‌ئازاد جوندیانی: پارتی داوای لێنەکردووم ببمە پارتی

0

نوچەنێت

ئازاد جوندیانی، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانی کوردستان، باسی پرسی سەربەخۆیی و كێشە سیاسییەكانی ئەمڕۆی كوردستان دەكات و رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای وازهێنانی لە یەكێتی، چاوی بە مەسعود بارزانی كەوتووە.

ئازاد جوندیانی رۆژی 9ی شوباتی 2017، نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی له‌ یه‌كێتی پێشكه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی كرد. دواتر له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاویكرده‌وه‌، بۆیه‌كه‌م جار له‌ میدیاكانی پارتییه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای وازهێنانی لە یەكێتی، چاوی بە مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوتووەو دەڵێت، بڕیاری داوە ئیشی حزبی نه‌كات، بەڵام لەپێناوی سەربەخۆیی ئەگەر ئەو كارە پێویستی بەو بێت، ئامادەیە بچێتە ناو پارتی.
ئازاد جوندیانی لە دیمانەیەکیدا که‌لە هەفتەنامەی رووداو، ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممە 15ی ئایاری 2017 بڵاوبووه‌ته‌وه‌، گوتویەتی”بۆ سەربەخۆیی كوردستان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان تێزەكەی دیاری كردووە كە رێگایەكی ئاشتیانە و نەرمە، بە دوو ئاراستە ئیش لەسەر ئەو مافە دەكرێت: بە گشتپرسی، بە ئاراستەی دەرەوەش كە ئێمە لەگەڵ بەغدا نامانەوێ‌ ببینە دراوسێیەكی دوژمن و ناكۆك. هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیش دەمانەوێ‌ بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بەو مافە رەوایەی خۆمان بگەین”.

ئازاد جوندیانی هەروەها دەڵێت”هەر لایەنێك دەتوانێت پاساوی نەبوونی زەمینە بۆ راپرسی و سەربەخۆیی بهێنێتەوە، بەڵام نابێ‌ هیچ قەیرانێك رێگر بێت لە بەردەم راپرسی و سەربەخۆیی، چونكە سەربەخۆیی بەشێك لەو كێشە و قەیرانانە چارەسەر دەكات”.

هاوکات ئاماژەی بۆ گونجاوی هەلومەرجکردووە “زەمەن و مێژوو لەسەر من و تۆ ناوەستێ‌، لە 100 ساڵی رابردوودا چ كاتێك هەلومەرج وەكو ئەوەی ئەمڕۆ لەبار بووە بۆ سەربەخۆیی تاوەكو ئێمە بەهۆی قەیران و كەموكوڕیی ناوخۆیی ئەم دەرفەتەی ئێستا هاتووەتە پێش، وازی لێبهێنین؟ كێ‌ دڵنیایی دەداتە من وەكو هاونیشتمانییەك كە ئەو هەلومەرجە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەی ئێستا هەیە دوای 10 ساڵی دیكە بەردەوام دەبێت؟”

جوندیانی جەخت دەکاتەوە کە “پەكخستنی، پەكخرانی و پەككەوتنی پەرلەمانی كوردستان بە هەر سێ‌ ماناكە، ناكرێ‌ بكەینە بیانوو بۆ خۆدزینەوە لە راپرسی، بەكارهێنانی راپرسی وەك كارتێكی گوشار لەلایەن حزب و لایەنێك دژی لایەنێكی دیكە، بۆ سازشپێكردنی لە بابەتێكی دیاریكراو بۆ سەرخستنی بەرژەوەندییە حزبی و شەخسییەكان، لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا نییە.”

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، کە ئایا بەبێ پەرلەمان راپرسی دەكرێت؟ رایگەیاند “من كەسێكی یاسایی نیم و سیاسیم، بەڵێ‌ دەكرێت “ئەو ئاماژە بە راستگۆیی سەرۆکی هەرێم سەبارەت بە سەربەخۆیی دەکات و دەڵێت” كاك مەسعوود بارزانی، لە راپرسی و سەربەخۆیی راستگۆیە، مەبەستیه‌تی بە بەشداریی كارای ئەو، یان رۆڵی هەبێت لەوەی كورد بگاتە ئەو مافە رەوایەی خۆی، بە نەفەسێكی درێژ لەگەڵ لایەنەكان ئیش دەكات بۆ ئەوەی زۆرترین لایەن و ئاراستەی سیاسی لەو پرسە كۆ بكاتەوە، پێموایە لە یەك دوو مانگی داهاتوودا ،كاك مەسعوود بارزانی،هەنگاوی باش بۆ راپرسی دەنێت.”

لە وەڵامی ئەوپرسیارەدا کە ئەو لە سەرۆک مام جەلال نزیك بووە، داخۆ تێڕوانینی بۆ سەربەخۆیی چی بوو؟ گوتوویەتی “من سەرپشك نیم بە ناوی (مام جەلال)ـەوە قسە بكەم، دەستم بە نووسینەوەی یادداشتەكانم كردووە و ناویشم بۆ داناوە (ژوورە شێدارەكانی سیاسەت)، لەوێ‌ زۆر شت باس دەكەم. (مام جەلال) لایەنگری سەربەخۆییی كوردستان بوو، كتێبێكی هەیە كە وەڵامی شیوعییەكانی داوەتەوە بە ناوی (أغد ودیمقراگی وحرمان شعب حتی من حق الحلم؟) لەوێ‌ روانگە و ستراتیژی مام جەلال بۆ سەربەخۆیی خراوەتەڕوو، من حەقم بە لێدوانی لابەلا بۆ مامەڵەكردنی رۆژانە لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی نییە، ئەمە شتێكی تاكتیكیە، بەڵام روانگەی ستراتیژیی (مام جەلال) لەگەڵ سەربەخۆییی كوردستانە.”

ئەو سەرنجیشی لەبارەی بڵاوبوونەوەی كتێبی دیداری تەمەن هەیە و دەڵێ “زۆر جاران (كاك سەڵاح رەشید)م دەبینی كە دەهاتە لای (مام جەلال) بۆ تۆماركردنی ئەو یادداشتە، پتر لە دووجار گوێم لێبووە (مام جەلال) دەیگوت (كاكە سەڵاح) ئەم شتانە بە ئەمری خۆم نەبێت یان لە دوای خۆم، بڵاو ناكرێنەوە”.

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەشدا کە تاڵەبانی دوای رێككەوتنی ستراتیژی، چۆن ئامۆژگاری و رێنمایی ئێوەی دەكرد، لە مامەڵەكردن لەگەڵ پارتی و بنەماڵەی بارزانی؟، ئازاد جوندیانی دەڵێت “ئامۆژگارییەكانی ئەوە بوو كە نابێ‌ لەگەڵ پارتی تێكیبدەین، بەوپێییەی من بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندن بووم، دەیوت ئەگەر پێویست بكات، قسە لەسەر پارتی بكەن، بەڵام نابێ‌ لەسەر ماڵی (مەلا مستەفا) قسە بكەن، مام جەلال پیاوێكی تێگەیشتوو بوو، دەیزانی كە بە ناكۆكییەكی 50 ساڵی نەتوانرا هیچ لایەك ئەوەكەی دیكە بسڕێتەوە، بۆیە دەبێ‌ رێكبكەوین”.

ئەو بەرپرسەی پێشووی یەکێتی باس لە دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە ریزەکانی یەکێتی دەکات “ئەو كاتەی دەستم لەكاركێشایەوە هەڵمەتێكی توندی چەواشەكارانە كرایە سەر من، روونكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پشتگیرییەكی مەعنەویی گەورە بوو بۆ من. ئەوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕی لە هەر شوێنێك بتوانم خزمەت بكەم، بۆیە ئەوەم وەك پێشنیازێك وەرگرت و سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، دەكەم”.

زیاتر باسیدەکات”دوای ئەوەی دەستم لە كار كێشایەوە چوومە خزمەتی و میوانداری كردم، زۆر بابەتمان پێكەوە باس كردووە، بەڵام تەركیزمان لەسەر چۆنیەتیی سەرخستنی ستراتیژی سەربەخۆیی بوو.”

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی خەڵكێكی زۆری یەكێتی، پرسیار دەكەن دەڵێن مەبەستی ئازاد جوندیانی لە ئیشكردن لەسەر سەربەخۆیی ئەوەیە ببێتە پارتی، ئازاد جوندیانی وەڵامدەداتەوە “لە نامەكەدا بە روونی باسم كردووە كە لەپێناوی ستراتیژی سەربەخۆیی كاردەكەم، بڕوا ناكەم ئێستا پێویستی بەوە هەبێت لەپێناوی سەربەخۆیی ببمە پارتی، بەڵام ئەگەر رۆژگارێك رۆڵی من ئەوە بوو لە پارتییەوە بچم كار بۆ سەربەخۆیی بكەم، ئامادەم بچم بیكەم، ئەگەر لەنێو یەكگرتووش بێت دەچم دەیكەم هەروەك پێشتر لەنێو یەكێتی كردوومە”.

سەبارەت بەو باەەی کە گوایە دەبێتە پارتی، دەڵیت پارتی داوای لێنەکردووم ببم پارتی “نە پارتی داوای لێكردووم ببمە پارتی، نەخۆشم دەمەوێ‌ بچمەوە نێو مەعەممای حزبی، لەبەر ئەوە نییە پارتیبوون عەیب بێت. هەزاران تێكۆشەری گەورە لەنێو پارتی هەن و هەزار تێكۆشەری گەورەش لە نێو پارتی سەریان نایەوە، لەوانە باوكم، بەڵام لەوانەیە ئەو خزمەتەی لە دەرەوەی حزب دەتوانم بیكەم بۆ سەربەخۆیی، لەنێو حیزب نەتوانم بیكەم”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com