نوچەنێت
پرۆفیسۆر مایكڵ گۆنتەر، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆ لە ئەمریکا دەڵێت، لە گوتارەکەیدا لە کۆنفرانسی زانستی زانکۆی کوردستان هەندێک رەخنەی لە هەرێمی کوردستان گرتووە، لەکاتێکدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکەدا ئامادەبووە و هەوڵی نەداوە ئەو رابگرێت. دەڵێت “ئەو هەڵوێستەی بەرز دەنرخێنم”.
مایكڵ گۆنتەر، لەمیانی بەشداریکردن لە گەشتێکی هەواڵەکانی رووداو رایگەیاند، ئەو کارەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی پەسندکردووە. گوتیشی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، بەڵام دەبێت بە لێزانی و وریاییەوە ئەو هەنگاوە بهاوێژرێت.
سەبارەت بە لێدوانەکانی لە زانکۆی کوردستان، کە رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان گرتبوو دەڵێت “لە کۆنفرانسی زانکۆی کوردستان لە هەولێر، وەک دۆستێکی کورد بەشداریم کرد، بۆ یەکەمین جار، کە چاوم بە نێچیرڤان بارزانی کەوت دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1993، من کارەکانی ئەوم پەسندکردووە. هەروەها بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی من لەبارەی کوردەوە کردوومە، هەوڵمداوە لایەنە ئەرێنییەکان و لایەنە نەرێنییەکان پێکەوە کۆمێنتیان لەسەر بدەم. چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت سەربەخۆییش پرسێکە، کە پێویستە بە لێزانی و وریاییەوە هەنگاوی بۆ هەڵبگیرێت”.
پرۆفیسۆر مایكڵ گۆنتەر رەتیکردەوە لەسەر ئەو قسانەی هیچ ئاستەنگێکی بۆ دروستبووبێت و گوتی “من پێموایە ئەو پێشنیازانەی لەلایەن دۆستانی کوردەوە دەدرێت دەبێت پێشوازی لێبکرێت، لە کۆنفرانسەکەدا هەندێک رەخنە هەبوو، کە من گوتم، سەرۆکوەزیران لەوێ دانیشتبوو گوێی لە من گرت و تەنانەت هەوڵیشی نەدا من رابگرێت لە قسەکانم، ئەوە لەکاتێکدایە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاسان نییە رێگەبدرێت کەسێک ئاوا قسە بکات و رەخنەی لێبگیرێت و رانەگیرێت”.
گۆنتەر گوتیشی “هیچ هەوڵێک نەبووە، کە من ئاستەنگم بۆ دروستبکرێت و رێگری لە قسەکانم بکرێت ، دووجار پێشنیازکرا، کە پێویستە قسەکانی من کۆتایی پێبهێندرێت، بەڵام من گوتم نەخێر شتی زیاترم هەیە بۆ گوتن، رێگەیشم پێدرا قسەکانم بکەم و هەموو قسەکانم تەواوکرد. ئەوە حکومەت نەبوو، کە بە من بڵێت بووەستە بەڵکو رێکخەرانی کۆنفرانسەکە دەیانەویست کۆنفرانسەکە بەردەوام بێت. هیچ هەوڵێک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان نەدرا بۆ رێگری لە قسەکانم”.
مایکڵ گۆنتەر کاردانەوەکانی نێچیرڤان بارزانی، لەبارەی رەخنەکانیەوە بەرز دەنرخێنێت و دەڵێت “من قسەم دەکرد و سەرۆکوەزیران لەوێ دانیشتبوو و سەیری دەکردم، سەرۆکوەزیران زۆر زۆر هانی منی دەدا، کە بەردەوام بم لە قسەکانم، من ئەوە زۆر بەرزدەنرخێنم، پێموانییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێگە بە کەسێک بدرێت بەو شێوەیە قسەبکات، پێموایە ئەمە لایەنێکی زۆر زۆر ئەرێنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە ئاستی دیموکراسیدا”.