نوچەنێت: تایبەت
پەرلەمانتارێکی پارتی رایدەگەینێت، ئەگەر پەرلەمانی کوردستان تەمەنی یاسایی خۆی درێژنەکاتەوە پێش تەواو بوونی خولی چوارەم، ئەوا کۆتایی پێدێت و دەشڵێت “بۆشایی یاسایی دروست دەبێت”.
لەو کاتەوەی پەرلەمانی کوردستان لەکارخراوە، سەرجەم هەوڵی لایەنە سیاسییەکانیش بۆ کاراکردنەوەی بێ ئەنجام بوون، لەئێستادا چەندی سیناریۆ بۆکاراکردنەوەی لە لایەن پارتی یەوەلە ئارادایە و بزووتنەوی گۆڕانیش پێیوایە ئەو سیناریۆیانەی پارتی باسی دەکات، قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، شوان سێخ ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی کوردستان، لەسەر فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی پرسی تەواوبوونی خولی چوارەمی پەرلەمان رایگەیاند: ئەگەر بێتو تاکو 6-11-2017 هەڵبژاردن نەکرێت، یاخود پەرلەمانی کوردستان تەمەنی یاسایی خۆی درێژنەکاتەوە، بۆ ئەوەی بارودۆخێكی گونجاو دروست بێت، ئەوا کۆتایی پێدێت و بۆشایییەکی یاسایی دروست دەبێت، ئەوکات حکومەتی هەرێم دەبێتە حکومەتێکی کار بەڕێکەر.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی هۆشدای دەداتە لایەنە ساسییەکان لەوەی، کە تائێستا نەیانتوانیوە تەباییەکی سیاسی دروستبکەن و پەرلەمان کارابکەنەوە و گوتی “باوەڕناکەم ئەوکات هیچیان پێبکرێت”.
شوان شێخ ئەحمەد گوتیشی “جێی داخە پاش چەندین ساڵ، قوربانیدان و دروستکردنی پەرلەمانی کوردستان، نەگەیشتنە ئەنجامی لایەنە سیاسییەکان، دۆخەکە بەو ئاراستەیەدا بڕوات، کە ئێستا هەیە”.
هەروەها هیواشی خواست، کە لایەنە سیاسیەکانی باشور، لەماوەی ئەو چەند مانگەی، کە ماوە لەبەردەستیان، بگەنە رێککەوتنێکی سیاسی، بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەرکرنی دۆخی هەرێم، لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان.