نوچەنێت- الجزیرە
دەگوترێ هاوپەیمانی نێوان دەوڵەتەکان لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و بەرامبەر بە یەک دێتە کایەوە یان ئەوەی، کە دوژمنێکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە. لە دەستپێکی دەسەڵاتدارێتی دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەکانی گۆڕانکاری لە نەخشەی هاوپەیمانیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەبەرە دەرکەوتووە.
ئەم بابەتە لە خۆیدا پێویستی بە ژیانەوە “تەوەری وڵاتانی میانەرەو” هەیە، کە بە بەشداری سعودیە، میسر و ئۆردن، لە دژی دوژمنی هاوبەش واتە ئێران، هاتۆتە کایەوە. دوژمنێک، کە کەمترین رای و بۆچوونی جیاوازی لە سەرە. لێرەدا خاڵێک، کە دەبێ تەرکیزی بخرێتە سەر، مسەلەی ئێسرائیلە لەم هاوکێشەیەدا.
لە نێوان دوو مێحوەر
بەر لە دەستپێکی شۆڕشە عەرەبیەکان، ناوچەکە بە سەر دوو مێحوەر و کەمپی رکابەر دابەشکرابوو، کە سنوورەکانیان دیار بوون، مێحوەری بەرگری، کە پێهاتبووە لە ئێران، سوریا، حزبوڵڵا و حەماس، هەروەها مێحوەری میانەڕەو، کە پێکهاتبوون لە میسر، ئۆردن و وڵاتانی عەرەبی کەنداو، کە بە تێکڕایان بەشێکن لە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی و دواتر ئەو شٶڕشانەی، کە لە دژی کران، دواتریش قەیرانی سوریا و گومان و دردونگییەک، کە ئۆباما سەبارەت بە ناوچەکەوە هەیبوو، مێزی یارییەکی شێواند و سنووری نێوان مێحوەرەکان تێکچوو. لێرە بە دواوە هیچ بنەما یان پێوەرێک بە دی نەدەکرا، کە بەو پێیە بەرژەوەندی بەرامبەر بە یەک یان دوژمنی هاوبەش دیاری بکرێت.
جیهانی عەرەبی لە دژی خۆی شۆڕشی کرد و ناکۆکییەک لە نێوان رەوتە توندڕەوەکان پێکهات، کە خوازیاری گرتنە بەری ڕێوشوێنی توندوتیژی بوون لە دژی نەیاران و دژبەران. کۆنەپارێزەکانیش هاتنە سەر ئەو قەناعەتە، کە شۆڕشە عەرەبیەکان هەڕەشەی جددی بۆ سەر دەسەڵات و سیستمە سیاسیەکانە، کە ئەوان دەسەڵاتدارێتی تێدا دەکەن. لیبراڵ و سۆسیالیستەکانیش پێیان وابوو، کە دەبێ نێونجیەک، کە پێویستی گۆڕانکاری و گۆڕانکاری هەنگاو بە هەنگاو و ناتوندوتیژ بخەنەڕوو، کە ئەمەش لە راستیدا سنووربەندییەکی نادیار بوو.
بەڵام مێحوەری بەرگری، زەبرێکی بەژانی بەرکەوت، رێک ئەو کاتەی، کە حەماس کشانەوەی خۆی راگەیاند. هەروەها دوای ئەوەئ، کە سوریا بوو بە مەیدانی ململانێی زلهێزەکانی جیهان و لێرەبەدواوە هێزی ئێران و حزبوڵڵا لە کەمی دەدا. سیاسەتی دەرەوەی ئۆباماش تا دەهات دۆخەکەی ئاڵۆزتر و ناڕوونتر دەکرد.
ئۆباما پێداگر بوو لەوەی، کە کەلێنەکان لە گەڵ ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمی پڕ بکاتەوە و رەخنە و هێڕشەکانی بۆ سەر هاوپەیمانانی سوننە و عەرەبی ئەمریکا زیاتر کرد. ئۆباما هاتە سەر ئەو باوەڕەی، کە ئەوە ئێران نییە، هەڕەشە لە ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە دەکات، بەڵکو خودی وڵاتانی سوننەو ئەو کێشە و ململانێ ناوخۆییانەیە، کە سەرکوت و توندوتیژی بەدوادا هاتووە.
دوای ئەوەی ترامپ گەیشتە دەسەڵات، سنوورەکان بەرەبەرە روون بووەوە. هەر لە سەرەتاوە، سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە دژی ئێران هەڵوێستی توندی وەرگرت. بۆ نموونە لە تویتێکدا نووسی “ئێران یاری بە ئاگر دەکات، ئەوان قەدری مێهرەبانی و نەرمبوونەکانی ئۆبامایان نەزانی، من ئۆباما نیم”.
ئەم هەڵوێستە توندانە، هاوکات بە رێگەی ئیدارەی نوێ پێکهاتوو لە جەنەڕاڵە بە ئەزموونەکانی وەک جەیمز ماتیس، وەزیری بەرگری و هێربێرت ماکماستەر، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی بەهێزتر و تۆختر بووە، کۆی ئاماژەکان دەریدەخەن، کە ئیدارەی ترەمپ توندوتیژی خۆیان دەربارەی ئێران نەشاردۆتەوە و لە روانینیاندا، ئێران گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ئەژمار دەکرێت.
ماتیس بە ئاشکرا گوتی، ئێران یەکێکە لە گەورەترین وڵاتانی پشتیوانی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی. ماکماستەر جەختی کردەوە، کە ئەمریکا ئیرادەی ئەوەی هەیە، کە چەتری پشتیوانی خۆی لە سەر ئێران لابدات، چونکە تاران پشتگیری مرۆڤ کوژەکانی رژێمی سوریا دەکات.
بە گوتەی ماکماستەر، ئێران سیاسەتێکی هاوشێوەی پێکهێنانی حزبوڵڵا پێڕەو دەکات لە ناوچەکە، تاکوو بەرەبەرە حکومەتەکان لاواز ببن و ئەویش پەرە بە دروستکردن و هێنانەی کایەی رەوت و لایەنەکانی ژێر دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی خۆی بدات. بەم شێوە بوو، کە دوژمنی هاوبەشی دەرەکی دیاری کرا، ئێران و پێشتریش داعش. ئێستا ئەوەی ماوە، پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی بەهێزە، کە ببێتە بەربەست لە بەدەرم ئەم دوژمنە هاوبەشە. لێرەدا دیسان رۆڵی ئیسرائیل لە هاوکێشەکە ناڕوونە و وەک گرفتێک بەرچاو دەکەوێ.
هاوپەیمانێتی ئیسرائیل
بانگەشەی ئەوە دەکرێ، کە پێشگرتن بە هەڕەشەکان سەرکەوتوو نابێت، مەگەر هەموو وڵاتانی خاوەن کێشە تیایدا بەشدار بن. ئەمە مانای وایە، کە ئیسرائیل بەشێکە لەم هاوکێشەیە. بە رواڵەت وڵاتانی عەرەبی میانەڕەو، هیچ کێشەیەکیان لە گەڵ وەها شەراکەتێک نییە و رەنگە بە هاوپەیمانێتی ئیسرائیل زۆریش سەرمەست بن.
لە ماوەی رابردوودا، گرێدانی پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیل، چیدی بابەتێکی جێی نیگەرانی نییە و هەماهەنگی لە گەڵ ئیسرائیل تەنانەت بە شێوەی یەک لایەنە، بابەتێکی ئاسایی دێتە بەرچاو. لەم گۆشە نیگاوە، زمانی دیپلۆماسی نێوان ئیسرائیل و ژمارەیەک لە پایتەختی وڵاتانی عەرەبی، لە رادەبەدەر دۆستانە و نەرم و نیانە.
ئەم رووداوە، لە گەڵ روانگەی گشتی دۆنالد ترمپ، سەرۆکی ئەمریکا یەکانگیرە. ترەمپ لە هەوڵدایە رچەشکێنی بکات و شێوازەکانی رابردوو لە پەیوەندی لە گەڵ کەیسەکانی ئیسرائیلی-عەرەبی وەلابنێ. بە جۆرێک کە لە میانەی کۆنفڕاسی رۆژنامەوانی هاوبەشی لە گەڵ بنیامن نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە 20ی فێبریوەری 2917 گوتی “رێککەوتنێکیی مەبەستە، کە نە تەنها ئیسرائیل و فەلەستینییەکان، بەڵکوو وڵاتانی ناوچەکەش بگرێتەوە”. بە گوتەی ترەمپ، وەهاا رێککەوتنێک بە رادەیەک گەورە و گرنگە، کە لە دەرەوەی تەسەوڕی لایەنەکانە.
لێدوانەکانی جەنەڕاڵ ماکماستەر، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە چوارچێوەی ئەم لێدوانەی ترەمپ دەگونجێت. ماکماستەر لە کاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی ساڵیادی دامەزرانی ئیسرائیل، لە واشنتۆن گوتی “هەلومەرجی سەخت و دژوار بە تاینەت هێزە سەربازی داعش و هەڕەشەکانی ئێران بۆتە هۆکار و پاڵنەرێک، کە بمانهێنێتە سەر ئەو باوەڕە، کە بیر لە چارەسەری گەورە بکەینەوە، بە تایبەت لە پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیل و فەلەستین”.
ئەم دید و بۆچوونانە و هێنانە کایەی ئەم هاوپەیمانییە لە سەردانی ترەمپ بۆ ناوچەکە و دواتر ڤاتیکان، فۆڕمێکی جددی بە خۆوە گرتووە و بە کردەوە باسی لە سەر کرا.
جێی ئاماژەیە، جەنەڕاڵ ماتیس، وەزیری بەرگری ئەمریکا، پێش سەردانەکەی ترەمپ بۆ ناوچەکە، سەردانی وڵاتانی سعودیە، میسر، قەتەر، ئیسرائیل و جیپۆتی کرد.
شاراوە نییە، کە ئەم هاوپەیمانییە، ئیسرائیل لە وڵاتانی عەرەبی نزیک دەکاتەوە و ئەمەش ناتوانێ سەرکەوتوو بێت، مەگەر ئەوەی ئارامی و ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان بێتە ئاراوە. لێرەدا دەکرێ گریمانەی ئەوە بکرێت، کە پرسی فەلەستین، بۆ جارێکی دیکە ببێتە کارتی دانوستان لە هاوكێشە و هاوسەنگییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا.
ئەوەی ئەم جارە جێی سەرنجە، کارتی فەلەستین بۆ دۆستایەتی و لێکنزیککردنەوەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل بەکار دەهێنرێت، ئیسرائیلێک، کە وەک رابردوو دوژمن نییە، بەڵکوو بەشێکە لە هاوپەیمانیەکە.