نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەیەنێت، هاتنی وڵاتە زلهێزەکانی وەکو روسیا و چەندین وڵاتی دیکە و بەرژەوەندی ئابووریان، بۆ هەرێمی کوردستان، کاریگەری زۆر گەورەی ئابوری و سیاسی دەبێت.
رۆژی هەینی 2-6-2017 له سان پترسبۆرگ له نێوان وهزارهتی سامانه سرووشتییهكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان و كۆمپانیای روسنهفتی روسیادا به ئامادهبوونی نێچیرڤان بارزانی، سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان و قوباد تاڵهبانی جێگری سهرۆكوهزیران واژۆ کرا، بەمەبەستی زیاتر بوژاندنەوەی سێکتەرەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لەبواری ئابووری و وەزە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د.فرسەت سۆفی، ئەندام پەرلەمانی پارتی دیموکرانی کوردستان و ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی گرێبەستەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیای روسنەفتی رووسی ریگەیاند: ئەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم هەنگاوێکی ئەرێنی و دڵخۆشکەرە، چونکە هاتنی وڵاتە زلهێزەکانی وەکو روسیا و چەندین وڵاتی دیکە و بەرژەوەندی ئابووریان، بۆ هەرێمی کوردستان، کاریگەری زۆر گەورەی ئابوری و سیاسی دەبێت.
فرسەت سۆفی روونیشیکردەوە، کە ئەم پەیوەندییەی هەرێم لەگەڵ وڵاتێکی وەکو روسیا، هاوسەنگ دەبێت لەگەڵ پەیوەندییە ئابووریەکانی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی دیکە، هیواشی خواست، ئەم جۆرە پەیوەندییانە لەگەڵ زۆر وڵاتی دیکە هەبێت، کە سود بە هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی باسی لەوەشکرد، کە رەنگە کاریگەرییەکان و ئەنجامەکانی زۆر خێرا نەبن، بەڵام لە ماوەیەکی مامناوەندیدا، گاریگەری و ئەنجامی ئەو پەیوەندی و گرێبەستانە لەسەر ئابووری هەرێم دەردەکەوێت”.
فرسەت سۆفی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە لەهەموو روویەکەوە ئایندەی ئابووری هەرێمی کوردستان روو لە داڕمان نابێت، بەڵکو بەرەو هەڵکشان دەڕوات و دەتوانرێت ئەم بارودۆخە خراپەی ئێستا تێپەڕێنین.