وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی عەسائیبی ئەهلی حەق دەداتەوە

0

نوچەنێت
گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی فەرماندەیەکی عەسائیبی ئەهلی حەقی نێو حەشدی شەعبی دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، ئامادەین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو هەڕەشە و كەڵەگایی و رەفتاری ناهەق و نابەجێی خەڵكانی دیکە. 

دوای ئەوەی بارزانی رایگەیاند “قبوڵ ناکەن هیچ هێزێک لە شنگال نزیکبێتەوە”. جەواد تەلیباوی، یەکێک لە فەرماندە دیارەکانی عەسائبی ئەهلی حەقی نێو حەشدی شەعبی کە ئەوکات لە سنووری قەزاکە ئۆپەراسیۆنیان دەکرد، بە زمانێکی زبر و هەڕەشەئامێزەوە رایگەیاند: ئەگەر بارزانی داوا لە ئەمریکا بکات هێرش بکاتە سەر ئێمە، ئەمەش هێرش دەکەینە سەر کوردستان.

لە راگەیێندراوەکەدا کە بەناوی گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئاماژە بە ناوەکەی نەکراوە، باس لەوە کراوە کە ئەو لێدوانە و لەهجەكەی، دوژمنكارانە و بێبنەمایە لەدژی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و، بۆنی هەڕەشە و فیتنەگێڕی و شەڕفرۆشی لێدێت. رەنگە ئەم هەڕەشەیە تەواوكاری هەڕەشە و قسە نابەجێكانی مالیكی بێت لەدژی گەلی كوردستان.

ئاماژە بەوەش کراوە، کە پێشمەرگە بە شمشێری كەس شەڕناكات، بەدرێژایی مێژووی خەباتیدا پێشمەرگە بێكەسترین هێز بووە و بۆ بەرگریكردن لە كوردستان هەمیشە پشتی بە ئیرادە و خوێنی خۆی و پاڵپشتیی گەلی كوردستان بەستووە. هەر بە خوێنی پێشمەرگەش ئەفسانەی داعش تێكشكا و خاكی كوردستان لە داگیركاریی تیرۆریستان ئازادكرا.

گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە جەختیکردووەتەوە، کە گەلی كوردستان تەعەدای لە كەس نەكردووە و تەعداش لە كەس قبوڵ ناكات و ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو هەڕەشە و كەڵەگایی و رەفتاری ناهەق و نابەجێی خەڵكی تر. هیواش دەخوازێت ئەمجۆرە دەنگانە تەمسیلی حەشد نەكەن و داوا لە عاقڵمەند و چاكەخوازانی شیعە دەكەین سنوورێك بۆ زێدڕۆیی و هەڕەشەكانی ئەو جۆرە كەس و تاقمانە دابنێن.

روونكردنەوەیەك لە گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان:

لە چەند رۆژی رابردوودا لێدوانێكی تەلیباوی كە فەرماندەیەكی چەكدارەكانی عەسائبی ئەهلی حەقی ناو حەشدی شەعبییە لە میدیاكان بڵاوبووەتەوە. ئەو لێدوانە و لەهجەكەی، دوژمنكارانە و بێ بنەمایە لەدژی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و بۆنی هەڕەشە و فیتنەگێڕی و شەڕفرۆشی لێدێت. 

رەنگە ئەم هەڕەشەیە تەواوكاری هەڕەشە و قسە نابەجێكانی مالیكی بێت لەدژی گەلی كوردستان. جێگەی داخە رۆژانە لێدوانی دوژمنكارانە و سەیر و سەمەرەی هاوشێوە لە دژی پێشمەرگە و كوردستان دەبیسرێت كە جێگەی سەرسوڕمانە. پرسیار ئەوەیە هەتا كەی فەرهەنگی گەفوگوڕ و قڕكردنی كورد دەبێ باڵادەست بێت؟

گەلی كوردستان شەڕی تیرۆری كرد و لەسایەی قوربانیدانی پێشمەرگە لەو شەڕە سەختەدا سەركەوت، بە خوێنی پێشمەرگە ئەفسانەی داعش تێكشكا و خاكی كوردستان لە داگیركاریی تیرۆریستان ئازاد كرا. پێشمەرگە بە شمشێری كەس شەڕ ناكات، بە درێژایی مێژووی خەباتیدا پێشمەرگە بێ كەسترین هێز بووە و بۆ بەرگریكردن لە كوردستان هەمیشە پشتی بە ئیرادە و خوێنی خۆی و پاڵپشتیی گەلی كوردستان بەستووە. ئەوە ئێوەن كە ئەگەر راوێژكار و هێزی بیانی و هەرێمایەتیتان لەگەڵدا نەبێت ناتوانن شەڕی یەك مەفرەزەی داعشیش بكەن. هەر ئێوەن موسڵتان تاڵان كردووە و پێشتر سەدان كەستان بێسەروشوێن كردووە و ڕێگەی تەعەداتان گرتووەتەبەر و هەموو لایەك ئاگاداری رەفتارەكانی ئێوەیە.

گەلی كوردستان تەعەدای لە كەس نەكردووە و تەعداش لە كەس قبوڵ ناكات و ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو هەڕەشە و كەڵەگایی و رەفتاری ناهەق و نابەجێی خەڵكی تر. هیوادارین ئەمجۆرە دەنگانە تەمسیلی حەشد نەكەن و داواش لە عاقڵمەند و چاكەخوازانی شیعە دەكەین سنوورێك بۆ زێدڕۆیی و هەڕەشەكانی ئەو جۆرە كەس و تاقمانە دابنێن.

گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان
3ـ 6ـ 2017

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com