گۆڕان: تائێستا یەک خاڵی رێککەوتنەکەمان لە گەڵ یەکێتی جێبەجێ نەکراوە

0

نوچەنێت: تایبەت

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، رێککەوتنی سیاسی یەکێتی و گۆڕان تائێستا یەکخاڵیشی جێبەجێ نەکراوە و دەشڵێت “ئەگەر یەکێتی وەکو پێویست نەیەتە پێشەوە، ئەوا ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

رێکەوتنی یەکێتی و گۆران نزیکەی ساڵێکە واژۆکراوە، لە سەرەتاوە ئومێدێکی زۆری لە سەر هەڵچنرا، بەڵام تا ئێستا ئەنجام و بەرهەمی زۆر کەمترە لەو خاڵانەی لە سەریان رێککەوتن و واژۆیان لەسەرکرا، بەگوێرەی رێککەوتنەکەش، دەبوایە ئاسانکاری بکرایە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی حکومەتی خۆجێی پارێزگای سلێمانی و دەستا و دەستکردنی پۆستەکان بەشێوەیەکی دیموکراسی، بەڵام تائێستا کێشەکانی حکومەتی خۆجێی لەو پارێزگایە چارەسەر نەکراوە.

لە لێدوانێکی تایبەت نوچەنێت، د.غالب محمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە فراکسیۆنی گۆڕان لەبارەی رێککەوتنی سیاسی، یەکێتی لەگەڵ گۆڕان رایگەیاند: رێککەوتنی سیاسی یەکێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان، تائێستا یەکخاڵیشی جێبەجێنەکراوە، ئەلف تا یائی رێککەوتنەکە بە جێبەجێ نەکراوی ماوەتەوە.

هەروەها لەبارەی رێککەوتنی ئیدار ی خۆجێیەتی پارێزگای سلێمانی حزبەکەی لەگەڵ یەکێتی گوتی “بەشێکی زۆری رێککەوتنەکەیان، جێبەجێ نەکراوە، چونکە لە کۆی پۆستەکان، ئێمە تێدا 33 پۆستمان بەرکەوت، بەڵام تائێستا ئەو پۆستانەمان بەتەواوی وەرنەگرتووە”.

غالب محمەد ئەوەشی خستەڕوو، کە پۆستی بەڕێوبەرەکانیش لەسنوری پارێزگای سڵێمانی، خۆی لە 1100 پۆستی ئیداری دەبینێتەوە، بەگوێرەی رێککەوتنی خۆجێیی، دەبوایە ئەو پۆستانە بەسی ڤی پڕ بکرانایەتەوە، بەڵام ئەوەش جێبەجێ نەکراوە و گوتی “سەرجەم ئەو پۆستانە لەئێستادا لەلایەن یەکێتییەوە بەڕێوەدەبرێت لەپارێزگای سلێمانی و هیچ لایەنێکی تری تێدا نییە”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەپێویستی دەزانێت، کە یەکێتی و گۆڕان بەیەکەوە هەوڵی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان بدەن و دەڵێت “ئەگەر یەکێتی وەکو پێویست نەیەتە پێشەوە بۆ جێبەجێکردنی، ئەوا رێککەوتنەکە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com