روسیا خوازیاری پەیوەندی دۆستانەیە لە گەڵ هەرێمی کوردستان

0

نوچەنێت-ئیزۆسیتا

پەرەپیدان بە هاوکاریە ئابوورییەکان و بەرەنگاربوونەوەی داعش، تەوەرە سەرەکیەکانی دیدار و گفتۆگۆی نێوان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی روسیا لە سەن پترسبرۆگی روسیایە.

هەرێمی کوردستان خوازیاری وەبەرهێنانی روسیا لە پڕۆژەکانی نەوت و گازی هەرێمە. وێڕای ئەوەی، کە مۆسکۆ و هەوڵیر لە پەیوەندی لە گەڵ داعش و بەرەنگاربوونەوەی ئەم گروپە، ئاڵۆگۆڕی زانیاری و هاوکاری یەکتر دەکەن. ئەمانە کۆمەڵێک پرسن، کە دیار ئەمین، راوێژکاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتووێژ لە گەڵ رۆژنامەی ئیزۆسیتا  باسی لە سەر کردووە.

بە گوتەی بەرپرسانی پلەباڵا لە ناوەندەکانی دیپلۆماسی روسیا و کوردستان، پرسی گشتپرسی لەبارەی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی دیدار و چاوپێکەوتنەکانی دوو لایەن دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی بڕیار وایە بۆ تاوتوێ کردنی ئەم پرسانە لە پەراوێزی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئابووری، کە رۆژانی یەکەم تا سێهەمی مانگی جون لە شاری سەن پترسبۆرگ بەڕێوەدەچێت، لە گەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا کۆبێتەوە.

دیار ئەمین بە رۆژنامەی ئیزۆسیتای گوتووە، لە دیداری نێوان بارزانی و لاڤرۆڤ، چەندین پرسی جیاواز، لە هاوکاری ئابووریەوە بگرە تا شەڕی دژ بە تیرۆر، باس و گفتوگۆی لە سەر دەکرێ. هەروەها بەرپرسانی هەولێر خوازیاری وەگەڕخستنی سەرمایەی روسیا لە پڕۆژە و کەرتی نەوت و گازی هەرێمەکەن.

بە گوتەی ناوبراو، ئاڵۆگۆڕکردنی زانیاری لە نێوان بەرپرسانی مۆسکۆ و هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندی لە گەڵ شەڕی دژ بە داعش، لە ئەجێندای کۆبوونەوە و دیداری هەر دوولادایە.

راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت، بە تەواوی روونە، کە کوردەکان سەرباری پشتیوانی ئەمریکا، پێویستیان بە هاوکاری روسیا هەیە و هەولێریش بەم ئاراستەیە لە پلانیدایە لە شەڕی دژ بە داعش هاوکاری مۆسکۆ بکات، لە رووی زانیاری و هەواڵگرییەوە. نابێ لەبیری بکەین، کە دوو لایەن لە دەیەی 90 پەیوەندییەکی چڕوپڕیان بەیەکەوە هەبووە و لە ئێستادا زیاتر لە 2 هەزار خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی روسیا خەریکی خوێندنن.

روسیا خوازیاری پەیوەندی دۆستانە لە گەڵ هەرێمی کوردستانە

میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری تایبەتی سەرۆککۆماری روسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە، ئەم دواییانە ئامادەیی بەرپرسانی روسیای بۆ کۆبوونەوە و تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پرسی جیاواز لە گەڵ سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

بۆگدانۆف لەم بارەیەوە دەڵێت، بە گشتی باس لە سەر دۆخی گشتی عێراقە. ئێمە لەم وڵاتە راوێژکاری سەربازیمان هەیە، کە لە گەڵ بەرپرسانی سوپای عێراق لە پەیوەندی و هاوکاریدان. ئێمە پاڵپشتی کاروچالاکیە ئەرێنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین. ئێمە هەروەها لە کەرتی نەوت و گاز و هەروەها لە بواری مرۆیی و زانستییەوە هاوکاری یەکتر دەکەین.

یۆری نبایف، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستایەتی و هاوکاری لە گەڵ هەرێمی کوردستان، بە رۆژنامەی ئیزۆسیتای گوتووە، کە هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی لە گەڵ زۆریەک لە وڵاتان، بۆ وێنە روسیا، ئەمریکا، چین و ئێران، سیاسەتێکی شەفاف و روون و بنیاتنەری هەیە.

بە پێی رۆژنامەی ئیزۆسیتا، پەیوەندییەکانی روسیا و هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەردەوام پێشکەوتنی بە خۆوە بینیوە. روسیا یەکەمین وڵاتی جیهان بوو، کە لە ساڵی 2007 لە هەوڵیر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، کۆنسولخانەی خۆی کردەوە. ڤلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری روسیا بەردەوام جەختی کردۆتەوە، کە خوازیاری پەیوەندی دۆستانە لە گەڵ گەلی کورد و هەرێمی کوردستانە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com