نێچیرڤان بارزانی: نەوشیروان مستەفا هەمیشە جێگەی تەقدیری ئێمە بووە

0

نوچەنێت

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر گڵکۆی نەوشیروان مستەفا رایگەیاند “کاک نەوشیروان هەمیشە جێگەی تەقدیری ئێمە بووە و هیوادارین پرسەکە ببێتە دەرفەتێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان”.

رۆژی دوشەممە 22-5-2017، بۆ هاوخەمی دەربڕین و سەرەخۆشیکردن لە خانەوادەی نەوشیروان مستەفا و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی پارتی، بەهاوڕێیەتی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک سەرکردەی حیزبەکەی، سەردانی شاری سلێمانی کرد و چووە سەر گڵکۆی نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە.

دوای دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گۆڕەکەی و فاتیحاخوێندن، نێچیرڤان بارزانی گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند “بۆ دەربڕینی سەرەخۆشی خۆمان سەردانی گڵکۆی نەوشیروان مستەفامان کرد و بە نوێنەرایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هاتووم، کاک نەوشیروان تەمەنێکی زۆری بۆ خەبات تەرخانکرد و هەمیشە جێگەی تەقدیری ئێمە بووە”.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە خەباتی نەوشیروان مستەفا کرد و گوتی “کاک نەوشیروان رۆڵێکی گەورەی هەبوو لەسەرخستنی راپەڕینی گەلی کورد، هەروەها رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە نووسینەوەی دەستووری عێراق”.

بارزانی لەدرێژەی وتارەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو،کەکاری هاوبەشی زۆریان لەگەڵ کاک نەوشیروان هەبوو، دەستکەوتەکانیان زیاترن لە ناکۆکییەکان.

نما و چیا، کوڕانی نەوشیروان مستەفا و ژمارەیەک هەڵسوڕاوی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە پێشوازی نێچیرڤان بارزانی و شاندی هاوڕێیدا بوون. عومەری سەید عەلی، هەڵسوڕاوی دیاری گۆڕان سەرەڕای بەخێر هێنانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و شاندەکەی پارتی گوتیشی”هیوادارین کێشەکان لەگەڵ پارتی بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com