سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان ئازادکرا

0

نوچەنێت
سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دوای 10 ساڵ زیندانیکردن ئازادکرا. هەروەها لە ماوەی زینداندا چەندین جار مانی ‌‌لەخواردن گرتووە.

کەبودوەند ساڵی 2007 دەستگیرکرا و بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران، لە رێگەی دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، سزای 10 ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.     

بە گوێرەی زانیاری سەرچاوەکان، محەممەد سدیق کەبودوەند، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دوای 10 ساڵ زیندانیکردنلە گرتووخانەی ئەڤینی تاران ئازادکرا.

کەبوودوەند لە ماوەی زینداندا چەندین جار مانی ‌‌لەخواردن گرتووە، جارێک 59 ڕۆژ مانی لە خواردن گرت دژی بێبەری کردنی لە چاووپێکەوتن لە گەڵ منداڵە نەخۆشەکەیدا و هەروەها مانگرتن لە خواردن بۆ ماوەی 34 ڕۆژ دژی پێداچوونەوەی حکومەکەی.

دوای 10 ساڵ زیندانی کردن کەبوودوەند ئازادکرا، لەگەڵ ئەوەشدا نەتەوەیەکگرتووەکان داوا دەکات ئەو زیانە مادی و ڕۆحییەی بە کەبوودوەند و خێزانەکەی کەوتووە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە قەرەبوو بکرێتەوە.

محەمەد سەدیق کەبودوەند لە دایکبووی ساڵى 1963ى شارۆچکەی “دیواندەرەی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە”، ساڵی 1997 لەگەڵ چەند نووسەر و رۆشنبیری ئێرانی لە تاران رێکخراوی ” یەکێتی بۆ دیموکراسی لە ئێران”یان دامەزراند، بەڵام “دوای تیرۆری” سەرۆکی ڕێکخراوەکە زۆربەی ئەندامانی رێکخراوەکە پەرتەوازەبوون.

کەبوودوەند دواتر و لە ساڵى 2003 بووە سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی “پیام مردم”، ڕۆژنامەکە بە “دەنگە دلێر و ئازاکەى ڕۆژهەڵاتی کوردستان” ناسرابوو. بەوپێیەی بۆ یەکەمجار بوو ڕۆژنامەیەک لە ناوخۆی ئێرانەوە بە ڕاشکاوی باسی پرسی کورد لە ئێراندا بورووژێنێت، بەڵام ڕۆژنامەکە دوای دەرچوونی تەنها 12 ژمارەی و لە ساڵى 2004دا لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە داخرا.

کەبودوەند دواتر لە ساڵی 2005دا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی دامەزراند، ڕێکخراوەکە لەلایەکەوە هەوڵى دەدا لە ڕێگەی سمینار و کۆبوونەوەوە ئاستی ڕۆشنبیری هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ زیاد بکات و لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵی دەدا وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار بکاتەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

کەبودوەند لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی چالاکییەکانیەوە چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی پێدراوە، لەوانە ساڵی 2008 لەلایەن هیومەن رایتس وۆچەوە خەڵاتی “هێلمەن هامێت”ی پێدرا، ساڵی 2009 لە بەریتانیا خەڵاتی ڕۆژنامەنووسی ساڵی 2009ی پێدرا، کە خەڵاتەکە بە خەڵاتی ئۆسکاری ڕۆژنامەنووسانی بەریتانیا ناسراوە و ساڵی 2010 لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراو و کەسایەتییەوە بۆ خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ کاندید کرا.

ASLI

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com