تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌ندامانی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه به ئه‌ندامه‌كه‌ی پارتیشه‌وه پڕۆژه‌ی یه‌كخستنی پێشمه‌رگه‌مان به‌ده‌ست نه‌گه‌شتووه. ده‌شڵێت “پێوسته به كردار هێزه‌كان یه‌كبخرێنه‌وه”.
رۆژی 7-5-2017، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران، وه‌زیری پێشمه‌رگه و به‌رپرسانی سه‌ربازیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، ئه‌و تیمه راوێژكارییه نێوده‌وڵه‌تییه، پێشنیازەکان و كاری هاوبه‌شی خۆیان سه‌باره‌ت به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه خسته‌ڕوو، کە ئامانج یەکخستنەوەی هێزەکان و پێکهێنانی هێزێكی سه‌ربازیی تۆكمه‌ی پیشه‌یییه بۆ پێشمه‌رگه له ئاینده‌دا.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت به‌هار عه‌بدولڕه‌حمان، ئه‌ندامی لیژنه‌ی پێشمه‌رگه له په‌رله‌مانی كوردستان، لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سه‌باره‌ت به په‌سه‌ندكردنی پڕۆژه‌ی یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانەوە رایگه‌یاند: هه‌موو پرۆسه‌یه‌كی یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر به کردار بكرێت گرنگه، چونكه له رابروودشدا هه‌وڵی رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه دراوه و 14 لیوای هاوبه‌ش دروستكراوه، به‌ڵام ئه‌وەش سه‌رنجی له‌سه‌رە، چونكه ئه‌گه‌ر ئامر لیوایه‌ك سه‌ر به حزبێك بووبێت، ئه‌وا جێگره‌كه‌ی له حزبه‌كه‌ی تر بووه.
سه‌باره‌ت به رۆلی هاوپه‌یمان له یه‌كخستنی ئه‌م جاره‌ی هێزی پێشمه‌رگه ناوبراو ده‌ڵێت، پرۆسه‌ی یه‌كخستنی ئه‌م جاره‌ی هێزكان به سه‌رپه‌رشتی هاوپه‌یمانانه، به‌ڵام هاوپه‌یمانان ناتوانن كار له فاكته‌ره ناوخۆییه‌كان بكه‌ن به ته‌واوی، ئه‌گه‌ر نیه‌تی جددی نه‌بێت بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌كان.
لەبارەی رۆڵی لیژنه‌کەیان له‌م پرسه‌یه‌دا ناوبراو ده‌ڵێت، تا ئیستا ئه‌م پڕۆژه نوێیەی یه‌كخستنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌مان بۆ نه‌هاتووه، ته‌نانه‌ت به سه‌رۆكی لیژنه‌شه‌وه، كه سه‌ربه پارتی دیموكراتی كوردستانه، له ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه به فه‌رمی ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه.