نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیئەنێت، سبەینێ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکات، لەسەر بارودۆخی ئەمنی چەمچەماڵ.
ماوەیەكە لە قەزای چەمچەماڵ ئاستی تاوانکاری رووی لەزیادبوونکردووە، بارودۆخی ئەمنی ئەو شارە ناجێگرە و بۆ ئەو مەبەستەش، سبەی پێنجشەممە 18-5-2017 ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی 35مین کۆبوونەوەی خۆی لەهۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگا ئەنجامدەدات، تیایدا ڕەوشی ئەمنی شارەکە تاوتوێ دەکرێت.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئازاد محەمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: سبەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبوونەوەیەکی نائاسای دەکات، کە تایبەت دەبێت بەو بارودۆخ و نائارامیەی، ماوەیەكە شاری چەمچەماڵی پێدا تێدەپەڕێت، بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەرێك، بدۆزینەوە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئەمنی لەو شارە.
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ کۆبوونەوەکەی سبەی، بانگهێشتی هەریەك لە، قایمقامی چەمچەماڵ، وەك سەرۆکی لیژنەی ئەمنی، ئەحمەد نارد، بەرپرسی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی و بەرپرسی بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ کراوە.
هەروەها گوتیشی “بانگێشتکردنی بەرپرسانی ئەمنی و ئیداری ئەو قەزایەش، بۆ ئەوەیە روونکردنەوەی پێویست بدرێت لەسەر ئەو بابەتە، تا بە بڕیار و راسپاردەیەکی باشەوە لێی دەربچین”.