نوچەنێت
مەسعود بارزانی سهرۆكی ههرێمی كوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، پەیامێكی ئاراستەی مامۆستایان كرد و رایگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگەکان و دۆخی نالەباری دارایی، ئێوەی مامۆستایان و سەرجەم کارمەندان و خەڵکی کوردستان، بەهەمان رۆحییەتی پێشمەرگانەوە بەرانبەر ئەو دۆخە قورسە خۆڕاگر بوون و نەتانهێشت کاروانی خوێندن لە کوردستان بوەستێت.
لە بەشێكی دیكەی پەیامهكهی سهرۆكی ههریمی كوردستاندا ھاتووە “خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان، دەرخەری ئەو راستییەیە، کە مامۆستایانی کوردستان سەرەڕای ئەرکی پێگەیاندنی نەوەکانی گەلەکەمان، وەک پێشمەرگەی ئازا و تێکۆشەر له سەنگەری پێشهوهی خهباتدا بوون. لهو پێناوەشدا دهیان شههیدی نهمریان پێشکەشی كوردستان کردووە”.
بارزانی هەروەها دەڵێت “ئێستایش کە لە سایەی قارەمانێتیی پێشمەرگەی کوردستان، ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵەکانی کوردستان تێکشکێندرا، گەلەکەمان هەنگاوی مەزنی لەپێشە، پێویستە مامۆستایان بە هەمان ڕۆحییەتی پێشمەرگانەوە لە خەباتدا بن و هەستی نیشتیمانپەروەری و کوردایەتیی لەناو نەوەی ئێستادا پەرە پێ بدەن، ڕێگە نەدەن هەوڵی ناحەزان بۆ بڵاوکردنەوەی هەستی خۆ بەکەمزانین و بێ ئیرادەیی لەناو منداڵ و گەنجانی وڵاتەکەماندا سەربگرێت”.
دهقی پهیامهكهی بارزانی
به ناوی خوای مهزن و دلۆڤان
بهرێزان سكرتێر و ئهندامانی سكرتاریهتی یهكێتیی مامۆستایانی كوردستان
سڵاو و رێز
بهبۆنهی یادی پەنجاوپێنج ساڵەی دامهزراندنی یهكێتیی مامۆستایانی كوردستان، پیرۆزباییهكی گهرم ئاراستهی ئێوه و سهرجهم مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دهكهم و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە مامۆستایانی کوردستان سەرەڕای ئەرکی پێگەیاندنی نەوەکانی گەلەکەمان، وەک پێشمەرگەی ئازا و تێکۆشەر له سەنگەری پێشهوهی خهباتدا بوون و لهو پێناوەشدا دهیان شههیدی نهمریان پێشکەشی كوردستان کردووە.
دوای بڕینی بودجەی کوردستان و شەڕی داسەپاوی تیرۆریستان و لێکەوتەکانی ئەو شەڕە، سەرەڕای ئاستەنگەکان و دۆخی نالەباری دارایی، ئێوەی مامۆستایان و سەرجەم کارمەندان و خەڵکی کوردستان، بەهەمان ڕوحییەتی پێشمەرگانەوە بەرانبەر ئەو دۆخە قورسە خۆڕاگر بوون و نەتانهێشت کاروانی خوێندن لە کوردستان بوەستێت.
ئێستایش کە لە سایەی قارەمانێتیی پێشمەرگەی کوردستان، ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵەکانی کوردستان تێکشکێندرا و گەلەکەمان هەنگاوی مەزنی لەپێشە، پێویستە مامۆستایان بە هەمان ڕۆحییەتی پێشمەرگانەوە لە خەباتدا بن و هەستی نیشتیمانپەروەری و کوردایەتیی لەناو نەوەی ئێستادا پەرە پێ بدەن و ڕێگە نەدەن هەوڵی ناحەزان بۆ بڵاوکردنەوەی هەستی خۆ بەکەمزانین و بێ ئیرادەیی لەناو منداڵ و گەنجانی وڵاتەکەماندا سەربگرێت.
پێویستە مامۆستایان ئەو وانەیە بە ڕۆڵەکانمان بڵێنەوە کە نابێ قوربانییەکانی گەلەکەمان بێ ئەنجام بێت و بە ئومێدێکی زۆرەوە بەرەو داهاتوویەکی پڕشنگدار هەنگاو بنێن.
هەر شاد و سەرکەوتوو بن
مسعود بارزانی
15/5/2017