تایبه‌ت: نوچه‌نێت
پەرلەمانتارێکی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت، لێدوانی چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی گۆڕان له باره‌ی یه‌كێتییه‌وه، دەستوەردانی ڕاسته‌وخۆیه له كاروباری ناوخۆی یه‌كێتی و ده‌شڵێت “پێم باشه یه‌كێتی وه‌ڵامی گۆڕان نه‌داته‌وه”.
دوێنێ چوار شه‌ممه 17/5/2017 چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له میانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ناوخۆی حزبه‌كه‌یان له شاری هه‌ولێر، كه میدیای فه‌رمی گۆڕان بڵاوی كردووه‌ته‌وه رایانگه‌یاندووه ” ناچارین له‌مه‌ودوا بۆ جێبه‌جێ كردنی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه سیاسییه‌كه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كێتییه راسته‌قینه‌كاندا بكه‌ین، كه ئه‌مه‌ش له میدیاكاندا خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی بۆ كرا.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د.رێواز فایه‌ق، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی، سه‌باره‌ت به لێدوانی به‌رپرسه باڵاكانی گۆڕان ده‌رباره‌ی یه‌كێتی رایگه‌یاند: به‌داخه‌وه گوێمان له لێدوانی ئه‌و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بوو ده‌رباره‌ی یه‌كێتی و پۆڵێنكردنی یه‌كێتییه‌كان، بۆیه پێموایه ئه‌م جۆره لێدوانانه دەستوەردانی راسته‌وخۆیه له كاروباری ناوخۆی یه‌كێتی.
د.ریواز فایه‌ق ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئه‌مه یه‌كه‌مینجار نییه به‌رپرسانی گۆڕان له‌م جۆره لێدوانانه ده‌ده‌ن و بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، چونكه پێشتریش چه‌ندین جار له زاری شۆڕش حاجی، گوته‌بێژی گۆڕانه‌وه گوێمان له‌م جۆره لێدوانانه بووه.
سه‌باره‌ت به فه‌رمی یان نافه‌رمی بوونی ئه‌م لێدوانانه‌ی به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی گۆڕان ئه‌و پەرلەمانتارە ده‌ڵێت، به‌و پێیه‌ی ئه‌م به‌یاننامه‌یه له میدیای فه‌رمی گۆڕان بڵاوكراوته‌وه، هه‌روه‌ها گۆڕان به فه‌رمی ئه‌و لێدوانانه‌ی ره‌ته‌كردۆته‌وه و راینه‌گه‌یاندووه ئه‌م لێدوانانه هه‌ڵوێستی فه‌رمی گۆڕان نین، بۆیه ده‌كرێ وه‌ك هه‌ڵوێستی فه‌رمی گۆران بخوێندرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به وه‌ڵامی یه‌كێتی بۆ ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ی گۆڕان، د.رێواز فایه‌ق گوتی، رۆژی شه‌ممه سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كۆده‌بێته‌وه، به‌ڵام نازانم وه‌ڵامی گۆڕان ده‌درێته‌وه یان نا، چونكه ره‌نگه یه‌كێتی وه‌ڵامی ئه‌م جۆره لێدوانانه نه‌داته‌وه، به‌ڵام به بۆچوونی من پێم باشه یه‌كێتی وه‌ڵامی گۆڕان نه‌داته‌وه، چونكه بارودۆخی سیاسی هه‌رێم ناجێگیره.