نوچەنێت
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەپەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرۆکى تازە هەڵبژێردراوی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کرد، پەیوەندیى مێژوویی نێوان هەردوو گەلى كوردستان و فهرهنساش بەگرینگ دەزانێت.
ئەمڕۆ یەكشەممە 14-5-2017 نێچیر ڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکی پیرۆزباییدا رایگەیاند “بەناوى گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەبۆنەى هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونیهوه، پیرۆزبایی لە سەرۆکى تازەى فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم”.
نێچیرڤان بارزانی، لەپەیامەکەیدا ئاماژە بەوەدەدات، کە سەرکەوتنى ماکرۆن لە هەڵبژاردنەکانى فەرەنسادا، سەرکەوتنى هیواى ملیۆنەها هاوڵاتی فەرەنسى و پتەوکردنى زیاترى بنەماکانى یەکێتی ئەورووپا بوو، هەروەها گەشبینی بۆ پەرەپێدانى ئاشتى و سەقامگیریى نیۆدەوڵەتى لەگەڵ خۆیدا هێنا. هیواشی خواست، کە لە ماوەى سەرۆکایەتیى ئیمانوێل ماکرۆندا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان فراوانتر ببن و زیاتر پەرە بسێنن.
هەروەها بارزانی سوپاسى سەرۆکى پێشووى فهرهنسا، فرانسوا ئؤلاند کرد، کە سیاسەتێکى نێودەوڵەتی سەرکەوتووى پەیرەو کرد و پەیوەندییەکانى فەرەنساى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەهێزتر کرد.
دەقی پەیامەکەی سەرۆكوەزیرانی هەرێم:
بەناوى گەل و حکوومەتى هەرێمى کوردستان و بەبۆنەى هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونیهوه، پیرۆزبایی لە سەرۆکى تازەى فەرەنسا، بهڕێز ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم.
سەرکەوتنى بەڕێز ماکرۆن لە هەڵبژاردنەکانى فەرەنسادا، سەرکەوتنى هیواى ملیۆنەها هاووڵاتیى فەرەنسى و پتەوکردنى زیاترى بنەماکانى یەکێتیى ئەورووپا بوو، هەروەها گەشبینی بۆ پەرەپێدانى ئاشتى و سەقامگیریى نیۆدەوڵەتى لەگەڵ خۆیدا هێنا.
سەرۆک ماکرۆن لەناوبردنى تیرۆرى لە سەرووى لیستى کار و ئەرکەکانى دانا، هەرێمى کوردستانیش کە ئێستا لە شەرى دژ بە تیرۆردا پێشەنگە، دەخوازێت پەیوەندیی سیاسى و هەماهەنگیى سەربازی لەگەڵ فەرەنسا پتەوتر بکات تا ئاشتى و سەقامگیرى لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە نائارامی بەخۆیەوە دەبینێت، بەرقەرار بێت.
پەیوەندیى مێژووییى نێوان هەردوو گەلى كوردستان و فهرهنسا شایەنى ئاماژەپێکردنە. لە میانى سەدەى ڕابردوودا، كاتێك گەلەکەمان لە ئازار و نەهامەتیدا بوو، فەرەنسا بە بەخشندەیی دەستى هاوکارى بۆ هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان درێژ کرد. هیوادارین لە ماوەى سەرۆکایەتیى بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆندا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان فراوانتر ببن و زیاتر پەرە بسێنن.
هەر بەم بۆنەیەشەوە، دەمەوێت سوپاسى سەرۆکى فهرهنسا پێشووى بەڕێز فرانسوا ئؤلاند بکەم کە سیاسەتێکى نێودەوڵەتیى سەرکەوتووى پەیرەو کرد و پەیوەندیەکانى فەرەنساى لەگەڵ هەرێمى کوردستان بەهێزتر کرد.
دووبارە پیرۆزبایی لەگەلى فەرەنسا و سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن دەکەم.
نێچیرڤان بارزانى
سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان
14.5.2017