نوچەنێت
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رايدەگەیەنێت، ماوەى پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا بۆ يەک رۆژى دیکە درێژکرایەوە.
عەباس ئەکرەم ،گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند” لەپێناو بەرژەوەندى خوازیاران و پێدانى دەرفەتى پێشکەشکردن بە خوازیاران، بڕیاردرا بە درێژکردنەوەى ماوەى پێشکەشکردن (١) یەک رۆژ ، واتە تا کۆتایی دەوامى رەسمى رۆژى یەک شەممە رێکەوتى (14-5-2017) پرۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا بەردەوام دەبێت”.
هەروەها رایگەیاند”سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران، رەزامەندى دەربڕی بۆ پێدانى لاری نەبون بۆ فەرمانبەرانى وەزارەتەکان بەمەبەستى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان”.
عەباس ئەکرەم ئاماژەی بەوەداوە، کەرێکەوتى دەستنیشانکراوى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و، رێکەوتى دەستپێکى دەوامى ئەکادیمی بۆ سیسمتەرى هاوینەى ساڵى (2016-2017) وەکو خۆى دەمینێتەوە.
سەبارەت بە پێدانى مۆڵەتى خوێندن بۆ خوازیاران لەلایەن وەزارەتەکانەوە، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند”دواى ئەوەى وەزارەتەکەمان داواى لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کرد گشتاندنێک بۆ سەرجەم وەزارەتەکان بکات، بۆ پێدانى لاری نەبون بەمەبەستى پێدانى مۆڵەتى خوێندن لە ناوەوەى هەرێم، بۆ ئەم مەبەستە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بەنوسراوى ژمارە (2048) لە ڕێکەوتى (9-5-2017) كە ئاڕاستەى سەرجەم وەزارەتەکانى کردوە، بڕیاریدا بە پێدانى لاری نەبون بۆ فەرمانبەرانى وەزارەتەکانى حکومەت بەمەبەستى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان”.