نوچەنێت
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، سێ سیناریۆ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان هەن “یەکێك لەسیناریۆکان پەرلەمانێکی ئاقڵ و بێدەنگە، کە بۆ چەند ئەرکێک پێکدەهێنرێت “.
ئەبوبەکر هەڵەدنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی رووداو، سەبارەت بە چارەسەری دۆخی هەرێمی کوردستان و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان رایگەیاند، سێ سیناریۆ بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان هەن.
هەڵەدنی هەروەها دەڵێت “یەکێك لە سیناریۆکان ئەوەیە، کە گوشارەکانی نێوخۆ و دەرەوە، دۆست و هاوپەیمانەکانمان لە ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا رۆڵیان لە کارکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دەبێت، وەکو خۆی پەرلەمان کارادەکرێتەوە و دەچێتەوە سەر کارەکانی”.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، سیناریۆی دووەم بە پەرلەمانێکی ئاقڵ و بێدەنگ ناودەبات و دەڵێت” بۆ چەند ئەرکێک پێکدەهێنرێت، ئەوەشمان لە زاری جێگری سەرۆکی پەرلەمان بیست کاتێک گوتی لەگەڵ یەکێتی و هێزی دیکە رێکدەکەوین، بۆئەوەی لەماوەی ئەو مانگەدا پەرلەمان کارابکرێتەوە“.
هەڵەدنی هەروەها دەڵێت” سێ مەبەستیشیان لەمەدا هەیە، یەکەم پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم تێپەڕێنن. دووەم یاسای هەڵبژاردن هەمواربکەنەوە و لە لیستی نیمچەکراوە بیکەنە لیستی داخراو. کاری سێهەمیشیان بەو پەرلەمانە ئەوەیە ماوەی پەرلەمان درێژبکەنەوە”.
سەبارەت بە سیناریۆی سیێەمیش رایگەیاند”چۆن ئەو ساڵ و نیوە رۆیشتووە، ئەو چوار پێنج مانگەش دەڕوات، 6ی 11 دێتە پێشەوە، پەرلەمان ماوەکەی بەسەردەچێت”.