نوچەنێت-رووداو
لە ناحیەی بەمۆی سەر بە هەڵەبجە، قوتابییەکی پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی لەلایەن سێ مامۆستاوە لێی دراوە و بەهۆیەوە چاوێکی لەدەستداوە.
لە قوتابخانەی گمەی ناحیەی بەمۆی سەر بە هەڵەبجە، قوتابییەک بەناوی “پەیڕەو موحسین” کە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتییە، لەلایەن سێ مامۆستاوە لێی دەدرێت، بەهۆی لێدانەکەشەوە چاوێکی لەدەستداوە. حاجی موحسین ئەمین، باوکی قوتابییەکە بە رووداوی راگەیاند “کوڕەکەی لەلایەن سێ مامۆستاوە بە بۆکس لێی دراوە، مامۆستایەکیان کتێبێکی لەناوچاوی داوە بەو هۆیەوە شەبەکەی چاوی تێکچووە و چاوێکی کوێر بووە”.
حاجی موحسین ئەمین گوتوویەتی “پزیشکەکان پێیان گوتووین، دەبێت لەژێر چاودێری بەردەوامدابێت بەهۆی ئەو زەبرە قورسەی بەریکەوتووە”.
مامۆستا سالار، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند “سکاڵاکەیان لەلای ئێمەیە، لێژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا وردەکاری ئەو رووداوە بزانین و راستییەکان روونبکەینەوە؛ کە رووداوەکە چۆن روویداوە”.