تایبه‌ت: نوچه‌نیت
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پاریزگای سلیمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر ناتوانرێت كێشه یاسایی و كارگێڕییه‌كانی پارێزگا چاره‌سه‌ر بكرێت با ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه. ده‌شڵێت “پۆست له بری پارێزگار هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی نییه”.
پارێزگای سلێمانی له ئیستادا له بۆشایه‌كی یاسایی و كارگێڕیدایه و بی پارێزگاره، ئه‌م بۆشایه كارگێریه دوای ئه‌وه دروستبوو، کە له رۆژی 25-8-2016 له كاتی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری شاره‌كه، له یه‌كێتییه‌وه بۆ گۆڕان. لە کاتێکدایە بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە نییە مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ کاندیدەکەی ئەنجام بدات.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت ئه‌كره‌م شه‌ریف، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له فراكسیۆنی یه‌كێتی، سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ركردنی كێشه یاسایی و كارگێڕییه‌كانی پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند: بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی پارێزگای سلێمانی پێویسته به پێی رێككه‌وتنی سیاسی گۆڕان و یه‌كێتی، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌و رێگه‌یه‌وه نەگه‌ینه چاره‌سه‌ر، پێویسته ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی خۆی هه‌لبوه‌شێنێته‌وه له پێناو خه‌ڵكی سنوری پارێزگا، چونكه پۆست له بری پارێزگار نایاساییه.
ئه‌كره‌م شه‌ریف ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، ئه‌م پێشنیاره‌م به زاره‌كی له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم له ئه‌نجومه‌ن تاوتوێ كردووه. هه‌روه‌ها له زۆربه‌ی سایت و كه‌ناڵ و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بلاوكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام تائیستا نه‌بۆته نوسراو و به‌رز نه‌كراوه‌ته‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌ن، به‌و پێیه‌ی رێكاری یاسایی پێویسته.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەن ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه، کە پێشنیاره‌ی بۆ خۆ ده‌رخستن و بۆ كه‌ناڵه‌كان بێت و ده‌ڵێت، پێشنیاره‌كه‌م جددییه و پێشنیار نییه له پێناو پێشنیار. ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی سلێمانیمان پی چاره‌سه‌ر ناكرێت با ئه‌نجومه‌نی پارێزگا هه‌لبوه‌شێنینه‌وه.
ئه‌كره‌م شه‌ریف هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، بۆئه‌وه‌ی ئه‌م پێشنیاره‌م ببێته نوسراو له ئه‌نجومه‌نی پارێزگا تاوتوی بكرێت، پێویسته 10 ئه‌ندام به واژوی خۆیان، وه‌ك داوایه‌ك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای بكه‌ن و به‌ده‌نگی دوو له‌سه‌ر سێ، ببێته بڕیار و ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبوه‌شێته‌وه.