نوچەنێت
نوینەری هۆزە عەرەبەکانی رۆژئاوای دیجلە، لە دژی هەر دەستدرێژییەکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، پشتگیریی هۆزە عەرەبییەکان بۆ هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان راگەیاند.
رۆژی دووشەممە 29.5.2017، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا شێخ عەبدولعەزیز زاھیر مەجنان، سەرۆک ھۆزێکی عەرەبی لە رۆژئاوای دیجلە بە نوێنەرایەتیی ھەموو ھۆزە عەرەبەکانی رۆژئاوای دیجلە لە پارێزگای نەینەوا، رایگەیاند، پیلانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە سنوری شاری شنگال، دژی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە فیتی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراقە، کە موسڵی رادەستی رێکخراوی تیرۆرستی داعش کرد.
شێخ عەبدولعەزیز زاھیر مەجنان نوری مالیکی بە هۆکاری وێرانبوونی ژێرخانی عێراق و بە کوشتدانی دەیان گەنجی موسڵ دەزانێت و رایدەگەیەنێت، مالیکی جگە لە شار و ناوچەکان، چەک و تەقەمەنی سوپاشی رادەستی داعش کرد.
شێخ عەبدولعەزیز بە ستایشەوە باسی رۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد و رایگەیاند، پێشمەرگە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داعشی تێکشکاند و ”بە خوێنی پاکی هەزار و 700 شەهید“ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی موسڵ دەوروبەری شنگال و رەبیعەی رزگار کردووەتەوە.
ئەو شێخە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە ناوە ناوە هەڕەشە لە پێشمەرگە دەکەن و هەڕەشەی داگیرکردنی خاکی کوردستان دەکەن، رایگەیاند، سنوری ھەرێمی کوردستان ”ھێڵی سوورە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بێرێزی بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە بکەن” و ئامادەیی خۆیانی بە وەستان شان بەشانی پێشمەرگە لە دژی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، نیشان دا.
نوێنەری هۆزە عەرەبەکانی رۆژئاوای دیجلە ئاماژەی بە داخستنی دەرگاکانی بەغدا بە رووی ئاوارە سوننەکانی پارێزگای ئەنبار ”بە فەرمانی نوری مالیکی“ کرد و رایگەیاند، لەو کاتەدا مەسعود بارزانی، خۆی کردە خاوەنی ئاوارەکان و دەرگای بە رووی زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار ئاوارەی عەرەبی عێراقیدا کردەوە.
شێخ عەبدولـعەزیز پشتگیریی هەموو ئەندامانی هۆزە عەرەبییەکانی رۆژئاوای دیجلەی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان نیشان دا و ئەم هاوهەڵوێستییەی خۆیانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ رزگارکردنیان لەژێر دەسەڵاتی داعش لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و هاوکاریکردنی ئاوارە عێراقییەکان لەلایەن حکوومەت و گەلی کوردستانەوە، گەڕاندەوە.