نوچەنێت
وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، تا پێش مانگی رەمەزان پشکنینی کەمئەندامان تەواو دەبێت و لە کۆی110 ھەزار کەمئەندام ڕەنگە تهنها 70 ھەزاریان له پشكنین دەربچن، بەمەش موچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت.
ھەمزە مەغدید، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند ”پشکنینی کەمئەندامان لەناو سەنتەری شارەکان تەواو بووە و تهنها لە دەوروبەری شارەکان ماوە. لەو شوێنانەش دەستی پێکردووە و تا پێش مانگی رەمەزان تەواو دەبێت، دواتریش ئەنجامەکان دهردهكهون و ناوەکان بۆ ئێمە دەگەڕێتەوە، کە ئێستا بەشێک لە ناوەکان گەڕاونەتەوە و ئەوانەی دیکە ماون”.
وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، هەروەها روونیکردەوە” 110 ھەزار کەمئەندام ھەیە کە موچە وەردەگرن، لەوانە 20 ھەزاریان فۆرمیان وەرنەگرتووە و لەوانەیە نزیکەی 20 ھەزاریشیان لە پشکنین دەرنەچن، بۆیە ڕەنگە 70 ھەزار کەس لە پشکنین دەربچن و وەک کەمئەندام ھەژمار بکرێن و موچەیان پێ بدرێت”.
ھەمزە مەغدید دەڵێت”حکومەت مانگانە 9 ملیار و 200 ملیۆن دینار بۆ کەمئەندامان دیاری دەکات. ئەوانەی فەرمانبەرن 60 ھەزار دیناریان پێ دەدرێت و ئەوانەی فەرمانبەر نین، 90 ھەزار دیناریان پێ دەدرێت، بەمەش دەتواندرێت موچەی کەمئەندامان زیاد بکرێت، چونکە 40 ھەزار کەس کەم دەبێتەوە، ئەمە قازانجی بۆ حکومەتیش دەبێت”.