نوچەنێت
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەکێتی روونکردنەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەدات لە هەولێر بۆ پیرۆزبایی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی و رایدەگەیەنێ “هەندێ لە هەڤاڵانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی کاردانەوەیان هەبوو لە کۆبوونەوە لە هەولێر و هەموویان پێیانخۆشبوو كاك مەسعود بێتە لای مام جەلال بۆ پیرۆزبایی”.
لە روونکردنەوەیەکەی مەلا بەختیار لە ژێر ناوی “بەدرۆخستنەوەی درۆیەكی تریش (رونكردنەوەیەك لەسەر بینینی بەرێز مەسعود بارزانی)”، سكرتێری رۆژنامەوانی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی رایگەیاند “لەهەموو یادێكی یەكێتیدا (تەنیا جارێكیان نەبێ لەسلێمانی كراوە) بارزانی و پارتی و سەرجەم حزبەكان و كۆنسوڵەكان و میوانانی پایتەختی كوردستان، لەیادی یەكێتیدا، هاتوونەتە ئاهەنگی یەكێتی، یان سەردانی بارەگای یەكێتییان كردووە”.
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەکێتی، هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە، کە ئەو و کۆسرەت رەسوڵ داوایانکردبێت لە هەولێر یادی یەکێتی بکرێتەوە بۆ ئەوەی بارزانی بەشدار بێت و دەڵێت “سەراپای ئەم هەواڵە، لەسەرچاوەكانی هەواڵی چەواشەوە، چەواشەكران و رقی تێنەگەیشتن لە ئەتەكێتی ئەم جۆرە كۆبوونەوانە، ویستراو دەویسترێ بخرێتە ئەستۆی هەڤاڵان كۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار”.
دەقی روونکردنەوەکە
لە پەیجەكاندا، بڵاوكراوەتەوە گوایە، هەڤاڵ مەلا بەختیار، داوای لە بەرێز بارزانی كردبێ لەكاتی كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی لەهەولێر ئامادەبێ هەتا كۆبونەوەی هاوبەش بكرێ. ئەم هەواڵە سەراپا درۆیە. راستییەكەی ئەمەی خوارەوەیە:
یەكەم: بڕیاری هیچ كۆبونەوەیەكی سەركردایەتی لەهەولێر نەدراوە..
دووەم: سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم (فوئاد حسێن) داوای لە هەڤاڵ مەلا بەختیار و هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ كرد، كە هەم كۆبونەوەی هاوبەشی یەكێتیو پارتی بكرێ، بەئامادەبونی بەرێز مەسعود بارزانی، هەم پیرۆزبایی دامەزراندنی یەكێتیش لەوكاتەدا بكرێ. لەبارەگای بارزانیشدا، مەكتەبی سیاسی داوەت بكرێ. لەوەڵامدا هەڤاڵ مەلا بەختیار گوتبوی:
ئەگەر بەرێز بارزانی بیەوێ پیرۆزبایی لەیەكێتی بكات، دەبێ خۆی تەشریف بهێنێ بۆ بارەگای یەكێتی. دەشبێ لەكۆبونەوەی رەسمی یەكێتیدا بڕیاری كۆبونەوەی هاوبەش بدرێ.
سێهەم: هەڤاڵ مەلا بەختیار، كۆبونەوەی كارگێڕی لەگەڵ هەڤاڵان جێگری سكرتێری گشتیو هەڤاڵ هێرۆ برایم رێكخستبوو. باسی داواكەی فوئاد حسێنی كردبوو، كە لەهەمانكاتدا لەهەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ-یشی داوا كردبوو بۆ كۆبونەوەی هاوبەش، لەو كۆبونەوەیەدا، هەمویان پێیان باشبووە، لەبارەگای یەكێتی لەهەولێر، كۆبونەوەو پێشوازی لەوەفدی پارتی، بەسەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بكرێ.
داواش لەسەركردایەتی یەكێتی بكرێ، تێكڕا ئامادەبن. هەتا لەبارەگای مەكتەبی سیاسی هەولێر، كۆبونەوەی سەركردایەتیش ئەنجامبدرێ. (هەڤاڵ هێرۆ برایم-ش رازی بوو، بڕیار بوو خۆیشی ئامادەبێ) دیاربوو كاردانەوە لەناو هەندێك هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی، بەرامبەر كۆبونەوەیەكی لەوجۆرە هەبوو. هەموشیان پێیانخۆشبوو، كاك مەسعود بێتە لای مام جەلال بۆ پیرۆزبایی. كارگێڕو جێگری سكرتێری گشتی كۆبونەوەو بڕیاردرا، فوئاد حسێن ئاگادار بكرێتەوە كە مەكتەبی سیاسی پێیانخۆشە، كاك مەسعود بێتە لای مام جەلال. سەرەنجام، نە كۆبونەوەی سلێمانیو نە ئەوەی هەولێر رێككەوت.
بەداخەوە، سەراپای ئەم هەواڵە، لەسەرچاوەكانی هەواڵی چەواشەوە، چەواشەكران و رقی تێنەگەیشتن لە ئەتەكێتی ئەم جۆرە كۆبونەوانە، ویستراو دەویسترێ بخرێتە ئەستۆی هەڤاڵان كۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار. ئەمە لەكاتێكدا ئەم چەواشەبازانە نازانن كە لەهەموو یادێكی یەكێتیدا (تەنها جارێكیان نەبێ لەسلێمانی كراوە) بارزانی و پارتی و سەرجەم حزبەكانو كونسوڵەكان و میوانانی پایتەختی كوردستان، لەیادی یەكێتیدا، هاتوونەتە ئاهەنگی یەكێتی، یان سەردانی بارەگای یەكێتییان كردووە. با ئەم درۆیەش.. بچێتەسەر درۆكانی تر، كە چەواشەبازەكان ناوبەناو هەڵیاندەبەستن.
سكرتێری رۆژنامەوانی
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی (ی.ن.ك)
2017/6/3