نوچەنێت
چیرۆکی کۆبانێ لە کوێوە دەستی پێکرد؟
د. بێهرەنگ سدیقی
چیرۆکی کۆبانێ لەکوێوە دەستی پێکرد؟(1) کۆبانێ چ تایبەتمەندیگەلێکی هەیە کە لەمڕۆژانەدا هێندە ئاوڕی لێدەدرێتەوە؟ چۆن ئەم خەڵکە شەست هەزار کەسییە نەوەك تەنیا توانییان خۆیان لەناو سیستەمێکی ئازاد و بەرامبەردا بەڕێوە بەرن، بەڵکو توانییان لەهەمبەر سەختترین گوشارەکاندا بوەستنەوە و قۆڵیان لێ هەڵماڵی هەتا تەفر و تونایان بکەن، گیانبازانە بەرگری لەخۆیان بکەن؟ لانیکەم دەبێ هەندێک لەوەڵامەکان لە ناو سیستەمێکدا بدۆزینەوە، کە بەسەر ئەم هەرێمەدا فەرمانڕەوایە و لەرواڵەتدا شێوەیەكە لەسیستەمێک، کە بە KCK (کەجەکە: کۆما جڤاکێن کوردستان) ناوی دەرکردووە.
“عەبدوڵڵا ئۆجەلان” لەماوەی ئەو پانزە ساڵەی لەزینداندا بووە، هەوڵیداوە بەوردی ئەم سیستەمە دامەزرێنێت. ئەوەی کە ئەم سیستمە چییە و چۆن ئۆجەلان پێیگەیوە و کەوتۆتە ژێر کاریگەری کام کەسانەوە، لەدرێژەدا باس دەکرێت. دوابەدوای ئەمە شرۆڤەی ئەوە دەکەم، کە ئۆجەلان چۆناوچۆن، بەکاریگەری وەرگرتن لە “بوکچین”ەوە، لە مارکسیزم ـ لینینیزمەوە بەرەولای جۆرێک لە ئانارشیزم مەیلی پەیداکردووە، کە هێندەش لە چوارچێوە ئاساییەکانی ئانارشیزمیشدا جێی نابێتەوە. هەروەها دەمەوێت لەوە بکۆڵمەوە، کە چ پەیوەندیەك لەنێوان ئەم وەچەرخانەی ئۆجەلان و باسکردنی ئایدیای KCKدا هەیە؟
دەستپێکی ئەم چیرۆکە بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە، کە ئۆجەلان کتێبی “دین ئەمەیە”ی سەیدقوتبی دانا و کتێبی “ئەلفوبێی سوسیالیزم”ی “لێۆ هوبرمان”ی بە دەستەوەگرت. ئۆجەلان کە پێشتر قورئانی ئەزبەر بوو، ئێتر وایلێهات لەژێر لێوەوە بڵێت “دین شکست دێنێت و مارکسیزم سەر دەکەوێت.”(2) وتبوویان ئەگەر لەو رێگایەی ئەوی بە بەرنوێژی مزگەوتی گوندەکەیان گەیاندبوو هەڵنەگەڕابایەوە، رەنگە لەئاکامدا وای لێهاتبایە “وەک فریشتەکان بفڕێت”(3). بەڵام هەڵگەڕایەوە، مارکس و لینینی خوێندەوە.
لەساڵی 1974 و لەئەنکەرە PKKی دامەزراند و دەستی بە ناونوسكردنی ئەندامان کرد (اوجالان، ١٣٨٩ آ: ٨). لەئەنجامدا دوای پێنج ساڵ کە پێكەوە مارکس و لینینی خوێندەوە، لەبەهاری دیاربەکردا مانیفێستیکی ئاگرینی بڵاوکردەوە. ئۆجەلان ئەو مارکسیست لینینیستە بوو، کە هەر شێوە بیرکردنەوەیەکی رێڤیسیۆنیستی (پیاچوونەوەباوەڕیی)(4)، كە لە بیرۆکەی مارکسیزمدا دەکرا، سەركەوت دەكرد، جا چ بیرنشتاین بێ و چ ترۆتسکی، یان حیزبە سوسیال دیموکراتەکانی ئەوروپا بن؛ هەموویانی وەک نوێنەرانی ئیمپریالیزم پێناسە دەکرد، کە لەئێستادا و لەکاتی بەواقیعبوونی سوسیالیزم لەیەکێتی سۆڤیەت، وەک سەگێکی هاریان لێهاتووە (اوجالان، ١٣٨٩ آ: ٨ و ٤٨ – ٤٩؛ هەروەها بڕوانە: اوجالان: ١٣٩٢).
ئەم شێوە بیرکردنەوەیە ئاکامی رێگای شۆڕشی کوردستانی (١٣٨٩) لێکەوتەوە، کە ئامانجەکەی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ گەلی کورد بوو. ئێستا نازناوەکەی بووە بە ئاپۆ و بە سەرۆک بانگیان دەکرد. “شوان پەروەر” گۆرانی دەگوت “بەرخۆدان ژیانە، هەی هەی هەی، سەرهەڵدان ژیانە، هەی هەی هەی”. عەبدوڵڵا ئۆجەلان چەکی بە دەستەوە گرت و وتی “باکوور، باشوور، رۆژهەڵات … یەک خەبات و یەک وڵات”. کوردەکان لەشاری پێغەمبەرەکانەوە (ئورفا؛ زێدی ئۆجەلان) بۆ شاخەکان رەوانە كران. شوان لە ستران گوتن نەوەستا و ئۆجەلان پتر لە ١٠٠ کتێبی نووسی(5) و کوردەکان لەخەباتدا بەردەوام بوون، تا ئەو شوێنەی ژمارەی کوژراوەکان ٤٠ هەزار کەسی تێپەڕاند و ژمارەی دیلەکان خۆی لەدەیان هەزار کەس دا. وایلێهات کە “ماندێللا” لە بەخشینی مافی پەنابەری بە ئۆجەلان پاشگەز بوویەوە، دوابەدوای ئەمە بڵند ئەجەویت سەرکەوتووانە لەتەلەفزیۆنی تورکیادا ئۆجەلانی بە قۆلبەستکراوی نیشان دا. (6) ئەم بەسەرهاتە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ روویدا، کە نە لەمارکسیزمەوە دەنگێک دەبیسترا و نە لە لینینیزمیشەوە خەبەرێك هەبوو، کە بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ ئاپۆ و هەڤاڵانی بەدەور یەکترەوە کۆکردبووەوە. شوان پەروەریش ئیتر وەک سەرۆک بانگی ئۆجەلانی نەدەکرد و وایلێهات لەکەنار ئیبراهیم تاتڵیس راوەستا و لەپەناگوێی ئۆردۆغان و بارزانیدا گۆرانی چریکاند. ئاپۆ بۆی دەرکەوت، کە دەبێ خۆی بگۆڕێ و گۆڕدرا.
ئێستا 10 ساڵە ئاپۆ لە دوورگەی ئیمرالی تەنیا کەوتووە، رەنگە تا ئەبەد هەر تەنیا بمێنێتەوە. هەڵبەت ئەو لەتافی لاویەتیشدا هەر “مرۆڤێکی تەنیا” بووە. خۆی دەبێژێ هەتا 15ی ئابی 1984 کە دەستی بۆ چەک برد و دەستەیەکی بەدەوری خۆیەوە کۆکردبووەوە، تا ئەوکاتەی کە دروشمی “کوردستانی سەربەخۆ، یەکگرتوو و دیموکراتی” نەکوتبووە سەرزاران، واتە هەتا ئەوکاتەی تەمەنی لەسی تێنپەڕیبوو، هێشتا کەسێکی کۆمەڵایەتی لێدەرنەچووبوو (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٢٨ ـ ٢٣٢). کەواتە ئێستا دووبارە تەنیا و تەریک کەوتۆتەوە. بەڵام لەم تەنیاییەدا خۆی لێ ون نەبووە و بەزەحمەتێکی زۆرەوە خۆی پەروەردە کردووە. تەنانەت ئێستا ئاپۆ بۆخۆشی ئەو سەرۆکە نییە، کە جاران باسی لێدەکرا، ئەو رێبەرە سیاسی ـ پراکتیکیە، کە فەرمانی دەردەکرد و ئەوانیتر گوێڕایەڵی بوون.
بۆخۆی باس لەوە دەکات، کە سەرۆکایەتی ئەو لەساڵەکانی زینداندا رێبەرییەکی کۆمەڵناسییانە بووە(7). ئۆجەلان لەساڵەکانی ئیمرالیدا سەرقاڵی فۆرمەلەکردنی مۆدێلێک بوو بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی، کە هەرچەندە شێوازەکەی لەناو قووڵایی مێژوودا دەرهێناوە، بەڵام پێیوایە وەک بیرەوەرییەکی گشتی، هەمیشەییە و تەنیا دەبێ وەبیری بهێنینەوە، هەتا دیسانەوە بێتەدی. ئەو لەم ساڵانەی زینداندا رەهەندێکی تیۆریی بە سی ساڵ سیاسەتمەداریی ئەزموونگەرایانە (اوجالان، ١٣٩٢: ١٩٨) دەبەخشێت. لەم رێگەیەدا سەری لەزۆر کەس داوە؛ لە “بوکچین”ەوە بگرە هەتا “والێرشتاین” و “فۆکۆ”، لەهەر کەسێکەوە بیرۆکەیەکی وەرگرتووە (اوجالان، ١٣٨٩ب: ١٢ – ١٣) و ئەڵتەرناتیڤێكی لەجیاتی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی داناوە و ناوی مۆدێرنیتەی دیموکراتی لێناوە.
هەڵبەت دوابەدوای ئەمە نە تەنیا هێرش دەکاتە سەر سەرمایەداریی و ئەندامەکانی، بەڵکو بەتۆمەتی ئەوەی نەیانتوانیەوە خۆیان لەداوی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی رزگار بکەن، ئەو سوسیالیزمە زانستی و واقعیەش بەچڕی دەکوتێت، کە لەسەرەتای بزاڤەکەدا شێت و شەیدای بوو (بۆ نموونە بڕوانە: اوجالان ١٣٨٩ب: ١٤ و ئەو چەند بابەتەی دواتر باسی لێدەکرێت). لەم کوشتن و بڕینەدا نە تەنیا پەلاماری لینین و ستالین و ماو دەدات، بەڵکو رەحم بە مارکس و ئینگڵزیش ناکات!
بەرادەی پێویست روونکراوەتەوە، کە تەنانەت سوسیالیزمی مارکس ـ ئێنگڵز کە وەک روانگەی دژبەری سیستەمی سەرمایەداریی دەرکەوت، بۆخۆی كرچوكاڵترین راڤەیەکە کە سەبارەت بەکۆمەڵگا دەرکراوە. هەر ئەم بیرۆکانە سەرەڕای هەموو ئەو داخوازییانەی لەهەمبەر دژایەتیکردن لەگەڵ سەرمایەداریی هەیانە، زیاتر لە لیبڕاڵیزم کە ئایدیۆلۆژی رەسمی سەرمایەدارییە، خزمەتی ئەم بیرۆکەیان کردووە. (اوجالان، ١٣٨٩ب: ١١).
هەرچۆنێک بێ، ئاپۆ لەساڵی ٢٠٠٥ کۆتایی بە پرۆسەی ژانی پڕ ئازاری لەدایکبوونی ناسنامەی کوردی هێنا و رایگەیاند، کە لایەنگرەکانی دەبێ بۆ زیندوومانەوەی ئەم زارۆکە هەوڵ بدەن (اوجالان، ١٣٩٢: ١٩٤). ئەو لەمەوبەدوا چیتر قسە پێشترەکانی دووپات نەکردەوە. ئاپۆ لەزێدی ئیبراهیم پێغەمبەرەوە سەری هەڵدابوو دەیویست بەوێنەی ئەو رێڕەوەکە بپێوێت: “لەشوێنی لەدایکبوونی ئیبراهیم لەدایکبووم؛ لەشوێنێکدا کە ئەو بتەکانی شکاند، بەمەبەستی بزاڤی شکاندنی بتەکان هەوڵ و تەقەللام دا؛ هەروەها بەوێنەی ئەو سەرپێچیم کرد و سەربزێوانە رێگاکەم درێژە پێدا.” (اوجلان، ١٣٩٢: ٢٣٥)
خۆی دەڵێ لەشاری رۆم بووە، کە بەم شێوەیە سەرپێچی کردووە و تێپەڕیووە. چۆن قاچی بە رۆم گەیشت؟ لەساڵی ١٩٨٤ دوابەدوای زۆربوونی گوشارەکان، پاش کودتای سوپا لە ١٢ سێپتەمبەری ١٩٨٢ لە تورکیا و قەدەغەکردنی زمانی کوردی (اوجالان ١٣٩٢: ٢٣٢) ئۆجەلان دەڕوا بۆ سوریا و لەگەڵ لایەنگرەکانی لەدۆڵی “بیقاع” نیشتەجێ دەبن. هەر لەو شوێنەوە بوو، کە بەشێوەی فەرمی کوردەکانی بۆ چالاکی چەكداریی بانگهێشت کرد. لەساڵی ١٩٩٩ و دوای ئەو هەڕەشە و گوڕەشانەی تورکیا لەو و لە وڵاتی سوریای کرد، لە شام و حەلەبەوە بەرەو ئەسینا و مسکۆ و دوشەنبەی پایتەختی تاجیكستان بەرێکەوت و دیسانەوە لە رۆم گیرسایەوە. هەڵبەت رەنگە ئەمە رێک ئەو رێگایە نەبێ کە ئەو پێواویەتی. رەنگە هەر ئەو سی ساڵ خەباتە بووبێت، کە ئەوی بە رۆم گەیاندبێت، هەڵبەت نرخەکەی گیان لەدەستدانی ٤٠ هەزار کەس و ئەنجامی خۆی بوو، کە لە رۆمەوە رێی کەوتە باڵوێزخانەی یۆنان لەکێنیا و سەرەنجام لەنایرۆبی کەلەپچەی میتی لەدەست کرا.
فیتی ئەم پیلانە لەژێر سەری کلینتۆندا (سەرۆکی ئەمریکا) بوو، کە رێوشوێنی نیشانی ئەجەویت دابوو و بەمگوێرە ئاپۆیان بۆ ئەستانبۆل گەڕاندەوە(8). لەوێشەوە تاکوتەنیا و هەتاهەتایە ناردیانە دوورگەی ئێمرالی. لەرۆم بوو کە دوایین وتوبێژی ئەنجامدا، بەرلەوەی دەستبەسەر بکرێت و وتی کە دەبێ لە PKKدا چاکسازی بکرێت. رێک هەر ئەو کارەی کە خۆی بەتاقی تەنیا لەبێدەنگی ئیمرالیدا قۆڵی لێهەڵماڵی. لەبنەماکانی سوسیالیزمێکی زانستی وردبووەوە، کە بۆ ماوەی سی ساڵ گیرۆدەیان بوو. وەك خۆی نوسیویەتی “لەبەر هۆکاری ئەو کاریگەرییەی سوسیالیزمی واقعی لەم ماوە دوور و درێژەدا هەیبوو” زۆر بەدژواری توانی خۆی لێیان دەرباز بکات. (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٣٢)
هەڵبەت ئۆجەلان دەڵێ، كە ئەم سوسیالیسزمە زانستی و واقیعیە شتێکی تێدا بووە، کە لە ماوەی هەموو ئەم 30 ساڵ خەباتەدا، دەنگێکی شاراوە لەمێشکیدا دژایەتی لەگەڵدا کردووە و هەمیشە بەشوێن رێگایەکەوە بووە، کە خۆی لێی ڕزگار کات (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٣٣؛ هەروەها اوجالان، ١٣١٨٣: ٣٠٦).
ئەم شێوە بیرکردنەوەیە پێویستی بە دنەیەک بووە هەتا خۆی نیشان بدات. دەنگی باوە ساڵحە لە رۆمەوە ئەو هاندەرە بووە؛ وەك ئەوەی حەقیقەتی گەلی کورد لە گەرووی باوە ساڵحەوە هاتبێتە دەرەوە (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٣١). باوە ساڵحە باسی لە دەشتی موسڵ دەکرد، کە بانگی دەروێش عەبدۆ دەکات، تاكو لە بەرزاییەکانی شەنگالەوە بەرەو لای ئەو بێت و ناسنامەی کورد لەهەمبەر دوژمنەکانی زیندوو راگرێت، هەر واشی لێهات، تا ئەو کاتەی خۆی خەڵتانی خوێن بوو. دەروێش لە ئەسپەکەی کەوتە خوارەوە، دەوڵەت-نەتەوەی کورد کە ئۆجەلان لە ماوەی سی ساڵ لەمێشکیدا وێنای کردبوو، تێکوپێک شکا. هەر ئەمە بوو بەهۆی ئەوەی (دەوڵەت-نەتەوەیەک کە بوونی نەبوو) بە بیستنی چریکەی باوە ساڵحە لە رۆمەوە لە مێشکی ئاپۆدا بزر ببێت (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٣٣ ـ ٢٣٤).
بەم شێوە بوو کە ئۆجەلان لەکاتی تەنیاییەکانی لە دوورگەی ئێمرالی بۆی دەرکەوت، کە پڕۆژەی سوسیالیزمی زانستی و واقیعی لە بنەڕەتدا لەگەڵ پڕۆژەی “دەوڵەت-نەتەوەسازیی”دا هاوئاڕاستە بووە؛ پڕۆژەیەک کە بناغەکەی سەرمایەداریی بووە (اوجالان، ١٣٩٢: ١٩٧). پڕۆژەیەک کە وەک پەتایەکی هەمەگیر لەناو هەموو بزاڤە جەماوەرییەکاندا تەشەنەی سەندووە (اوجالان، ١٣٩٢: ١٩٧). هەر هەمان نەخۆشی کە لینینی شێت کرد و ستالینی کوشت، تەنانەت شۆڕشە کولتوورییەکەی “ماو”یش نەبووە سارێژێک بۆ ئەم زام و دەردە (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٣٤). هەڵبەت لەکاتی وەسفکردنی نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە، دەستەویەخەی مارکس و ئێنگڵس بووەوە و هەڵەی ئەوانی لە هاومەبەستیکردن لەگەڵ پڕۆژەی دەوڵەت-نەتەوە دەستنیشان کرد: “گەورەترین هەڵەی بنیاتنەرەکانی سوسیالیزمی زانستی، واتە کارڵ مارکس و فرێدریک ئێنگڵس، ئەمە بوو، کە لەجیاتی ئەوەی ئەم دژە شۆڕشە، دەوڵەت- نەتەوە… دژایەتی بکەن و هەستنە سەر پێ، پشتیوانییان لێکرد.” ئاپۆ ئەم هەڵەیەی دوای زەبری بۆرژوازی، بەگەورەترین زەبر و زیانێک دەزانێت، کە تا ئێستا بەر شۆڕشەکان و بزاڤە ديمۆکراتیکەکانی گەلان کەوتووە (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٢٧).
وەلانانی خەونی دەوڵەت و هەوڵی بە دیموكراتیكردن
ئۆجەلان ژیانی خۆی لە ئيمڕالی “بەتێکۆشان بۆ رزگارییەکی تەواو لەکاریگەرییەکانی ئەم خودایە” بەسەر بردووە، خودای دەوڵەت ـ نەتەوە کە خۆی وا نواندووە، کە ئەگەر بێت و نەبێ نە لەخانەدان و رەسەنایەتی شتێکی ئەوتۆ دەمێنێتەوە، نە لەدین و نە لەکۆمەڵگا (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٣٤)1. تەنیایەکانی ئیمرالی ئەم شانسە گەورەی بە ئاپۆ بەخشی، کە دوور لە شەڕ و خوێنڕشتن لەکاریگەرییەکانی ناسیۆنالیزمێک خۆی لا، دا کە هیچ جۆرە دووربینییەکی تێدا نەبوو و توانی ئاڵتەرناتیڤێک لەسەر بنەمای مۆدێرنیتەی دیموکراتی پێشنیار بکات، کە رێگاکەی بەشێوەیەكی گشتی لەدەوڵەت جیادەبێتەوە (اوجلان، ١٣٩٢: ١٩٧). بەم شێوەیە بوو کە چەمکی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی وەکو ئاڵتەرناتیڤی مۆدێرنیتە فۆرموڵبەندی کرد: “بەهەمان شێوە کە کاڕڵ مارکس میتافیزیکی دیالێکتیکی هیگڵی بۆ ماتریالیزمی دیالێکتیکی گۆڕی، منیش هەوڵمدا هەتا مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بۆ مۆدێرنیتەی دیموكراتی بگۆڕم” (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٣٤).
لەکاتی ئەم شێوەگۆڕینەدا، ئاپۆ خۆی لە بابەتێک بەناوی دەوڵەت جیاکردەوە. بە باوەڕی ئەو ئەم بوونەوەرە ناتوانێت لەرێگەی پرۆسەیەکی لەسەرەوە، دیموكراسی بێنێتەدی. ئۆجەلان وای بۆدەچێت “ئایدیای دیموكراتیزەکردنی دەوڵەت” لەبنەڕەتەوە “کارێکی هەڵەیە”. ئاپۆ وەک میکانیزمێکی سەرکوتكردن سەیری دەوڵەت دەکات، هەروەها بەوێنەی “شکڵی بەسیستەمکراوی چینە حاکمەکان” و “یەکێک لەمەترسیدارترین دیاردەکای مێژوو” پێناسەی دەکات، کە وەک ژەهرێکی کوشندە مەترسی بۆ دیموكراسی هەیە و ئەگەر دەوڵەت هەبێ “ناکرێ سیستەمێکی دیموكراتی وێنابکرێت”. کەواتە بۆ بەدیهاتنی دیموكراسی نابێ تیشک بخرێتە سەر دەوڵەت و نابێ هەوڵەکانی بۆ چڕبکرێتەوە، تاکو دەوڵەت پێک بهێندرێت، لەبەرئەوەی ئەگەر دەوڵەت دامەزرێ، دیموكراسی لەکیس دەچێت و خەڵک وەک کەرەسەی یاری سیستەمی سەرمایەدارییان لێدەردێت (اوجالان، ١٣٨٣: ١٧٧ لەم سەرچاوەیەوە وەرگیراوە Biehl, 2014).2
هەرچۆنێک بێت، PKK کە “لەسەرەتاوە، لەسەر بنەمای سیستەمێکی سوسیالیستی واقعی پێکهاتبوو” دەبێ لەبۆچوونی دەوڵەت ـ نەتەوە دەست هەڵبگرێت و بێتە سەر رێگای دیموكراسی (اوجالان، ١٣٩٢: ٢١٤). چی دیکە نەیدەتوانی تێزی دەوڵەتی سەربەخۆ و سەربەخۆیی نەتەوەیی (اوجالان، ١٣٨٩: ١٧) وەک “تەنیا لێکدانەوەی راستی مافی دابینکردنی چارەنووس لەلایەن نەتەوەکان بۆ خۆیان” بزانێت (اوجالان، ١٣٨٩: ١٠٤). چیتر نەیدەتوانی درێژە بەو شەڕە جەماوەرییە بدات، کە تاکتیکی شۆڕشی کوردستان بوو لەسەرەتادا (اوجالان، ١٣٨٩آ: ١٠٠ ـ ١٠١) و لەسەر بنەمای بۆچوونی دەوڵەت ـ نەتەوە و بەئامانجی دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ گەلی کورد خەباتی دەکرد.
بەم گۆڕانی بۆچوونەی کە لەئاپۆدا ڕوویدابوو، دەبوایە PKKیش دووبارە خۆی رێکبخستایەوە. بۆیە روخساری حیزبەکەی گۆڕی و جلێکی نوێی بە بەریدا کرد، هەرچەند ئەمجارە ئیتر وەک مۆدێلێک نەبوو، کە لینین بۆ حیزبێک مەبەستی کردبوو؛ ئۆجەلان ئیتر ببوو بە رەخنەگری لینین (ئۆجەلان، ١٣٩٢: ١٩٦، هەروەها بۆ رەخنە لەحیزب بڕوانە: ئۆجەلان، ١٣٨٣: ٣٥٣). ئەم حیزبە نوێیە دامەزراوەیەکی ئایدۆلۆژییە کە کاری ئەوەیە ئاڕاستەی فیکری ئەندامەکانی خۆی بەرەو لایەنێکی دیاریکراو رێنوێنی بکات: “ئەم دامەزراوەیە نوێیە سازمانێک بۆ کاری پراکتیک نییە و ئیختیاری ئاڕاستەدانانی پراکتیکی نییە، تەنیا ئەرکێک کە هەیەتی چاودێریکردنی چالاکییە فکری ـ ئایدۆلۆژییەکان و راهینانی ئایدۆلۆژیكی هەموو ئەندامەکانی خۆی لەتەواوی پارچەکانی کوردستانە”3. تایبەتمەندییە ستراتیژییەکان کە لەروانگەی ئاپۆوە بۆ مەبەستی بەئەنجامگەیاندنی ئەرکە فکری ـ ئایدیۆلۆژیکەکان بنەڕەتین، بریتین لە “نەتەوەی دیموكراتی، پیشەسازی ئیکۆلۆژی [ژینگەناسی] و ئابووری سوسیالیستی” و سیاسەتەکەی لەسەر بناغەی ئایدیۆلۆژی، کۆمەڵناسی، زانست، ئەخلاق هونەر دامەزراوە (اوجالان، ١٣٩٢: ١٩٨). ئۆجەلان لەم رێرەوەدا KCK بەپێشەنگ دەزانێت (اوجالان، ١٣٩١: ١٣١) و هەر بۆیە ئاپۆ لەتەواوی ساڵەکانی زینداندا هەموو هەوڵ و توانای خۆی بۆ پەروەردەکردنی ئەم بیرۆکەیە دانا و قسەی لەسەر کرد، کە چییە و دەبێ چی بکەن.
كەجەكە چییە؟
بە بڕوای ئۆجەلان KCK جۆرێک لە سیستەمی بەڕێوەبەرێتی کۆمەڵگا دیموكراتیەکانی کوردستانە، یان بە واتایەکی وردتر ئۆرگانی سیاسەتی دیموكراتیە لەکۆمەڵگا خۆبەڕێوەبەرییەکانی کوردستان، کە لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە: “راڤەیەکی دیموكراتی جگە لەدەوڵەت” کە هەڵگری ئەم دروشمەیە “بەدیهێنانی مافی دابینکردنی چارەنووسی نەتەوەکان بەدەستی خۆیان” (اوجالان، ١٣٩٢: ٢١٣). ئەم بۆچوونە دیموكراتیکە نەتەنیا پەیوەندی بەمۆدێلە باوەکانی دەوڵەت ـ نەتەوەوە نییە، بەڵکو تەنانەت ناکەوێتە خانەی ئەو سیستمانەی کە فیدڕاڵن، لەبەرئەوەی سیستمە فیدڕاڵەکانیش شتێک جگەلە بەرتەسككردنەوەی سیستمی دەوڵەت ـ نەتەوە نین (اوجالان، ١٣٩٢: ٢١٤).
KCK لە بنەڕەتدا نە دەیەوێت دەوڵەت بڕوخێنێت و نەدەستی بەسەردا بگرێت (اوجالان، ١٣٨٣: ١٦٦). خەونی کوردستانی گەورە و دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ گەلی کورد کە لەسەرەتادا PKK بە شوێنیەوە بوو، ئیتر وەلا نراوە و باسی جیابوونەوە ئیتر ناکات. لە ئێستادا بەشوێن “بەدیموكراتیكردنی کورد”ـەوەیە، ئەگەر تەنانەت کەسێک بەزۆر بیەوێت بیرۆکەی جیابوونەوە بەسەر کورددا بسەپێنێت چیتر KCK قەبوڵی ناکات. (اوجالان، ١٣٨١ ب:٦٠). ئیتر لەمەوبەدوا، بەپێچەوانەی دەستپێکی خەبات، “خۆبەڕێوەبردنی ناوچەیی” نە تەنیا وەک بیرۆکەیەکی رێفۆرمیستی [چاکخوازانە] و ئێرتجاعی [دواکەوتوو] سەیر ناکرێت (اوجالان، ١٣٨٩آ: ١٠٤)، بەڵکو ئێستا رێک هەر ئەوە داوادەکات و رێگایەک لەپێناو دەستەبەرکردنی بەدیهاتنی خۆبەڕێوەبەری (ئۆتۆنۆمی) پێناسە دەکات، جا چ لەرێگایەکی ئاشتیخوازانەوە بێ، یان لە ڕێگەی شەڕێکی تەواو.
(مامۆستای کۆمەڵناسی زانکۆی ئازاد – لقی رودهن)
- www.meidaan.com/archive/3976 & http://meidaan.com/archive/3950
- www.ramyari.blogfa.com/ post-20.aspx
- www.nnsroj.net/ fa/detiles.aspx?id =6279&ID_map=22
- Revisionism
- ژمارەی کتێبەکانی ئوجەڵان لە ١٠٠ تا ٥٠٠ پەرتووكی تۆمار کردووە؛ هەڵبەت هەموویان بە تورکی نووسراون
- www.kurdpress.com/Fa/
- www.facebook.com/ManyfstTmdnDmkratyk
- www.facebook.com/ManyfstTmdnDmkratyk
- دەگوترێ کە گرامشیش لەم حەقیقەتە نزیک کەوتبووەوە (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٣٤).
- هەڵبەت ئۆجەلان هەر لەم کتێبەدا و سەبارەت بەدەوڵەت چەند رایەکی دژبەیەک دەبێژێت. بۆ نموونە “بە باوەڕی من دروست نییە کە دەبێ دەوڵەت لاچێت و لەگەڵ شتێکی تردا بگۆڕدرێت”؛ ئەمە “وەهمێکە کە بە لەناوچوونی دەوڵەت دیموکراسی مومکین دەبێت”. بەپێچەوانەوە، دەوڵەت دەتوانێ و دەبێ بچووکتر ببێتەوە و مەوداکەی زۆر زیاتر لەجاران سنووردار بکرێت. بە باوەڕی ئۆجەلان رەنگە هەندێک لەکارکردەکانی دەوڵەت پێویست بن: بۆ نموونە، ئەمنیەتی گشتی، ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و بەرگری نەتەوەیی، کۆنگرەی کۆنفێدڕاڵ دەبێ لەم جۆرە مەسەلانە بکۆڵێتەوە کە “دەوڵەت ناتوانێت بەدەستی بەتاڵ هەموو کێشەکان چارەسەر بکات”. دەوڵەتێکی سنووردار دەتوانێت لەگەڵ دیموکراسی پێکەوە بژیت و لەهاوتەریبی ئەودا بمێنێتەوە. (دفاع از یک خلق، وەرگیراوە لە Biehl, 2014؛ هەروەها بڕوانە: اوجالان، 1383: 294) هەر بەم شێوەیە کە ئاپۆ لەزۆربەی کاتەکاندا رازییە بەوەی کە نەتەوەی کورد ژیانێکی هاوبەشی “تەنانەت لەچوارچێوەی یەکپارچەیی دەوڵەت ـ نەتەوە”دا هەبێت و “تەنانەت بێ ئەوەی کە بیەوێت دەوڵەت ـ نەتەوەکانی حاکم بە فۆرمی فیدراڵیسم بگۆڕێت”. (اوجالان، ١٣٩١: ١٣٣)، هەروەها پێیوایە کورد دەتوانێت لەناو ماڵێکدا بژی، کە هەمان دەوڵەت ـ نەتەوەی تورکیای پێدەڵێن (اوجالان، ١٣٩٢: ٢١٤). شیاوترین کەرەسە بۆ ئەم مەسەلەیە لەروانگەی ئاپۆوە “سیاسەتی دیموکراتیک و ئاشتییەکی شەرافەتمەندانە”یە “نەک ئەو شەڕەی” (اوجالان، ١٣٩١: ١٣١) کە لەبەر سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردنی نەتەوەی کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکیەوە، بەتایبەت دوابەدوای کودتای سوپایی ١٢ سێپتەمبەری ١٩٨٢، بەسەر كوردا سەپاوە (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٠١). هەرچەندە ئاپۆ هەڕەشەی ئەوە دەکات، کە ئەگەر رێگە بەم ئاشتییە دیموکراتیە نەدرێت، تەنیا رێگە بۆ شەڕێکی گەورەتر خۆش دەبێت، کە زۆر لەشەڕە پێشووەکان بەرفراوانتر دەبێت، “جەنگێکی سەرتانسەری و یەکلاییکەرەوە” (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٠٠ و ٢٠١). هەروەها وەک ئەوەی دەبیندرێت و لەبەر هەڵسوکەوتی تورکیا رەنگە رێگای دووهەم زیاتر لای کوردەکان پەسەند بکرێت. هەرچۆنێک بێت ئاپۆ دەبێژێت “ئەم پرۆسەیەی بەردەممان جا چ لەرێگەی شەڕەوە سەرکەوێت چ لەرێگەی ئاشتییەوە بیباتەوە، دەرەنجامەکەی هەر دەبێتە سەردەمی دروستبوونی نەتەوە دیموکراتییەکان. بەمگوێرەیە لەناو کولتووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لەبەر هۆکاری بەسەرهاتی هەزاران ساڵەی شارستانیەتی چینایەتی، شاری و دەوڵەتی، وەک گۆمێکی خوێنی لێهاتووە و هۆزەکان، ئایینەکان، ئایینزاکان و نەتەوەکانی خستووەتە گیان یەک، سەردەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتی لەسەر بنەمای گشتیەتی نەتەوە دیموکراتییەکان سەر هەڵدێنێت” (اوجالان، ١٣٩٢: ٢٠١)
- www.akhbar-rooz.com/ article.jsp ?essayId = 11001