نوچەنێت-رووداو
بەپێی راگەیێندراوێکی حەشدی شەعبی ئەمڕۆ پێنجشەممە گوندی کۆچۆ لە سنوری شنگال لەلایەن هێزەکانیانەوە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، سەرجەمی ئەو 48 گوندانەی سەر بە ناحیەی قەیرەوانن، هێزەکانی حەشدی شەعبی توانیان هەموویان کۆنترۆڵبکەنەوە، تاوەکو شەوی رابردوو، تەنها گوندی کۆچۆ مابوو، بەڵام ئەمڕۆ 25-6-2017، چووەنە نێو گوندی کۆچۆ و ئەویشیان کۆنتڕۆڵکردەوە.
لە 3-8-2014 داعش هێرشیکردە سەر شنگال و دەورووبەری و تەنیا لە گوندی کۆچۆ هەزار و 300 کەسی کوشتن، یان بە دیلی گرتن و بێسەروشوێنن.
گوندی کۆچۆ 18 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای شنگال- لە پارێزگای نەینەواوە دوورە، پێش ئەوەی داعش هێرشی بکاتە سەر، نزیکەی چوار هەزار کەسی تێدا دەژیا، کە زۆربەیان کوردی ئێزدی بوون.
رۆژی 24-5-2017 ئەبو مەهدی موندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، حەشدی شەعبی لەژێر ناوی “شەهیدەکانی شنگال” قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی “محەممەد رەسوڵڵا”یان دەستپێکردووە، بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی رۆژئاوای قەیرەوان و بەعاج و گەیشتن بە سنووری عێراق- سوریا.