نوچەنێت:تایبەت
بەڕێوبەری ئاسایشی خورماتوو رایدەگەیەنێت، بارو دۆخی ئەمنی لەقەزای خورماتوو جێگیرە و هیچ پشێویەک و ئاڵۆزیەکی تێدا نییە.
كاتژمێر 01:40 ی شەوی رابردوو چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە گوندی حلێوەی بچووكی سەر بەقەزای خورماتوو، دوای شەڕێكی 2 كاتژمێری لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و داعشدا، چەكدارانی داعش بە سەختی تێكشكێنراون، لەماوەی ئەم مانگەدا ئەمە بۆجاری دووەمە داعش هێرشی دەکاتە سەر هێزی پێشمەرگە لەو سنورە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، مقەدەم فارۆق ئەحمەد، بەڕێوبەری ئاسایشی دوزخورماتوو لەبارەی دۆخی ئەمنی خورماتوو و ناوچەکانی دەورووبەری رایگەیاند: هەر چەندە شەوی رابردوو هێرشکراوەتە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە گوندی حلێوەی بچووكی قەزاکە، بەڵام لەناو شار هیچ جوڵەیەکیان نەبووە. لەئێستاشدا بارودۆخی ئەمنی لەم ناوچەیە زۆر ئارام و جێگیرە و هیچ پشێویەک و ئاڵۆزیەکی تێدا نییە.
بەڕێوبەری ئاسایشی خورماتوو ئاماژە بەوەدەدات، لەئێستادا دۆخی ئەمنی خورماتوو لە ژێر کۆنتڕۆڵی وردی هێزە ئەمنییەکاندایە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە سنورەکە.