نوچەنێت-سپۆتنیک
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە روسیا دەڵێت، گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت.
بە گوێرەی بەشی عەرەبی ئاژنسی هەواڵی سپۆتنیکی روسیا، نوێنەری پارتی دیموکرات لە روسیا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاندووە، کە پرسی گشتپرسی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بە ئەگەری زۆر لە مانگەکانی ئۆکتۆبەر یان نۆڤەمبەر بەرێوەدەچێت.
خۆشەوی بابەکر،نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە روسیا، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی ئاژانسی هەواڵنێری سپۆتنیک، سەبارەت بە کاتی بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان گوتی “ئەم گشتپرسییە لە وەرزی پاییز بەڕێوەدەچێت و پێدەچێت لە مانگی نۆڤەمبەر یان ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرێت.
خۆشەوی بابەکر راشیگەیاند “هەرێمی کوردستان داوای لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، کە بۆ چاودێری بە سەر رەوتی گشتپرسییەکە، چاودێرانی نێودەوڵەتی رەوانەی هەرێم بکات”. بابەکر هەروەها گوتیشی “بۆ ئەم مەبەستە، داواشـمان لە روسیا کردووە، کە چاودێرانی خۆی رەوانەی هەرێم بکات”.
خۆشەوی بابەکر ئەوەشی خستەڕوو “لە سەرجەم کۆنسوڵخانەکان و نوێنەرایەتییەکانی هەرێم لە وڵاتی جیهان بۆ وێنە روسیا، ئامادە کاری بۆ مەسەلەی گشتپرسی دەکەین و لەم بارەیەوە لە گەڵ وەزارەتی دەرەوەی روسیا بۆ ناردنی چاودێرانی ئەم وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان لە کاتی ئەنجامدانی گشتپرسیەکە، لە پەیوەندیداین”.