تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ واده‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ی سه‌ركرده‌ی سێ لایه‌نه ئیسلامیه‌كه دیاری نه‌كراوه. ده‌شڵێت “لایه‌نه ئیسلامییه‌كان له كاری هاوبه‌ش سارد نابنه‌وه به‌رده‌وامیشن”.
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه سێ لایه‌نه ئیسلامیه‌كه‌ی كوردستان كۆبوونه‌وه و هه‌وڵه‌كانیان چڕكردووه‌ته‌وه بۆ لێكنزیك بوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی لایه‌نه ئیسلامیه‌كان و خۆ رێكخستنه‌وه‌یان بۆ هه‌نگاوه‌كانی داهاتوو. هه‌روه‌ها پێكهێنانی لیستێكی ئیسلامی فراوان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌م كۆبوونه‌وانه سه‌ركرده‌ی هه‌ر سێ لایه‌نه ئیسلامیه‌كه ده‌سته‌یه‌كی باڵایان پێكهێناوه، به ناوی ده‌سته‌ی باڵای كاری هاوبه‌ش (سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌ش).
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د.عه‌بدوڵڵا وه‌رتێ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی کوردستان، سه‌باره‌ت به هۆكاری ئه‌نجام نه‌دانی كۆبوونه‌وه‌ی باڵای دیكه‌ی نێوان ئیسلامیه‌كان رایگه‌یاند: ئیسلامیه‌كان له هه‌نگاوه‌كانیان به‌رده‌وامن بۆ دروستكردنی پڕۆژه‌یه‌كی یه‌گكرتووی لایه‌نه ئیسلامیه‌كان، بڕیاربوو له‌و رۆژه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌فاتی كرد كۆبوونه‌وه‌ی سێ سه‌ركرده ئیسلامیه‌كه سازبكرێت، به‌ڵام بەو هۆیەوە كۆبوونه‌كه‌مان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و دوامان خست بۆ كاتێكی تر.
سه‌باره‌ت به ده‌نگۆی ساردبوونه‌وه‌ی لایه‌نه ئیسلامیه‌كان لە پڕۆژه و كاری هاوبه‌ش، عه‌بدوڵڵا وه‌رتێ گوتی، هیچ ساردبوونه‌وه‌یه‌ك لە نێوان لایه‌نه ئیسلامیه‌كان نییه و له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا كۆبوونه‌وه‌ی بالای ئیسلامیه‌كان به ئاماده‌بوونی سه‌ركرده‌ی سێ لایه‌نه ئیسلامیه‌كه سازده‌كرێت و گرفتمان نییه.
ناوبراو لەسەر پێشنیاری فراكسیۆنی حزبەکەی لە په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ كشانه‌وه‌ی یه‌كگرتوو و كۆمه‌لی ئیسلامی له حكومه‌ت گوتی، ئاگاداری وه‌ها پیشنیارێك نیم.