نوچەنێت-رووداو
سەرپەرشتیاری هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال رایدەگەیەنێت، حەشدی شەعبی هەردوو كۆمەڵگەی تل قەسەب و تل بەناتیان گەمارۆداوە، کە بەشێکە لە خاکی کوردستان. دەشڵێت “بارزانی گوتی نابێت حەشد بچێتە ئەو ناوچانە”.
ماوەی سێ رۆژە هێزەكانی حەشدی شەعبی لە نزیك تەلعەفەر دەستیان بە هێرشێك بەرەو ناحیەی قەیرەوانی سەر بەقەزای شنگال كردووە، تاوەكوو ئێستاش نۆ گوندی توركمان و عەرەبنشینیان لەو ناوچەیە كۆتنرۆڵ كردووە، دوو كۆمەڵگەی گەورەی كوردی ئێزدیشیان گەمارۆداوە. دوای گەمارۆدانی ئەو دوو كۆمەڵگەیە، رۆژی 13ی ئەم مانگە مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و سەربازیی قەزای شنگال كۆبووەوە.
سەربەست لەزگین، سەرپەرشتیاری هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال كە بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردووە، بە (رووداو)ی گوت “پێش دەستپێكردنی هێرشەكە، بەرپرسێكی حەشدی شەعبی بە تەلەفۆن ئێمەی ئاگادار كردەوە، بەڵام تەنیا باسی ناحیەی قەیرەوان و بەعاجی كرد، ئێمەش پێمانگوتن نابێت بچنە ئەو شوێنانەی كوردی ئێزدی تێدایە، بەڵام ئێستا هەردوو كۆمەڵگەی تل قەسەب و تل بەناتیان گەمارۆداوە. كاتێك زانیمان پلانی خۆیان گۆڕیوە، یەكسەر سەرۆك بارزانیمان لێ ئاگاداركردەوە و ئەویش داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی كرد، بارزانی گوتی نابێت حەشد بچێتە ئەو ناوچانە”. گوتی، رێككەوتنێك لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، كە حەشدی شەعبی نەچێتە ناوچەكانی كوردی ئێزدی.
سەربەست لەزگین گوتی “دوای ئەوەی شنگال كەوتەوە دەست هێزی پێشمەرگە، هەندێ ناوچەی دەورووبەری مابوون، كە هێشتا لەدەستی داعش بوون، ئێمە هەماهەنگیمان لەگەڵ هێزەكانی عێراق هەبوو، چاوەڕێ بووین ئەوان ناوچەكانی بەعاج و قەیرەوان كۆنتڕۆڵ بكەن، ئینجا ئێمەش ئەو ناوچانەی ماون كۆنترۆڵ بكەینەوە، بەڵام خەریكە حەشدی شەعبی ئەو رێككەوتنە تێكدەدەن”.
سەربەست لەزگین ئامانجی سەرەكی ئەو هێرشەی حەشدی شەعبی ئاشكرا كرد و گوتی “ئێران دەمێكە هەوڵ دەدات لەم ناوچەیە كۆریدۆرێك بۆ سوریا بكاتەوە، پشتگیریكردنی هێزەكانی سەر بە پەكەكە لە شنگال لەلایەن ئێران و شیعەكانی عێراق هەر لەو چوارچێوەیەدایە، ئێستا ئێران دەستی بە پلانەكە كردووە لەڕێی حەشدی شەعبی و تەنیا 60 كیلۆمەتری ماوە بگاتە سنووری سوریا، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم خەونی ئێران ببێتە راستی، چونكە ئەگەر حەشد زیاتر لەوە پێشڕەوی بكات سعودیە، توركیا و ئەمریكا دێنە سەر خەت”.