جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایدەگەیەنێت، گوندی کۆچۆیان رادەستی کوردانی ئێزدی کردووەتەوە، بەڵام هێزەکانیان بۆ پاراستنی ناوچەکە و دووبارەنەبوونەوەی ئەو کارەساتە، لەوێ دەمێننەوە.
گوندی کۆچۆ دەکەوێتە سنوری ماددەی 140 و 18 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەواوە دوورە، پێشئەوەی داعش هێرشی بکاتە سەر، نزیکەی چوار هەزار کەسی تێدا دەژیا و زۆربەیان کوردی ئێزدی بوون.
رۆژی 3-8-2014 داعش هێرشیکردە سەر شنگال و دەورووبەری و تەنها لە گوندی کۆچۆ هەزار و 300 کەس یان شەهیدکران، یان بەدیلگیران و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن. چەند رۆژێکیش پێش ئێستا لەچوارچێوەی قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنی “محەممەد رەسوڵڵا” لەژێر ناوی “شەهیدەکانی شنگال” کۆنترۆڵکرایەوە.
ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە یاوەری فەریق روکن عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی “هاتین نەینەوا” لە گوندی کۆچۆ رایگەیاند “هەست بە دڵخۆشی و هاوکات خەمباری دەکەین بۆ رزگارکردنی ئەو گوندە کە سەرجەم رۆڵەکانی لەسەر دەستی داعش کۆمەڵکوژکران”.
ئەبو مەهدی موهەندس گوتیشی: “حەشد بە پشتیوانی چەکدارە ئێزدییەکان توانی گوندی کۆچۆ رزگاربکاتەوە”.
جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوە کرد، حەشد و هێزە ئەمنییەکان بە پشتیوانی فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانی عێراق و فڕۆکەکانی سوپا توانییان تەل قەسەب و تەل بەنات و چەند گوندێکی ئێزدینیشین رزگار بکەن، لەوانە کۆچۆ کە سیمبولی کارەساتی ئێزدییەکانە.
ئەبو مەهدی موهەندس باسی لەوەش کرد، هێزەکانی حەشدی شەعبی رۆژی شەممە 27-5-2017 بەفەرمی گوندی کۆچۆیان رادەستی ئێزدییەکان کردووەتەوە، حەشدیش ناوچەکەیان دەپارێزێت تا ئەوکاتەی پێویستیان بێت، بۆئەوەی لە داهاتوودا ئەوەی بەسەریاندا هاتووە دووبارەنەبێتەوە.