نوچەنێت-رووداو
پەرلەمانتارێکى کوردى ئێزدی ئاشکرای دەکات، کە تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، 5 ملیۆن دۆلار لە رزگارکردن و کڕینەوەى ئەو ئێزدیانەدا، کە داعش رفاندبوونی خەرجکراوە. بەرپرسى نوسینگەى رزگارکردنى رفێنراوان لەدەستی داعش-یش دەڵێت “تائێستا سێ هەزار کوردى ئێزدى لەوانەی لەلایەن داعشەوە رفێنرابوون، ئازادکراون”.
رۆژى 3/4/2015 یەکەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان، لە پەرستگای لالش لە قەزای شێخان ساز کرا. بەپێى راپۆرتى کۆنفرانسەکە، دواى پەلامارى داعش بۆ شنگال، 430 هەزار کوردی ئێزدی ئاوارە بوون. 1800 کەس کۆمەڵکوژ کراون، زیاتر لە 3 هەزار ژن و منداڵ کە ناوی 1661 کەسیان پشڕاست کراوەتەوە، لەلایەن داعشەوە رفێنراون. هەروەها 500 کەسیش ونبوون کە ناوى 254 کەسیان لەلایەن کەسوکاریانەوە پشتڕاست کراوەتەوە. 600 کەسیش بەهۆى برسێتى و تینوێتى مردوون.
نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، رۆژى 11-11-2014 بڕیارێکی دەرکرد، کە دۆسیەیەک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کوردە ئێزدیانەی لەلایەن داعشەوە رفێنراون، دەکرێتەوە. ئێستا نوسینگەیەکى تایبەت بە ئازادکردنى رفێنراون لە شارى دهۆک کراوەتەوە و تاوەکو ئێستاش چەندین ئێزدى لە رێگەى ئەو نوسینگەیەوە رزگار کراون.
حسێن کۆرۆ، بەرپرسی نوسینگەی بەدواداچوونی رفێنراوان لە پارێزگاى دهۆک بە (رووداو)ى راگەیاندووە “تائێستا 3004 کەسمان لە دەستى چەتەکانى داعش لە عێراق و سووریا رزگار کردووە کە 1087 یان ئافرەت بوون و 334یشیان پیاو بوون، ئەوانى دیکەش منداڵ بوون، 3400 کەسیش ماون رزگار بکرێن”.
حسێن کۆرۆ سەبارەت بەو کەس و لایەنانەى یارمەتییان داون بۆ رزگارکردنى ئەو ئێزدیانە، گوتوویەتى “جگە لە نووسینگەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، هیچ وڵاتێکى ئیسلامى و عەرەبى و رێکخراوێکى بیانى و نێوخۆیی هاوکاریى نەکردووین”.
بەرپرسی نوسینگەی بەدواداچوونی رفێنراوان دەڵێت “ئێمە راسپێردراوین بۆ گەڕاندنەوەى ئەو خەڵکەى لەژێر دەستى داعشن، ئێستا ئەوان کڕین و فرۆشتنیان لە بازاڕەکانى داعش پێوەدەکرێت، بە زۆر ئایینیان پێ گۆڕیون، ئێمە هەموو رێگایەک دەگرینە بەر بۆ ئازادکردنیان”.
پرۆسەى گەڕاندنەوەى ئەو کەسانەى داعش رفاندوونى، زۆرتر لە رێگەى کڕینەوەیان بووە لە بازاڕەکانى داعش، پاشان هێنانەوەیان بە پارەیەکى زۆر بە هاوکاریى سەرۆک هۆز و کەسایەتییە عەرەبەکانى عێراق و سوریا. بەشێکیشیان لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە و شەڕڤانان و ئۆپەراسیۆنەکانى هاوپەیمانانەوە رزگارکراون.
ڤیان دەخیل، پەرلەمانتارى کوردى ئێزدى لە پەرلەمانى عێراق، ئاشکراى دەکات، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان، تاوەکو ئێستا نزیکەى 5 ملیۆن دۆلارى لە کڕینەوەى ئەو ئێزدیانەدا خەرج کردووە. دەشڵێت، چەندینجار داواى لە بەرپرسانى حکومەتى عێراق کردووە کار بۆ رزگارکردنى ئەو کەسانە بکەن، یان هاوکاری ماددى رزگارکراوەکان بکەن، بەڵام هیچیان نەکردووە.