نوچەنێت:تایبەت
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک رایدەگەینێت، ئەمڕۆ هاوڵاتییەیان بەسەلامەتی رزگارکردووە، کە دوێنێ لە رۆژئاوای کەرکوك دوو چەکداری داعش رفاندبوویان.
ئەمڕۆ سێشەممە لە نزیك قەزای دووبزی سەربە پارێزگای کەرکوک، شەڕ و پێكدادان لەنێوان دوو چەكداری داعش و هێزێكی پۆلیس روویدا. لە شەڕەکەدا نەقیبێكی پۆلیس شەهیدبوو، ژمارەیەك برینداریشی لێکەوتەوە، لەئەنجامدا هەردوو چەکدارەکەی داعش کوژران.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک، لەبارەی رزگارکردنی ئەو هاوڵاتیەی دوێنی رفێنرابوو رایگەیاند: ئەمڕۆ سێشەممە 30-5-2017، لە هەڵمەتێکی پۆلیسدا بەهاوکاری هیزەکانی پێشمەرگە لە رۆژئاوای کەرکوک و گوندەکانی دەورووبەری دوبز، دوای رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دوو چەکدارە داعشەی، کەدوێنی هاوڵاتیەکیان رفاندبوو، هەردووکیان کوژراون و توانرا هاوڵاتییەکەش بەسەلامەتی رزگاربکرێت.
سەرحەد قادر هەروەها گوتیشی “لەکاتی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دوو چەکدارە دا، نەقیبێک و سێ پۆلیسی شەهیدبوون، هەروەها چوار کەسی دیکەش بریندار بوون، لەنێو بریندارەکانیش بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی دووبز هەیە”.
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکوک هۆکاری رفاندنی هاوڵاتیەکەشی بۆ ئەوەگەڕاندەوە، کە دوێنی لەکاتی تەقاندنەوەی بۆرییەکی گواستنەوەی نەوتی کێڵگەی بای حەسەن، لەلایەن ئەو دوو چەکدارەی داعشەوە، لە کاتی رووداوەکەدا ئەوانی بینیوە ئەوانیش هاوڵاتییەکەیان رفاندووە.