لە بەریتانیا كۆنفراسی دامەزراندنی رێكخراوێكی پیشەیی بەناوی كۆڕبەندی بانگخوازانی كورد راگەیەنرا

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی رێکخراوی كۆڕبەندی بانگخوازانی كورد لە بەریتانیا رایدەگەیەنێت، کۆنفرانسێکیانلەسەر ئاستی تێكڕای مزگەوت، رێكخراو و بانگخوازانی كورد لە و وڵاتە سازکرد. دەشڵێت “بانگخوازانی كورد لە بەریتانیا زۆر و بە توانان”.

ژمارەیەك بانگخوازی کورد، لە وڵاتی بەریتانیا، بەمەبەستی کاری بانگخوازی و گەڕانەوەی کوردانی ئەو وڵاتە بۆناو دینداری، رێکخراوێکی بانگخوازیان پێکهێناوە، بۆ ئەو مەبەستەش، لە مانچیستەری بەریتانیا كۆنفڕاسی دامەزراندنی رێكخراوێكی پیشەیی بەناوی: “كۆڕبەندی بانگخوازانی كورد لە بەریتانیا” لەسەر ئاستی تێكڕای مزگەوت، رێكخراو و بانگخوازانی كورد لە و وڵاتە سازکرد.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شاخەوان عەلی، دانیشتوی وڵاتی بەریتانیا و ئەندامی رێکخراوەکە، هاوکات لە لیژنەی راگەیاندنی ئەو رێکخراوەیە، لەبارەی ژمارەی بانگخوازانی کورد لەو وڵاتە رایگەیاند: بانگخوازانی كورد زۆرن، بەڵام بەژمارە نازانین چەندن، دەیان بانگخوازی بە توانامان هەیە، جگە لە کوردیش توانیویانە خەڵکی بەریتانی، پۆڵەندی و چەندەها نەتەوەی دیكەش بهێنە سەر ئایینی ئیسلام، لەڕووی هاوكاریشەوە تەنها خۆمان و ئەو نوێژخوێنانەن، كە دێنە مزگەوتەكان.

شاخەوان عەلی، سەبارەت بە شێوازی بانگخوازییەکەشیان دەڵێت “لە رێگەی مزگەوت، رێكخراو، كۆڕ، سیمینار ،كتێب و سەردانی، بەڵام بەداخەوە ئێمە وەك بانگخوازانی كورد، بەپێی پێویست نەمانتوانیوە مەیدانیانە بچینە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان، بۆ بانگهێشتكردنی نەتەوەکانی تر، لە دەرەوەی ئیسلام بۆ ناو ئایینی ئیسلام”. 

لەبارەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەنێوان کوردەکانی بەریتانیا گوتی “پەیوەندی كۆمەڵایەتی لێرە لە بەریتانیا زۆر باشە بەجۆرێك لە كوردستانیش باشترە، مزگەوتەكانیش لێرە بوون بە جێگای كۆبوونەوەی كوردەكان، بۆ بۆنە ئایینی و كلتورییەكان، وەك ژن مارەكردن، پرسە، سوڵح، كۆبوونەوە و دانیشتنی خێزانی، زۆرجار كۆڕ دەبەسترێت بۆ كوردەكان، لەو رێگەشەوە بانگ دەكرێن بۆ مزگەوت و نوێژکردن”.

سەبارەت بەژمارەی ئەو کوردانەی، کە لەرێگەی ئەو بانگخوازە کوردانەوە، گەڕاونەتەوە سەر دینداری رایگەیاند “ژمارەیەکی زۆرن، کە دەتوانین بڵێن بەسەدان و هەزاران كورد، لە پۆپ، باڕ، چایخانە و شوێنە نەشیاوەكان گەڕاونەتەوە بۆ مزگەوت و مولتەزیم بوون بە ئایین. ئەویش بە كاریگەری بانگخوازان و مامۆستایانی مزگەوتەكان، هەروەها لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كاری باشكراوە”.

لە بارەی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا، لەگەڵیان ئاماژەی بەوەدا، کێشەیان بۆ دروستنەکردوون، بەڵکو هاوکاریشیان کردوون. هەروەها لە ئێستادا رێکخراوکە بۆ بەریتانیایە، بەڵام دەكرێ لە داهاتوودا بۆ تێكڕای ئەوروپا بێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com