نوچەنێت
لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، لەمەودوا بڕی 30%ی داهاتی وەزارەتی تەندروستی بۆ وەزارەتەکە خۆی دەگەڕێتەوە. وەزیری تەندروستی دەڵێت “داهاتی سەنتەرەکانی هەرس و جگەر بەڕێژەی 60% بۆ سەنتەرەکان دەگەڕێتەوە و لە سەنتەرەکان خەرجدەکرێت.”.
د. رێکەوت حەمە رەشید، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند، لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی کۆبوونەتەوە و بڕیاردراوە 30% داهاتی وەزارەتی تەندروستی بگەڕێتەوە وەزارەت، کە بۆ نەخۆشخانە و مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکان خەرجدەکرێت.
وەزیری تەندروستی ئاشكرایدەکات، لەمەودوا بڕی 15% لە داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆپاراستنی تەندروستی دەگەڕێتەوە وەزارەتی تەندروستی و وەک هاندان بۆ کارمەندان و پزیشكانی خۆپاراستن خەرجدەکرێت. هەروەها داهاتی سەنتەرەکانی هەرس و جگەر بەڕێژەی 60% بۆ سەنتەرەکان دەگەڕێتەوە و لە سەنتەرەکان خەرجدەکرێت.
یەکێكی دیکە لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە گوتەی د.رێکەوت ئەوەبووە، کە لەمەودوا دوو ملیار دینار لەو شەش ملیار دینارەی بۆ کڕینی دەرمان دابینکراوە بەشێوەی کاش خەرجدەکرێت، “چونکە کڕینی دەرمان بەشێوەی کاش هەرزانتر لەسەر وەزارەتەکە هەژماردەکرێت”.
وەزیری تەندروستی گوتیشی، بڕیاریان داوە پارەی مانگێكی دیکەی هاندان و ئێشکگری بۆ پزیشكان و کارمەندانی تەندروستی ئیداری خەرجبکەن.