نوچەنێت-رووداو
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانی بۆ روسیا، لەگەڵ سەرۆکی روسیا کۆدەبێتەوە و پێکەوە چەند بابەتێک تاوتوێ دەکەن، وەک بابەتە بازرگانی و ئابوورییەکان و شەڕی دژی تیرۆر دەکەن.
130 وڵاتی جیهان و 12 هەزار کەس لە کۆبوونەوەکەی ئەمجارەی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی سان پترسبۆرگ بەشدار دەبن. ساڵی رابردوو ئەمریکا لە کۆبوونەوەکانی کۆڕبەندەکە بەشدار نەبوو، بەڵام ئەمساڵ شاندێکی باڵای ژووری بازرگانیی ئەمریکا بە چڕی لە کۆبوونەوەکاندا بەشدار دەبێت.
کۆڕبەندی ئابووری جیهانی سان پترسبۆرگ لە ساڵی 1997ـەوە بەردەوامە و، ساڵانە بە بەشداری دەستەبژێری سیاسی و ئابووری جیهان بەڕێوەدەچێت. کۆڕبەندەکە سەکۆیەکە بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ روسیا، بۆیە لە میانەی کۆڕبەندی 2016ـدا 332 گرێبەست بە بەهای 15 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار واژۆکران.
یوری ئوشاکۆڤ، یاریدەدەری سەرۆکی روسیا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 31-5-2017 رایگەیاند “لە میانی کۆڕبەندی ئابووری سان پترسبۆرگ، کۆبوونەوەیەک لەنێوان ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت”.
یاریدەدەری سەرۆکی روسیا سەبارەت بە ئەجێندای کۆبوونەوەکە گوتی “سەرۆکی روسیا و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لە بابەتە بازرگانی و ئابوورییەکان و شەڕی دژی تیرۆر دەکەن”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 31-5-2017 بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی. شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکان و سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتنە سان پترسبۆرگی روسیا.