نوچەنێت-رووداو
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لە بارەی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر منداڵان، کە لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە بچنە بەر خوێندن رایدەگەیەنێت، بەهۆی زۆری تێچوو، پرۆژەكەوە ئێستا جێبەجێ ناكرێت.
ئێستا لە هەرێمی كوردستان منداڵان لە تەمەنی 4 ساڵی دەچنە باخچەی ساوایان و، لە تەمەنی شەش ساڵیشەوە دەست بە خوێندنی بنەڕەتی دەكەن، لە زۆربەی وڵاتانی دنیاش منداڵان لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە دەچنە بەر خوێندنی بنەڕەتی.
سامان سیوەیلی، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر پرۆژەیەكی وەزارەتی پەروەردە دەربڕی، کە داوای کردبوو لەجیاتی شەش ساڵی، منداڵان لە تەمەنی پێنج ساڵی دەست بە خوێندنی بنەڕەتی بکەن.
سامان سیوەیلی گوتی “ئەو پرۆژەیە زۆر باشە، بەڵام جێبەجێكردنی بۆ ئێستا زۆر قورسە، چونكە خوێندنی بنەڕەتی لە 9 ساڵەوە دەبێتە 10 ساڵ، ئەوەش داراییەكی زۆری دەوێت، بۆیە جێبەجێكردنی بۆ ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو زەحمەتە”.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروردە ئاماژەی بەوە کردووە، کە گرفتێكی دیكە رووبەڕوویان دەبێتەوە لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەدا، چارەنووسی خوێندنی باخچەی ساوایانە، كە ئێستا دوو ساڵە. گوتیشی “پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دوای ئەو پرۆژەیە خوێندنی باخچەی ساوایان بە دوو ساڵی دەمێنێتەوە، یاخود تەنها دەبێتە یەك ساڵ؟ دەبێت ئەو پرسەش چارەسەربكرێت”.