حکومەتی هەرێم پەیامێک ئاراستەی مامۆستایان دەکات

0

نوچەنێت 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەدا رایدەگەیەنێت، وێڕای پیرۆزبایی یادی 55 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، بەڕێز و پێزانینەوە دەڕوانینە ھەڵوێست و بەرگەگرتنی جوامێرانەی مامۆستایان، ئەوانەی وێڕای ھەموو دژواری و سەختییەکان، نەیانھێشت پرۆسەی خوێندن و پەروەردە پەکی بکەوێت.

لە پەیەماکەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ دابینکردنی ژیان و گوزەرانێکی باشتر بۆ مامۆستایان. 

دەقی پەیامەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

له‌ یادى 55 ساڵه‌ى دامه‌زراندنیدا، به‌گه‌رمى پیرۆزبایی له‌ یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان و ته‌واوى مامۆستایانی به‌ڕێزى كوردستان ده‌كه‌ین، به‌و هیوایه‌ى ئه‌م بۆنه‌یه‌ ببێته‌ هانده‌رێك بۆ خه‌باتی به‌گوڕترى پیشه‌یی و مه‌ده‌نی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان و خزمه‌تكردنی زیاتری مامۆستایان و كوردستان.

له‌م یاده‌دا، به‌ڕێز و پێزانینه‌وه‌ له‌ هه‌ڵوێست و به‌رگه‌گرتنى جوامێرانه‌ى مامۆستایان، ئه‌وانه‌ى وێڕاى هه‌موو دژوارى و سه‌ختییه‌كان، نه‌یانهێشت پرۆسه‌ى خوێندن و په‌روه‌رده‌ په‌كى بكه‌وێت ده‌ڕوانین، كه‌ به‌ گیانێكى پێشمه‌رگانه‌وه‌ ڕه‌فتاریان كرد و له‌ په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌رده‌وام بوون. هه‌روه‌ها به‌ ڕێزه‌وه‌ یادى ئه‌و خه‌بات و تێكۆشانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ مامۆستایانى كوردستان و یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان له‌ سه‌رده‌مى شۆڕش و قۆناغه‌كانی تێكۆشاندا سه‌ربه‌رزانه‌ تۆماریان كردووه و له‌م پێناوه‌دا شه‌هید و قوربانیشیان داوه‌‌. ئه‌مڕۆش مایه‌ی شانازییه‌ كه‌ یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان بووه‌ته‌ ڕێكخراوێكى دیارى خاوه‌ن پێگه‌یه‌كى سه‌نگین و سنوورى ڕێكخراوێكی لۆكاڵی تێپه‌ڕاندووه‌. 

له‌ یاده‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ وێڕای هه‌موو كێشه‌ و سه‌ختییه‌كان، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بایه‌خدانی زیاتر به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و فێركردن به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌موو هه‌وڵێكیش ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى ژیان و گوزه‌رانێكی گونجاوتر، كه‌ شیاوى پێگه‌ و ئه‌رك و ڕۆڵی پڕ بایه‌خیان بێت بۆ مامۆستایان دابین بكات. مامۆستایانی دڵسۆز، كه‌ سه‌لماندییان له‌ هه‌موو دۆخه‌ هه‌ستیار و چاره‌نوسسازه‌كاندا نموونه‌ی خۆڕاگرین و له‌پێناو مسۆگه‌ركردنی ئێستا و داهاتوویه‌كى گه‌شتر بۆ نه‌وه‌كانمان، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كۆڵ ناده‌ن.

دووباره‌ ئه‌م یاده‌ پیرۆز بێت، هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان و تواوى مامۆستایانى كوردستان ده‌خوازین.

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

15-5-2017

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com