نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئێوارەی رۆژ پێنجشەممەی داهاتوو لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەت دادەنیشێت بۆ بینینی مانگ و دەشڵێت “گومان هەیە، رۆژی شەممە ببێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان”.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان، چەند رۆژێك بەر لە رەمەزان، لیژنەیەکی باڵا لەوەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵدەستێت بەچاودێریکردنی مامانگ، بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان رایگەیاند: ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 25-5-2017 لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی ئەوقاف، کە لیژنەی باڵای بینینی مانگە دادەنیشێت، بۆ بینینی مانگ، ئەگەر مانگ بینرا، ئەوا رۆژی هەینی دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان، ئەگەر نەبینرا ئەوە رۆژی شەممە دەبێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز.
نەبەز ئیسماعیل هەروەها گوتیشی “تائێستا دڵنیانین، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان چ رۆژێکە، بەڵام گومانی بەهێز ئەوەیە، کە رۆژی شەممە ببێتە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان”.
لەبارەی ئامادەکاریەکانیش بۆمانگی رەمەزان ئاشکرایکرد “گوتاری مانگی رەمەزان تۆمارکراوە، کە خۆی لە 28 گوتاری ئاینی دەبینێتەوە، کە بەکوالێتی (فول ئێچ دی) و بەبەشداری سەرجەم مامۆستایانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکراوە، هەر گوتارێک دەخولەکە و پێش بەربانگ نمایشدەکرێت، دابەشکراوە بەسەر سەرجەم تەلەفزیۆنە ناوخۆیی و ئاسمانیەکاندا، لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان”.