائیل تەنها چەکدارێکی حەشد نییە، کە ئەم جۆرە تاوانانەی ئەنجام دابێت. ام هنادی، ژنێکی تەمەن 39 ساڵان، کە فەرماندەیی هێزێکی 70 کەسی لە چەکدارانی حەشدی شەعبی لە دەورووبەری موسڵ دەکات، زۆر بە شانازی و بەو پەڕی بێ باکییەوە بەرامبەر بە کامێرای تەلەفزیۆنەکان دەڵێت: داعشیەکان، دوای ئەوە، کە دەستگیر دەکرێن لە قازانگ دەکوڵێنن. ئەم هەواڵە لە لایەن میدیاکانی ئێرانەوە بە جۆش و خرۆشێکی تایبەتیەوە نمایش کرد، گۆیا کردەویەکی دژە مرۆیی و سامناکی وەک کوڵاندنی سەری چەکدارێکی داعش لە قازانگ، یەکێک لەو شانازیانەیە، کە دەبێ لە مێژوودا تۆمار بکرێت.
تاوانەکانی حەشدی شەعبی و بی دەنگی رۆژئاوا
رێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و لایەنگرانی مافەکانی مرۆڤ، تاکوو ئێستا و بە شێوەی بەردەوام راپۆرتی تاوانەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبییان لە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش، بڵاو کردۆتەوە. ئەم راپۆرتانە ئەگەر چی لە عێراق ترس و تۆقاندنی بەدواوەیە، بەڵام لە ژێر ترسی رۆژئاوا لە داعش پەردەپۆش دەکرێن.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرنەشناڵ) لە راپۆرتێکدا، کە لە سەرەتاکانی پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسل بڵاو کرایەوە، سەربازان و هیزەکانی سوپای عێراقی بەوە تۆمەتبار کرد، کە شەش گەنجی سوننەی شارەکەیان لە گەرەکەکانی شورە و قیارە ئەشکەنجە داوە و گیانیان لێ ئەستاندوون. هەر لەم راپۆرتەدا ئاماژە بە سووتاندنی ریشی چەند پیاوێک دەکرێت، کە لە ژێر دەستی داعش رزگار کراون. گۆیا یەکێک لەو کەسانە، کە ریشی پیاوەکانی سووتاندووە، ئەبو ئیزرائیل بووە.
ئەمنێستی لە دووتوێی راپۆرتێکی دیکەدا، ئاماژەی بە سووکایەتی کردن بە پیاوە سوننەکان کردووە لە لایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە. راپۆرتەکە دەڵێت، ئەم پیاوانە، کە لە مەیدانی یەکێک لە گەرەکەکانی شاری موسڵ خرابوونەوە قەفەسەوە. بۆ ئەوەی رزگاریان بێت، دەبا لە سەر داوای یەکێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە دەنگی بەرز بیانگوتبا “من حەیوانم، من گوێدرێژم”…
بە پێی نەریتێک، کەم ئەم دواییانە لە کۆماری ئیسلامیش بۆتە باو، ئەم میلیشیایانە، کە لە لایەن سوپای قودسەوە مەشق و راهێنانیان پێدکرێ، لاوانە سوننە بە دەستبەستراوی لە شەقامەکان دەگێڕن و بە کێبڵی کارەبا فەلاقەیان دەکەن. ئەوان نە داعشین، نە هاوکاری داعشیان کردووە، تەنها تاوانیان ئەوەیە، کە بە شیعەی دوازدە ئیمامی باوەڕمەند نین.
روانگەی مافەکانی مرۆڤ، رێکخراوێکی دیکەی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ، چەند مانگ جارێک راپۆرتێک دەربارەی عێراق بڵاو دەکاتەوە. دوایین راپۆرتەکان باس لە تاوانەکانی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە ناوچە سوننە نشینەکانی ئەم وڵاتە دەکەن، بۆ وێنە ئاگرتێبەردانی ماڵی سوننەکان، کە گومان دەکرێت بە جۆرێک پەیوەندییان بە داعشەوە هەبوو. رێک هەمان ئەو تاوانانە وەبیر دەهێنێتەوە، کە 4 ساڵ بەر لە ئێستا داعش لە گەڵ شیعە و مەسیحی و ئێزیدییەکان ئەنجامی دا.
فاتیمە، کچێکی تەمەن 15 ساڵە، کە لە سەر شەقامەکانی سلێمانی کلێنکس دەفرۆشێ و پیشەی دەستفرۆشییە و هەوڵ دەدات پارووە نانێک بۆ خۆی و برا بچووکەکەی پەیدا بکات، دەڵێت، داعش باوکی کوشتووە و براکەشی لە لایەن حەشدی شەعبییەوە گیانی لێ ئەستێندراوە. فاتیمە لە کاتیکدا، کە فرمێسکەکانی دەسڕێتەوە، دەڵێت: شێرپەنجە، دایکی لێ ئەستاند و لە کاتێکدا باوک و براکەی قوربانای ئەو توندوتیژیانەن، کە لە ژیر ناو و بە ناوی ئایینەوە، لە لایەن ئەم گروپانەوە ئەنجام دەدرێن.
ژمارەی فاتیمەکان لە سەر شەقامەکانی سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کەم نین. ئەمانە، قوربانیانی لە بیرکراوی شەڕێک، کە جارێ کۆتایی بۆ نییە. داعشی سوننە پێدەچێت تاچەند هەفتەی دیکەی لە دوایین گەڕەکەکانی موسڵ دوور بخرێنەوە، بەڵام ئەگەر موعجیزەیەک روو نەدات، ئەم جارە شیعە، سێبەری قورسی خۆی دەخاتە سەر عێراق.