نوچەنێت-رووداو
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە و ئەندامێکییی فراکسیۆنەکەش دەڵێت “عەبادی گوتوویەتی پاڵپشتی لە پەکەکە ناکەین”.
شەوی 11-5-2017 فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، عوسمان دۆسکی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاندووە “لە کۆبوونەوەکەدا باس لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر کراوە و بە ئاشکرا ئەوەمان بە عەبادی گوتووە، کە هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی و نابێ بەغدا بە بابەتێکی مەترسیدار لێی بڕوانێت”.
عوسمان دۆسکی گوتی، رەوشی شنگال و بوونی پەکەکە لەو سنوورە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە، عەبادی پێی راگەیاندووین، کە ئاڵۆزی نێوان پەکەکە و تورکیا کاریگەری لەسەر عێراق هەبووە. ئاماژەی بەوەشکردووە، کە کێشەی پەکەکە کێشەیەکی تورکی-تورکییە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، حەیدەر عەبادی گوتوویەتی “بەهیچ جۆرێک پاڵپشتی پەکەکە ناکەن”.