دوای ساڵێک لە واژۆ کردنی، رێككەوتنی یەكێتی‌ و گۆڕان جێبەجێدەكرێت؟

0

نوچەنێت

 

ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر رێككەوتنە سیاسییەكەی یەكێتی نیشتمانی‌ و بزووتنەوەی گۆڕان تێدەپەڕێت،‌ كە 17/5/2017 لەماڵەكەی مام جەلال تاڵەبانی لە دەباشان واژوویان لەسەر كرد.

 

 یەكێتی‌و گۆڕان، بەئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتی‌و نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی گۆڕان، رێككەوتننامەیەكی 25 خاڵییان واژووكرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵێك، گۆڕان گلەیی لەیەكێتی دەكات‌و بەوە تۆمەتباری دەكات، كە خۆی لەجێبەجێكردنی ناوەڕۆكەكەی دەدزێتەوە.

 

رۆژی 8/5/2017 سەركردایەتی هاوبەشی گۆڕان‌و یەكێتی، لەمەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لەگردی زەرگەتەی شاری سلێمانی كۆبوونەوە، بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە، كە تەنیا دوو دێڕو نیو بوو، ئەوان نووسیبوویان “لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆكی رێككەوتننامەی نێوان هەردوولا كرا“.

 

ئیسماعیل نامیق، رێكخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان‌و ئەندامی سەركردایەتی هاوبەش، بەژمارەی ئەمڕۆ دوو شەممەی هەفتەنامەی (رووداو)ی راگەیاندووە “جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە لەئەستۆی یەكێتییە، ئەوان نە پەشیمانن نەوتوویانە جێبەجێیناكەین، بۆیە وەكو گۆڕان چاوەڕێی جێبەجێكردن‌و پابەندبوونی یەكێتی بەو رێككەوتنە دەكەین“.

 

یەك خاڵ لەرێكەوتنەكە جێبەجێكراوە

بزووتنەوەی گۆڕان، یەكێتی بەجێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە تۆمەتبار دەكات، لەدوایین هەڤپەیڤیندا لەگەڵ میدیایی حیزبەكەی، قادر حاجی عەلی، سەركردەی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند “جگە لەبڵاوكردنەوەی لەراگەیاندنەكاندا، هیچ خاڵێك لەو (24) خاڵەی دیكە لەلایەن یەكێتییەوە جێبەجێنەكراوە، پاش رێككەوتنەكە كۆمەڵێك گرفتی گەورە لەناو یەكێتییەوە دروستكرا بۆ لەباربردنی، كە گومانمان نییە دەستی پارتیشی تێدابوو“.

 

جگە لەبڕگەی راگەیاندنی دەقی رێككەوتنەكە بۆ رای گشتی، ماددەی 24ی رێككەوتنەكەش جێبەجێكراوە، كە باس لەدروستكردنی سەركردایەتی هاوبەشی نێوان هەردوولا دەكات، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو پاشكۆیانە لەنێوان هەردوولا واژوونەكراوە، كە لەماددەی 23 ئاماژەی بۆ كراوە.

 

بەهار مەحمود، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، كە بەشداری نووسین‌و داڕشتنەوەی رێككەوتنەكەی كردووە، بەهەفتەنامەكەی راگەیاندووە “پڕۆتۆكۆل‌و پاشكۆكان، كە لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنە لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی هەردوولا ئامادەكراوەو دراوە بەسەركردایەتی هاوبەش، بۆ ئەوەی واژووی بكەن، تاوەكو ئێستا واژوونەكراوە“.

 

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئاشكرایكردووە، هەر لەسەرەتاوە هەندێك سەركردەی یەكێتی دژی رێككەوتنەكە بوون، لەو بارەوە فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە زیاتر بۆ كێشە نێوخۆییەكانی حیزبەكەی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت”هەر لەسەرەتاوە رێككەوتنەكە كێشەی تێدا بوو، چونكە ئێمە لەسەركردایەتی بەكۆی دەنگ پەسەندمان نەكرد، بەڵكو بەزۆرینەی دەنگ‌و بەشێك لە هەڤاڵانی ئێمە لەگەڵی نەبوون، بۆیە جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە پەیوەندی بەكێشە نێوخۆییەكانی یەكێتییەوە هەیە، نەك گۆڕان“.

 

گۆڕان: تاسەر چاوەڕێ‌ نابین

عەبدولڕەحمان موهەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان باسی كاردانەوەی گۆڕان دەكات بەرانبەرر جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكە لەلایەن یەكێتی‌ و دەڵێت “ئەگەر رێككەوتنە سیاسییەكە جێبەجێبكرێت، رێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانیش جێبەجێدەكرێت، ئێستا تۆپەكە لەساحەی یەكێتییە، بەڵام گۆڕان تا سەر چاوەڕێی جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە ناكات، دەبێت‌ خۆیان یەكلاییبكەنەوە، بڕیارو ئیرادەیان هەبێت‌و رێز لەواژووی خۆیان بگرن، كە ناكرێت‌ لەلای ئێمە قسەیەك بكەن‌و لەلای پارتیش قسەیەكی دیكە“.

 

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی هەروەها رایگەیاند “تەنیا ئێمەو پارتی هەڵوێستمان روونەو دەزانین چیمان دەوێت، بەداخەوە یەكێتی‌و لایەنەكانی دیكە هەڵوێستیان تەمومژاوییە“.

 

پێش رێككەوتنە سیاسییەكە، گۆڕان‌و یەكێتی لەڕۆژی 9/12/2014 بۆ دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و هەڵەبجە رێككەوتنیان واژووكردبوو، بەڵام گۆڕان ئاشكرایكردووە لەكۆی 848 پۆست تەنیا 33 پۆستیان وەرگرتووە، لەكاتێكدا مافی ئەوانە 224 پۆستی دیكە وەربگرن.

 

ئازاد جوندیانی، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، رۆژی 9/2/2017 نامەی وازهێنانی لە یەكێتی ئاراستەی مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی كرد لە لێدوانێکیدا رۆژی 15-5-2017 بۆ هەفتەنامەی (رووداو) رایگەیاند: تێبینیم لەسەر رێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان هەبوو، كاتی خۆیشی بە راشكاوانە ئەو تێبینیانەم گوتووە، ئەو رێككەوتنە ئەوەندەی پەیوەستە بە جوگرافیایەكی دیاریكراوەوە، ئەوەندە پەیوەست نییە بە سەرتاسەری كوردستان، هەر لایەك لە شوێنی یەكێتی بووایە رێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان دەكرد، چونكە هەردووكیان خاوەنی نفوز و جەماوەرن لە یەك ناوچە، ئەوكاتیش گوتم كە چۆن یەكێتی رێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی هەیە، دەبێ‌ پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ گۆڕانیش هەبێت.

لە سەر جێبە جێ نەکردنی رێککەتنەکە جوندیانیدەڵێت پەیوەندی بە كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتییەوە هەبوو، بەشێكی دیكەشی پەیوەندی بەو مێژووە كورتە پڕ لە تەشەنوج و ناكۆكییەی نێوان گۆڕان و یەكێتییەوە هەبوو، ئەگەرچی دڵنیاییەك درابووە پارتی كە ئەم رێككەوتنە لە دژی ئەوان نییە، بەڵام وەكو سلێمانی دەڵێن، هەرچی سەرە واوێكی لەسكدابێت، دەیزانی ئەم رێككەوتنە بۆ پەراوێزخستنی پارتی بوو. رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی جۆرێك بوو لە زیندووكردنەوە و بەردەوامی ئەو مەدرەسە سیاسییەی كە لە سلێمانی هەبووە بۆ دژایەتی پارتی، هەندێك نوسەر و رۆشنبیریش نووسیویانە كە ئەمە جۆرێكە لە زیندووكردنەوەی ناكۆكییەكانی ساڵی 1964.

 

یەکێتی 

لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای زانیاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردەوە لەبارەی چەند هەوڵێک بۆ پەکخستنی رێکەوتنی نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان و دەڵێت ” لە کەسی قبوڵ ناکەین ئەو رێککەوتنە تێک بدات”.

لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا، کە رۆژی پێنجشەممە 11-5-2017 بڵاویکردەوە دەڵێت، ئێمه‌ جه‌ماوه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیی نیشتمانیی دڵنیا ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌، وه‌ك خۆی جێ به‌جێ ده‌كه‌ین و سوورین له‌سه‌ری، چونكه‌ رێككه‌وتنامه‌ی یه‌كێتیی و گۆڕان، به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی خه‌ڵكی كوردستان و بژێوی و ئاسایش و كه‌رامه‌تیان ده‌پارێزێت، ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات و سیستمی دیموكراسی و لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، رزگاریی راسته‌قینه‌ی گه‌له‌كه‌مانی پێوه‌ به‌نده‌ و له‌ حزوری به‌ڕێزان هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و نه‌وشیروان موسته‌فا ئیمزا كراوه‌، و لای ئێمه‌ رێككه‌وتنێكی موقه‌دده‌سه‌ و هه‌ر كه‌س بێته‌ سه‌ر رێگه‌ی بۆ په‌كخستنی، لێی قبوڵ ناكرێت”.

 

گۆڕان و یەکێتی چەندین جار دووپاتیان کردۆتەوە، کە رێککەوتنەکەیان دژی هیچ لایەنێکی دیکە نییە، بەڵام هەندێ لێکدانەوە هەیە، کە رێککەوتنی هەردوولا بە کردنەوەی بەرەیەک بەرامبەر پارتی ناودەبەن، کادیرانی پارتی دەڵێن هیچ رێککەوتنێک سەرناگرێ ئەگەر ئامانجی بچووککردنەوەی قەبارە و کاریگەریی پارتی بێت.

بەشێک لە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە

بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنی یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، کە پەسندکراوە و رەنگە هەندێک دەستکاری کەمی بکرێت، هەردوو لایەن لەسەرئەوە رێککەوتوون “سیستەمی هەرێمی کوردستان پەرلەمانی بێت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت” كە پارتی دژی ئەمەیە.

هەروەها لە رێککەوتنەکەدا جەخت لە بەدامەزراوەییکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ کراوەتەوە. لە رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕاندا ئەوەش هاتووە “حوکمڕانی دامەزراوەیی لەسەر بنەمای شەراکەتی راستەقینە بێت و دەستووری هەرێمی کوردستان، دەستەبەری دەستاودەستکردنی دیموکراسیانەی دەسەڵات بکات“.

رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان، جەخت لە دەستبەکاربوونەوەی بێمەرجی پەرلەمان و کۆتاییهێنان بە سیمای دوو ئیدارەیی دەکاتەوە و سەبارەت بە دەسەڵاتی پارێزگاکانیش وەک لەرەشنووسەکەدا هاتووە “ئەنجومەنی پارێزگاکان، دەسەڵاتی کارگێڕی تەواویان هەبێت“.

لە رێککەوتنەکەدا باسی ئەنجامدانی چاکسازیی سیاسی، کارگێڕی و ئابووری كراوە و  پەیوەندییەکانی دەرەوەش بڕگەیەکی دیکەی نێو رەشنووسەکەیە و، داوای بەدامەزراوەییکردنی دەکەن، لەسەر بنەمای بەشداری لایەنەکان بەگوێرەی قەبارەی خۆیان.

لە رێككەوتنەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە “میدیای هەردوولا پەرە بە گیانی تەبایی بدەن”. لەسەر ئاستی عێراق و ناکۆکی پێکهاتەکانیش،

لە رەشنووسی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕاندا هاتووە ” کورد نەبێتە بەشێک لە ناکۆکی تاییفی لە عێراق”. هەروەها باس لەوەش كراوە  بە لیستێكی هاوبەش، بەشداری هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان بكەن

بزووتنەوەی گۆڕان، پارتی بە بەرپرسیارو ئەندازیاری پشتی پەردەی پەكخستنی رێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی دەزانێت، بەڵام پارتی ئەوە رەتدەكاتەوە، كە بەرپرسانی ئەو حزبە دەڵێن. گوتی هەر لەسەرەتاوە چارەنووسی ئەو رێككەوتنەیان لێدیار بوو.

 

عەلی حوسێن، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بەهەفتەنامەی (رووداو)ی وت “لەیەكەم رۆژەوە هەڵوێستی پارتی روون بوو، ئەم رێككەوتنە بۆ شاردنەوەی شكستی گۆڕان‌و لەخۆگرتنیان بوو لەلایەن یەكێتییەوە، وەكو پارتی ئەزموونێكی دوورو درێژمان لەگەڵ حیزبە كوردستانی‌و عێراقییەكان هەیە، بەتایبەتی یەكێتی بۆ ئێمە هاوپەیمانێكی ستراتیژییەو دەمانزانی رێككەوتنەكە تاوەكو ئێرە بڕ دەكات“.

 

عەلی حوسێن، كە هاوكات بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانی‌ و نیشمانییەكانی پارتییە، گوتیشی “پێمان خۆش نییە گۆڕان‌ و یەكێتی لەیەكدی دووربكەونەوە، بەپێچەوانەوە پێمانوایە، یەكێتی دەتوانێت گۆڕان بهێنێتەوە سەر رێگای راست‌ و حەزیش دەكەین گۆڕان‌ و یەكێتی یەكبگرنەوە، چونكە بۆ مامەڵەكردنی پارتی لەرووی سیاسییەوە ئاسانترە“.

 

 هەڵوێستی فەرمی پارتی

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆژی 18-5-2016 راگەیەنراوێکی لەبارەی رێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بڵاوکردەوە و لە بەرامبەر رێککەوتنەکەدا دەڵێت”رەچاوی هەوڵێک دەکرێت بۆ فراوانکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان“.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە راوبۆچوونی وا بووە، کە رێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسیەکان کارێکی ئاساییە، نەخاسمە ئەگەر لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی کوردستان و یەکڕیزیی هێزەکانی و نەهێشتنی ناکۆکیەکان بێت، نەک بۆ دژایەتیی لایەنێکی تر و، گەورەترکردنی ئەو کەلێنانەبێ کە هەن. لە هەمان کاتیشدا بنەما و خاڵەکانی هیچ رێککەوتننامەیەک لەنێوان دوو حزب، بگرە زیاتر لە دوو حزبیش لەلایەن پارتییەوە بە بنەمای بەڕێوەبردنی پرۆسەی سیاسی و یاسایی و ئیداریی لە هەرێمی کوردستان دانانرێن.

هەروەها لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە رێککەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان رەچاوی هەوڵێک دەکرێت بۆ فراوانکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکان، کە خزمەتی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە چەقبەستووەکان ناکات، بەڵکو بەرەو دۆخە نەخوازراوەکانی جارانمان دەباتەوە، لەهەمان کاتدا رێگرتنە لە یەکێتی نیشتمانی بۆ هەبوونی هەڵوێستێکی جیاواز لە بزووتنەوەی گۆڕان کە بەرەو ئاڵۆزی و توندڕۆیی زیاتر دەچێت.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکە مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، یەکێتی نیشتمانی بەبێ هیچ جۆرە رەچاوکردنێکی هاوپەیمانی و رێککەوتنی ستراتیژی و هاوبەشیی لە بەڕێوەبردنی کوردستاندا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و بەبێ هیچ جۆرە گفتوگۆ و ئاگادارکردنەوەیەکی پارتی، خۆی خستە رێککەوتنێک لەگەڵ لایەنێکدا کە کێشەیەکی سیاسیی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا دروست کردووە و، خۆی گەیاندە لێواری و بوونەبەشێکی ئەو کێشەیە، ئەویش بە پێچەوانەی ماوەی رابردوو کە یەکێتی لەگەڵ پارتیدا هاوکاربوون بۆ چارەسەری کێشەکان. پارتی جگە لە ئیرادەی گەل هیچ ئیرادەیەکی تر قبوڵ ناکات و ئەزموونی رابردووش دەریخست، کە بەبێ پارتی ئیدارەی هەرێم ئەستەمە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، لەنێو ئەو هەموو تۆمەتبەخشینەوەیەدا چارەنووسی رێككەوتنەكە بە بڕوای فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان “رێككەوتنەكە لەبەردەم دوو ئەگەردایە: جێبەجێكردن یان هەڵوەشانەوەی، چونكە شێوازی رێككەوتنەكە وایە ناتوانرێت هەموار بكرێتەوە“.

 

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

 

جوندیانی: http://www.rudaw.net/sorani/interview/15052017

لاهور تاڵەبانیhttp://www.milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=40373&T

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com