نوچەنێت
وەزارەتی ئەوقافی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، داوا له سه‌رۆكی دیوانی وەقفی شیعەی عێراق ده‌كات داوای لێبوردن بكات، به‌هۆی قسه‌كانییه‌وه له‌سه‌ر پیڕه‌وانی ئایینی مه‌سیحی و ئایینه‌كانی دیكه.
وه‌زاره‌تی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له به‌یاننامه‌یه‌كدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه “لەمیدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گوتارێكی سەید عەلا ئەلموسەوی، سەرۆكی دیوانی وەقفی شیعەی عێراق بڵاوبۆتەوە و تێیدا بەشێوازێكی ناشایستە و نەشیاو شرۆڤەی حوكمە شەرعیەكانی ئایینی ئیسلام بەرامبەر باوەڕدارانی ئایینی مەسیحی و ئایینەكانی تر دەكات”.
له‌به‌یاننامه‌كه‌ی وەزارەتی ئەوقافدا هاتووه “ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە نیگەرانی و ناڕەزاییەوە دەڕوانینە ئەمجۆرە گوتار و بۆچوونانە، كە جگە لەوەی دەبێتە هۆی قوڵكردنەوەی برینەكانی شەڕی ئایین و مەزهەبگەرایی لەناوچەكەدا، لەهەمان كاتیش‌دا پێچەوانەی بنەما شەرعیە ئاشتیخوازیەكانی ئایینی ئیسلامە، كە ئایینی رەحمەت و لێبوردەییە”.
هاوکات داواش له مەرجەعیەتە ئایینیەكان، حكومەت و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌كات، لەسەر ئەمجۆرە بۆچوونانە هەڵوێستیان هەبێت. هه‌روه‌ها داوا لە سەرۆكی دیوانی وەقفی شیعەی عێراقیش دەكات، داوای لێبوردن لە مەسیحی و ئێزیدی و سەرجەم ئایین و مەزهەبەكانی عێراق بكات.
وه‌زاره‌تی ئەوقافی حکومەتی هەرێم پشتگیری، هاوسۆزی و هاوكاری تەواوی خۆیان بۆ مەسیحی و سەرجەم ئایین و ئایینزا و مەزهەبەكان دووپاتده‌كاته‌وه و ده‌ڵێت “بەردەوام دەبن لەسەر پەرەپێدانی كلتوری ئازادی و پێكەوەژیانی ئایینی”.