تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ رێککەوتنێک نییه بۆ مانه‌وه یان نه‌مانه‌وه‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق. ده‌شڵێت “دوای متمانه سه‌ندنه‌وه له وشیار زیباری، متمانه‌مان به رێککەوتن نه‌ماوه‌ن”.
په‌رله‌مانی عێراق له ده‌نگدانێكی نهینی خۆیدا به ده‌نگی 118 په‌رله‌مانتار به به‌ڵی و نه‌خێری 117 په‌رله‌مانتار، باوه‌ڕنه‌بوونی خۆی به وه‌ڵامه‌كانی ده‌سته‌ی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق نیشاندا، بڕیاری دا له دانیشتنێكی دیكه‌دا پرسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان بخاته ده‌نگدانه‌وه بۆ لیسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه یان مانه‌وه‌ی كۆمسیۆنه‌كه وه‌ك خۆی، كه سه‌رۆكی كۆمسیۆنه‌کە كورده و له فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د.ئه‌رده‌لان نوره‌دین، ئەندامی ئەنجومەنی عێراق، لە فراکسیۆنی پارتی، سه‌باره‌ت به دواین زانیاری له پرسی لیسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند: ده‌نگدان بۆ لیسه‌ندنه‌وه یان مانه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌لبژاردنه‌كان، وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه و بڕیاره له دانشتنیكی په‌رله‌ماندا بخرێته ده‌نگدانه‌وه، به‌ڵام ئیستا تا دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان په‌رله‌مان له پشووی فه‌رمییە و ده‌كرێ دوای پشووه‌كه پرسه‌كه بخرێته ده‌نگدانه‌وه.
د.ئه‌رده‌لان نوره‌دین ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، وه‌ك پارتی تا ئیستا هیچ رێككه‌وتنێكمان بۆ لێنه‌سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له سه‌رۆكی كۆمسیۆن نه‌كردووه، كه پارتییه، چونكه متمانه‌مان به رێککەوتن نه‌ماوه له دوای لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له وشیار زێباری، وه‌زیری دارای عێراق، كه رێککەوتن كرابوو له پۆسته‌كه‌ی بمێنێته‌وه، به‌ڵام پابه‌ندی به‌ڵێن و رێککەوتنەکانیان نه‌بوون و متمانه‌یان لێسه‌نده‌وه.
ئەو پەرلەمانتارە هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، خۆی چه‌ند مانگێكی كه‌می ماوه واده‌كه‌یان ته‌واو بببێت، بۆیه چاوه‌ڕێی ده‌نگدانین، بزانین په‌رله‌مان كۆمسیۆن هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه یان وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه.