نوچەنێت-رووداو
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ رێگری و نەهێشتنی سپیکردنەوەی پارە و تەمویلکردنی تیرۆر، دوو رێبەری تایبەت دەردەکات، و داوا دەکات لە هەر حاڵەتێکی گوماناوی دا دەزگا پەیوەندیدارەکان ئاگاداربکەنەوە.
بە پێی نوسراوێکی ئەنجومەنی وەزیران، کە بۆ گشت وەزارەتەکان نێردراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیێکی کردارەکی پابەندی یاسای، رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و تەمویلکردنی تیروری ژمارە 39ی ساڵی 2015 دەبێت.
ئەنجومەنی وەزیران لەو بارەیەوە دوو رێبەری دەرکردووە.
یەکەمیان رێبەری رێوشوێنی تایبەت بە دامەزراوە دارایی و کار و پیشە ناداراییە سنوردارەکانە دەربارەی پڕکردنەوەی فۆرمی هەوڵدان لە مامەڵە گوماناوییەکان.
دووەمیشیان رێبەری تایبەت بە ئاماژەکانی گومان بردن و لە پرۆسەکانی مایە شتنەوە و تەمویلی تیرۆر، کە پەیوەستە بە مامەڵەی کۆمپانیاکانی ئالۆگوڕی دارایی و کۆمپانیاکانی دراو گۆڕینەوە.
ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەکردووە، کە پێویستە ئەو دوو رێبەرە ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیانی هەرێم و نەهێشتنی سپیکردنەوەی پارە و تەمویلی تیرۆر.