قادر رەزگەیی: ناوەڕۆکی پڕۆژه‌ی‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزەکانی پێشمەرگە وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت

0

نوچەنێت: تایبەت

پەرلەمانتارێکی یەکێتی رایدەگەیەنێت، لەگەڵ هەموو پڕۆژەیەکدان بۆ رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و دەشڵێت “هەرچەندە ناوەڕۆکێکی ئیجابی و بێ کێشەیە، بەڵام باوەڕناکەم ناوەڕۆکی پڕۆژەکە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت“.

رۆژی 7-5-2017، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسانی سه‌ربازیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئه‌و تیمه‌ راوێژكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ پێشنیازەکان و كاری هاوبه‌شی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ خسته‌ڕوو، کە ئامانج یەکخستنەوەی هێزەکان و پێکهێنانی هێزێكی سه‌ربازیی تۆكمه‌ی پیشه‌یییه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاینده‌دا، لەئێستادا پڕۆژەکە لەئەنجومەنی وەزیران پەسەندکراوە، دواتر دەچێتە سەرۆکایەتی هەرێم بۆ رەزامەندی لەسەری.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، قادر رەزگەیی، بڕیاردەری لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه، لە پەرلەمانی کوردستان، لە فراکسیۆنی سەوز، لەبارەی پڕۆژه‌ی‌ یه‌كخستنه‌وه‌ و ریفۆرم له‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ رایگەیاند: هەرچەندە وەکو لیژنەی پێشمەرگە تەواوی ناوەڕۆکی پڕۆژەکەمان بەفەرمی بۆ نەهاتووە، بەڵام بەشێك لە وەردەکارییەکانمان لایە، بۆیە ئێمە لەگەڵ هەموو پڕۆژەیەکدان بۆ رێکخستن و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

قادر رەزگەیی گوتیشی “هەر پڕۆژەیەك ببێتەهۆی دەستکاریکردنی هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی دەستوەردانی حزبی، بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی و یەکخستنەوەی هێزەکە، خواستی ئێمەیە وەکو لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان، لەهەمان کاتدا خواستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیشە”.

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژە بەوە دەدات، کە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتێکدا تائێستا تەنها بەناو بووە و دەشڵێت “ئەگەر بڕیاربێت ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت، ئەوا جێگەی دەستخۆشییە، بەمەرجێك تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە رێكبخاتەوە، بەتایبەت ئەگەر وەزارەتی پێشمەرگە بکات بە وەزارەتێکی ناسیاسی، هەروەها وەزیرێکی هەمیشەیی بۆ دابین بکرێت”.

سەبارەت بەناوەڕۆکی پڕۆژەکەش رەزگەیی گوتی “هەرچەندە ناوەڕۆکێکی ئیجابی و بێ کێشەیە، بەڵام باوەڕناکەم ناوەڕۆکی پڕۆژەکە وەکو خۆی جێبەجێبکرێت، بەتایبەتی دوورخستنەوەی دەستوەردانی حزبی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com