نوچەنێت
فەرماندە لە فەوجی دووی لیوای پێنجی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی داعش لە باشووری خورماتوو تێکشکێندرا، شۆفڵێکی ئەو گروپە سووتێندرا و ژمارەیەک چەکداریشی کوژران. دوو پێشمەرگەش شەهید بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو هێرشەی داعش، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-5-2017، دوو پێشمەرگە شەهید بوون و 13 پێشمەرگەش بریندار بوون. هەروەها هێرشەکەی داعش بە چەکی قورس و مامناوەند بووە، بەڵام زیانی زۆریان بەرکەوتووە و کوژراو و برینداریان زۆرە.
موقەدەم فارووق ئەحمەد، فەرماندە لە فەوجی دووی لیوای پێنجی پێشمەرگە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: کاژێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە داعش لە قۆڵی پردی زەرگەوە هێرشیکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە. شەڕ بۆ ماوەی نزیکەی دوو کاژێر بەردەوام بوو.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە دەشڵێت، دوای دوو کاژێر شەڕ هێرشەکەی داعش تێکشکێندرا و شۆفڵێكی داعشیش، کە بۆ بڕینی ساترەکانی پێشمەرگە هێنابووی، سووتێندرا.
موقەدەم فاروق ئەحمەد گوتی، ژمارەیەک چەکداری داعش لەو هێرشە کوژراون، بەڵام هێشتا نەیانتوانیوە ژمارەی دروستی کوژراوانی داعش بزانن. هەروەها داعش گورزێكی کوشندەی بەرکەوت و رێگەنەدرا پێشڕەوی بکەن و پێشمەرگە هێرشەکەی تێکشکاند. ئێستا رەوشەکە ئارامە و شەڕ نەماوە.